پۆندی دینارتە بە بەرزیی 11مەترو توانای گلدانەوەی 479852 مەتر سێجا ئاو كرایەوە

پۆندی دینارتە بە بەرزیی 11مەترو توانای گلدانەوەی 479852 مەتر سێجا ئاو كرایەوە
گوڵان/ بەهادین جەلال
عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە یاوەریی شاندێك كە لە ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكارو كارمەندانی وەزارەت پێكهاتبوو، سەردانی پۆندی باژێڕەیان كرد و لەنزیكەوە بە شێوە و شێوازی چۆنێتیی سوود لێوەرگرتنی ئاشنابوون، ئەم پۆندە كە دەكەوێتە سنووری شارۆچكەی ئاكرێ بەرزییەكەی 18 مەترەو توانای گلدانەوەی 570000 مەتر سێجای ئاوی هەیە, بە گوژمەی 1157248000دینار لەسەر بوودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكراوەو توانی بەراوكردنی 500 دۆنم زەویی كشتوكاڵی هەیە، دواتر سەردانی قایمقامییەتی ئاكرێی كردو لە لایەن مازن محەمەد سەعید قایمقامی شارۆچكەكەو بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی دهۆك و سەرۆكی فەرمانگەكانی كشتوكاڵ و یەكە ئیدارییەكانەوە پێشوازیكران، دواتر بە ئامادەبوونی عەباس غەزالی پەرلەمانتاری كوردستان چەندین كێشەو پڕۆژەی كشتوكاڵی دەڤەرەكە قسەو باسیان دەربارەكراو رێوشوێنی گونجاو بۆ هەندێ گرفت دەست نیشانكرا، هەر لەم سەردانەیدا بۆ ناوچەكە عەبدولستار مەجید بە یاوەریی شاندەكەو قایمقامی ئاكرێ و مەهرام لەقمان بەڕێوەبەری شارەدێی دینارتە لە رێوڕەسمێكدا پۆندی دینارتەی كردەوە، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو باسی لە پڕۆژەكانی بەنداوو و پۆندەكان كرد كە وەزارەت تا ئێستا ئەنجامی داون یاخود لە بواری جێبەجێكردندان، لەم بارەوە گوتی: 20 بەنداو لەژێر دەستدان بەڵام 15 یان وەستاون لەبەر قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان ناتوانرێت تەواوبكرێن، پێنج لەو بەنداوانە لەئێستادا كاریان تێدا دەكرێت، روونیشی كردەوە كە لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان قسەی كردووەو داوای دابینكردنی بڕی 11 ملیار دیناری كردووە كە بە دابینكردنی ئەو پارەیە لەماوەی 6 بۆ 8 مانگ وەزارەت لە توانایدایە 8 بەنداو تەواو بكات، مەترسیی شەڕی ئاویش یەكێك بوو لەو خاڵانەی كە عەبدولستار مەجید ئاماژەی پێكردو گوتیشی: لە ئێستادا وڵاتانی جیهان و ئیقلیمیش بە تایبەتی خەریكە شەڕی ئاو بەرپادەكەن و لە داهاتووشدا پێویستە هەرێمی كوردستان خۆی بۆ ئەم شەڕە ئامادەبكات، بۆیە بەهەدەرنەدانی سامانی ئاو سوودی بۆ وڵات دەبێت و هۆكارێكە بۆ گەیشتن بە ئاسایشی ئاو كە بۆ كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزارو چەندین بواری دیكە سوودی لێوەردەگیرێت، هاوكات وەڵامی چەندین پرسیاری پەیامنێرانی میدیاكانی دایەوە كە پەیوەست بوون بە كشتوكاڵ و پلان و بەرنامەی ئێستاو داهاتووی وەزارەت، شایانی باسە پۆندی دینارتە دەكەوێتە شارۆچكەی ئاكرێ و بەرزییەكەی11مەترەو توانای گلدانەوەی 479852 مەتر سێجا ئاوی هەیەو بە گوژمەی 937075700 دینار لەسەر بوودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكراوەو بۆ ئاودێری و گەشتوگوزار هاووڵاتیانی دەڤەرەكە سوودی لێ وەردەگرن.
Top