مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت

مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت
مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی خەزێنەکان کراوە. رۆژی سێشەممەی داهاتووش مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەدرێت.

شۆڕش غەفووری، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "بەبڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە مووچەی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ لە قوتابخانە و خوێندگاکان رەوانەی خەزێنەکان کراوە".

هاوكات یوسف جەلال، گوتەبێژی پەروەردەی رانیە لەبارەی دابەشکردنی مووچەی دوو مانگی مامۆستایان لە سنووری پەروەردەی رانیە گوتی "بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن و مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری پەروەردەی رانیە دەتوانن رۆژی سێشەممە بەرواری 30-8-2016 سەردانی بەشی ژمێریاری فرۆشگا بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی چەکی پارەی هەردوو مانگی (یەک و دوو)ی مامۆستایانی وانەبێژ".

یوسف جەلال گوتیشی "دەتوانن هەمان رۆژ و رۆژانی دواتریش سەردانی بانکی رانیە بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی پارەی مامۆستایانی وانەبێژ".

بەپێی زانیارییەکانی رووداو لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ لە چەند پەروەردەیەكی دیكە دابەشکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمموز دەکرێت و بەپێی راگەیێندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، یەكەم وەزارەت مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێت.



rudaw
Top