تەکنەلۆژیا بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی زیاتركردووە

تەکنەلۆژیا بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی زیاتركردووە
زیاتر لە دوو ساڵە بەشێکی زۆری جووتیاران بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرە پێشکەوتووەکانی کشتوکاڵ بەرهەمەکانیان زیادیکردووە.

مورشید سەعید، جووتیار، کە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە کاری کشتوکاڵ دەکات، بەهۆی بەکار‌هێنانی ئامێرە پێشکەوتووەکان، بەگوتەی خۆی بەرهەمەکانی بۆ نزیکەی 90% زیادیانکردووە.

پێنج ساڵ رێکخراوی جایکای ژاپۆنی لەڕێگەی پسپۆرانی کشتوکاڵی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ کاریکردووە، بە کردنەوەی خولی راهێنان و هاندانی جووتیاران بۆ ئەوەی هەمان ئەو سیستەمانە بەکاربێنن کە وڵاتان کاریپێدەکەن.

عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ رێکخراوی جایکا پێنج ساڵە کاردەکەن بۆ ئەوەی بەشێوازێکی زانستییانە و بە تەکنەلۆژیای نوێ جووتیاران کاربکەن، بەگوتەی ئەو "بێگومان ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەم زیادبکات و بەرهەمی تەندروستریش لە جاران بەرهەمبێت".

لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی بەشێکی زۆری جووتیاران گەڕانەوە سەر کاری کشتوکاڵی، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێکانی کشتوکاڵی وەک ئامێری ئەلیکترۆنی ئاودان، کە رێژەی کەمتری ئاو بەکاردێت، کاری کشتوکاڵی بۆ جووتیاران ئاسانترکردووە.

خەسرەو مامەند، پسپۆڕی کشتوکاڵی پێیوایە، ئەگەر جووتیاران بەو شێوازەی کە ئێستا هەیە زیاتر سیستەمی نوێ و ئامێرەکان بەکاربهێنن، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی هەم بەرهەمی کشتوکاڵی زیاتربێت و هەمیش لە رووبەرێکی کەم بەرهەمێکی زۆریان هەبێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەهۆی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا نوێکانی کشتوکاڵی؛ ئامێری مەرەشە، قەترە ،دڵۆپاندن و چاودێری چری بەرووبوومەکان، بە بەراورد بە دووساڵی رابردوو، ئەمساڵ بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان رێژەیان بۆ نزیکەی 30% زیادیانکردووە.




rudaw
Top