مووچەی سەدان فەرمانبەر رادەگیرێت و مووچەی پێشتریشیان لێ وەردەگیرێتەوە
August 2, 2016
راپۆرتەکان
![مووچەی سەدان فەرمانبەر رادەگیرێت و مووچەی پێشتریشیان لێ وەردەگیرێتەوە](https://gulanmedia.com/public/old_images/articles/pare.jpg )
بەپێی بەڵگەنامەکە کە لە ١٥ی ٧ی ٢٠١٦ بە فەرمانی بریکاری وەزارەتی دارایی دەرچووە ئەوە خراوەتە ڕوو، بڕیار دراوە بە ڕاگرتنی مووچەی ٨٢ فەرمانبەر لەگەڵ ١٥٧ فەرمانبەری تر کە ناوەکانیان لە ٨ لیستی جیاوازدایە.
سەبارەت بە ھۆکاری راگرتنی مووچەی ئەو کەسانە، وەزارەتی دارایی ڕوونی کردووەتەوە: "ئەو کەسانە لە کۆمپانیا نەوتیەکان کار دەکەن و لە ھەمان کاتدا فەرمانبەرن و مووچە لە دامودەزگاکانی حکوومەتیش وەردەگرن".
بەپێی خاڵێکی تری بڕیارەکەی بریکاری وەزارەتی دارایی، سەرەڕای ڕاگرتنی مووچەی ئەو کەسانە، کۆی ئەو مووچانەی ئەو کەسانە لە حکوومەت وەریانگرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە و پاشان دەگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی حکوومەت.
بەپێی لیستی ناوی ئەو کەسانە کە دەست (باس) کەوتوون، ھەیانە لە ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ و ٢٠١١ لە کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەت مووچە وەردەگرن، کەچی لە مانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٦ مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، ئەویش پاش ئەوەی زانیویانە حکوومەت دەست بە ئیجرائات دەکات.
ئەو ٢٣٩ کەسەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، لە وەزارەت و دامەزراوە جیاجیاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن و زۆربەی ئەو کەسانەش لە پاڵاوگەکانی کۆمپانیای کار، کار دەکەن.
ئاشکراکردنی ناوی ئەو کەسانە لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بووە و بڕیارەکەش لە لای ئەوانەوە دەرچووە.
مەدینە ئەیوب، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، ئەو کەسانەی لە حکوومەت و کۆمپانیا نەوتییەکان مووچەیان وەرگرتووە، بە دوو مووچەیی ئەژمار دەکرێن، گوتی: "دەبێت یەک مووچەیان ھەبێت و ئەو مووچانەی تریش کە لە حکوومەت وەریانگرتووە بە قیست بێت یان بەشێوازی تر بۆ حکوومەتی بگەڕێننەوە، ئەگەر ئۆتۆمبێل یان خانوویان ھەبێت دەبێت بیفرۆشن و پارەکەی پێ بگەڕێننەوە، چونکە ئەو پارەیە مافی گشتییە".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ھەڵە لە سیستەمی حکوومەت و وەزارەتی دارایی بووە کە وا چەند ساڵە ئەو کەسانە دوو مووچەیان ھەبووە و کەسیش نەیزانیوە: ”ھەیە ٤ مووچەش وەردەگرێت، بەڵام چاوپۆشیی لێ کراوە".
مەدینە ئەیوب ڕەخنە لە وەزارەتی دارایی دەگرێت بەوەی، ئاماری تەواوی فەرمانبەران و مووچەکانیان لە لای ئەوانە، بەڵام بە جدی ئیجرائاتیان نەکردووە.
باسنیوز