بە تێچووی پتر لە 4 ملیۆن و 623 هەزار دۆلار بەنداوی قادركەرەم كرایەوە کەتوانای كۆكردنەوەی 1.400.000 م٣ ئاوی هەیە

بە تێچووی پتر لە 4 ملیۆن و 623 هەزار دۆلار بەنداوی قادركەرەم كرایەوە کەتوانای كۆكردنەوەی 1.400.000 م٣ ئاوی هەیە
گوڵان-بەهادین جەلال
بە چاودێری و ئامادەبوونی بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و بە یاوەریی بەڕێز دەرباز كۆسرەت رەسول وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن بەنداوی قادركەرەم كرایەوە، لە رێوڕەسمی كردنەوەی بەنداوەكە كە بەرپرسانی ئیداریی دەڤەرەكەو و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و جەماوەرێكی زۆر ئامادەی بوون، عەبدولستار مەجید لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاو دەستگاكانی راگەیاندن دووپاتی كردەوە كە وێڕای ئەو قەیرانە ئابووری و داراییە و نەبوونی بودجەی پێویست و شەڕی داسەپاوی داعش و ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام وەزارەت بەپێی تواناو بەرنامەی خۆی لە هەوڵی بەجێگەیاندنی پڕۆژەكاندایە، ئاماژەی بەوەش كرد كە بەنداوی قادركەرەم یەكێكە لەو 17 بەنداوەی كە تا ئێستا كراونەتەوەو 20 بەنداوی دیكەش لە قۆناخی تەوابووندان یان دیزاینیان بۆ كراوە، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجە تەواونەكراون، جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەم بەنداوە سوودێكی زۆری بۆ هاووڵاتیانی ناوچەكە بە تایبەتیش جووتیاران هەیە بۆ بەراوكردنی زەوییەكانیان، هەروەها بۆ گەشەكردنی بواری گەشتیاری و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان، دەستخۆشيشی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەنداوەكان كرد كە راستەوخۆ سەرپەرشتی پڕۆژەكەی كردووە تا گەیشتۆتە قۆناخی كۆتایی، هاوكات سوپاسی كۆمپانیای جێبەجێكارو بەڵێندەری كرد كە توانیویانە بە پێی دیزاین و نەخشەی بەنداوەكە ئەم پڕۆژەیە ئەنجام بدەن، روونیشی كردەوە كە راستەوخۆ لەگەڵ رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان قسەی كردووەو جەختی لەسر دابینكردنی بڕی 11 ملیار دینار كردۆتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بەو پارەیە 8 بەنداو لە ماوەی چەند مانگێك تەواو بكەن، دواتر دەرباز كۆسرەت علی لە وتەیەكدا دەستخۆشی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كردو دووپاتی كردەوە كە كردنەوەی ئەم بەنداوە زۆر گرنگە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی دەڤەرەكەو ئاماژەی بەهەندێك پڕۆژە كرد كە وەزارەتەكەیان لەم ناوچەیە جێبەجێی دەكات، شایانی باسە بەنداوی قادركەرەم لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، لیژنەی هاوبەشی باڵای بووژاندنەوەی گەرمیان بەسەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوو كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو ئەنجامدراوە، كۆمپانیای (زەریا+ژیناب) لە ماوەی 2011 تاكو 2015 جێبەجێی كردووە، پتر لە 4 ملیۆن و 623 هەزار دۆلاری تێچووەو بە 1272 رۆژ تەواوبووە، بەرزیی بەنداوەكە 20 مەترەو درێژییەكەی 100 مەترو پانییەكەی 86.5 مەترە، بەنداوەكە توانای كۆكردنەوەی یەك ملیۆن و400 هەزارمەتر سێجا ئاوی هەیە، مەبەستی سەرەكی لە دروستكردنی بریتییە لە گلدانەوەو كۆكردنەوەی ئاو لە وەرزی باران باریندا، هاوكات بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی، هەروەها بەراوكردنی 400 دۆنم لە زەوی وزارو باخ كە كەوتوونەتە خوارەوەی بەنداوەكە، وێڕای سوود وەرگرتن بۆ بەخێوكردنی ماسی و مەڕوماڵات و گەشتیاری.
Top