دكتۆر جەودەت جەعفەر خەتابپسپۆڕی یاریدەدەر و شارەزا لە بواری بانك بۆ گوڵان:ژێرخانی ئابووری و كاركردن لە بانكەكان لاوازە هەر بۆیە نەتوانراوە سووڕانەوەی پارە خێراتر بكرێت

دكتۆر جەودەت جەعفەر خەتابپسپۆڕی یاریدەدەر و شارەزا لە بواری بانك بۆ گوڵان:ژێرخانی ئابووری و كاركردن لە بانكەكان لاوازە هەر بۆیە نەتوانراوە سووڕانەوەی پارە خێراتر بكرێت
سەبارەت بە رۆڵی بانكەكان بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی ئەو سیاسەتە چەوت و پاوانخوازییە نەختینەییەی بەغدا پەیڕەوی دەكات، كە كاریگەری توندی لەسەر بەهای دیناری عێراقی و تەنانەت لاوازبوونی بانكەكان هەیە، دكتۆر جەودەت جەعفەر خەتاب پسپۆڕی یاریدەدەر و شارەزا لە بواری بانك بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.

«یەكەمینجار نییە گرفت و قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان روو دەدات. لە ساڵی 1991 لە دوای كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی بەغدا بە دەزگای بانكیشەوە لە هەرێمی كوردستان ئەو بۆشاییە كارگێڕی و نەختینەییە سەریهەڵدا.
ئەوە بوو بەهیچ شێوەیەك بەغدا مامەڵەی لە سەرجەم ئاستەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەدەكرد، ئەو كاتە وەزارەتی دارایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەكە پرسی بە شارەزایانی بانكی و نەختینەیی كرد بۆ رێكخستنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتەكان بە رەچاوكردنی دۆخەكە. ئەوە بوو بانكی ناوەندی كوردستان بە هەیكەلێكی نوێ دامەزرا، كە جگە لە كاروبارە دارایی و نەختینەییەكان چەندین بواری دیكەی وەكو چاودێری و بەدواداچوونی بۆ سەر كاروباری بانكەكان لە ئەستۆ گرت، بەڵام ئەركی چاپكردنی دراوی نەدەكرد، واتە ئەو بانكە دوو ئەركی سەرەكی نەدەكرد، ئەویش كۆنتڕۆڵكردنی پارە لە رێگەی چارەسەری سیاسەتی نەختینەییەوە، هەروەها مامەڵەكردن لەگەڵ دەرەوە. واتا بەرپرسیارە لە سیاسەتی دارایی و نەختینەیی حكومەت و چارەسەركردنی گرفتی خستنەڕووی پارە و راگرتنی نرخەكەی. كەواتە لەم ئەزموونەوە بۆمان دەردەكەوێت هەر نەتەوەیەك بیەوێت لە پاشكەوتەیی دەربازی بێت، دەبێت هەنگاوی بوێر بنێت، ئەو كات وەكو ئەمری واقیع ئەو هەنگاوە دەچەسپێت و لە دان و ستاندن و رێككەوتنەكانیش سوودی دەبێت. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكەین كە هۆكاری بێ بەهابوونی نرخی دینار، یاخود ناسەقامگیری نرخەكەی، بۆ بانكی ناوەندی عێراق ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ كەموكوڕی ئابووریی عێراق دەگەڕێتەوە كە شوێنەواری لەسەر هەموو بوار و كەرتەكان هەیە، لەسەرووشیانەوە كەرتی دارایی و نەختینەیی، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە ئێمە كەرتی بانكی پشتگوێ بخەین. هەمووشمان دەزانین بیرۆكراتیەت و ئاستەنگە ئیدارییەكان چەندە زۆرە لە ناو دامەزراوە حكوومییەكان لە كاتێكدا فەرمانبەرانی زیادە لە كەرتی بانكی حكوومی هەیە، بەپێچەوانەی بانكی ئەهلی كە چوار پێنچ فەرمانبەر هەموو ئەركەكە جێبەجێ دەكەن. هەروەها بانكەكانمان كەموكورتییان هەیە لە بواری فەرمانبەرانی لێهاتووی شارەزا، واتا دەرامەتی مرۆیی لە ئاست پێشكەوتنەكانی سەردەمدا لاوازە، ئەم سێ هۆكارە بوونەتە هۆی لاوازبوونی توانای بانكی كە لە هەژماركردنی قازانج و زیان بەشێكی زۆر بۆ خەرجییەكانی مووچەی فەرمانبەران و پاداشت دەچێت. لایەنێكی تری كەموكورتیی كەرتی بانكی لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە لاوازیی ئاسانكاری و شارەزایی بانكی كە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی مامەڵەكارانی بانكی و هەروەها لە غیابی توێژینەوەی كەڵكی ئابووری بۆ ئەو قەرزانەی كە بانك دەیدات، زۆر لەو قەرزانە سوودیان بۆ پێشخستنی كەرتەكان نەبووە. هەروەها ژێرخانی كاركردن لە بانكەكانی كوردستان لاواز و كلاسیكییە و زۆر بە كەمی تەكنەلۆژیا بەكاردەهێندرێت، لەكاتێكدا لەجیهانی دەرەوە بە ئەلەكترۆنی كراوە. ئەمانە هەموویان وایانكردووە دەستاودەستكردنی پارە رۆتین و سست و سووڕانەوەی لاواز بێت. لەكاتێكدا چەند دەستاودەستكردنی پارە خێراتر بێت، جموجوڵێكی زۆر بە ئابووری دەدات و لە دیاردەی بێبازاڕی دەربازمان دەبێت.
راسپاردەكان بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی بانكەكان:
1. دووبارە چاوخشاندنەوە بە موڵكداری بانكەكان و چۆنیەتی میكانیزمی كاركردنیان.
2. واباشترە موڵكداری بانكەكان بۆ دامەزراوەی سەربەخۆ بگوازرێنەوەو لە رێگەی ئەنجومەنی كارگێڕییەوە بەڕێوە ببرێن.
3. بانكەكان بكرێنە كۆمپانیای هاوبەش لەنێوان كەرتی تایبەت و حكوومی، یان هەندێك لە بانكەكان بەتایبەت بكرێن و شێوازی بانكی پشكدار دابمەزرێ.
4. خێراكردن لە دەركردنی یاسای بانكەكان بە شێوەیەك لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەمدا بگونجێن.
5. جێبەجێكردنی سیستەمی بانكی ئەلەكترۆنی.
6. پەیڕەوكردنی سیستەمی ئەلەكترۆنی بۆ تەسوییەی ژمێركاری چەكەكان .
7. گرنگیدان بە كادیری بانكی لە رێگەی – دامەزراندنی پەیمانگایەكی تایبەت بۆ پێگەیاندنی فەرمانبەرانی بانك – دانانی پڕۆگرام و هەیكەلی پەیمانگاكە- هەروەها دانانی كۆمەڵەیەك بۆ بانك.
8. هاندانی هاتنی بانكە بیانییەكان كە رۆڵی لە باشكردنی ئاستی خزمەتگوزاری بانكی و پێشخستنی شێوازی كاركردن و بە ئەلەكترۆنیكردنی بانكەكان دەبێت (گەرچی ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی لاوازبوونی بانكە كوردستانییەكان، چونكە توانای كێبڕكێی بانكە پێشكەوتووەكانیان نییە، بۆ چارەسەركردنی ئەم كەموكورتییەش پێویستە بانكە كوردستانییەكان بە هاوشێوەی بانكە بیانییەكان ئاستی خزمەتگوزاری و توانایان پێش بخەن).
9. هانی بانكەكانی كوردستان بدرێت بۆ دانانی سندوقی وەبەرهێنان بە مەبەستی فراوانكردنی ئاستی وەبەرهێنان.
10. بانكەكان هانبدرێن بۆ مامەڵەكردن بە دراوە بیانییەكان، یان پێدانی قەرز بەو دراوانە.
11. پلانێك بۆ یەكگرتنی بانكەكان دابڕێژرێت بۆ دروستكردنی یەكێتی گەورەی بانكەكان .
12. نەرمێتی نواندن لە دیاریكردنی نرخی سوود كە بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی ئابووری هەرێم» .
Top