زەمینەی گەشتوگوزاری لەبارە فەرهەنگی گەشتیاری بوونی نییە

زەمینەی گەشتوگوزاری لەبارە  فەرهەنگی گەشتیاری بوونی نییە
مەهاباد حەفید: پێویستە هاوكاری كەرتی تایبەت بكەین بەتایبەتی لە ئەنجامدانی ماستەرپلان بۆ ناوچە گەشتیارەكان
ئەگەر سەیری باری ئابووری زۆربەی ئەو وڵاتانە بكەین كە سامانی سروشتی وەكو نەوتیان نییە، دەبینین بەشێوازە جۆراوجۆرەكانیەوە بەشێكی زۆریان پشت بە گەشتوگوزار دەبەستن و ساڵانەش داهاتێكی زۆر بۆ ئابووری ئەو وڵاتانە دابین دەكەن و دەبنە هۆی پێشكەوتن، بێگومان ئەمەش بەپلان و بەرنامەیەكی تۆكمە و داڕێژراو دەبێت كە ئامانجی سەرەكی فەراهەمكردنی زەمینەیەكی باشی حەسانەوەیە بۆ گەشتیار هەر لە شوێنی حەوانەوە تا شوێنە گەشتیارییەكان و تاد...
پارساڵ لەناكاو ژمارەیەكی زۆری گەشتیار لەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر ڕوویان لە كوردستان كردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەكی زۆر لەشوێنە گەشتیارییەكان و شارەكانیش بەشێكی زۆری ئەم گەشتیارانە شەویان لەسەر شەقام و شۆستەكان دەكردەوە، هەق بوو ئەوكات لایەنە بەرپرسەكانی گەشتوگوزار پلانێكی تۆكمە و شارستانیانەیان هەبوایە بۆ ئەوەی ئەمساڵ رووبەڕووی هەمان گرفت نەبنەوە، بەڵام ئەمساڵیش بەهەمان شێوە گرفتەكە دووبارە بۆوە و ژمارەی گەشتیاران زۆر لەوە زیاتربوو كە پێشبینی دەكرا روو لە كوردستان بكەن، ئەمە سەرەڕای دانانی بەرنامەیەكی بەدیل بۆ حەوانەوەیان وەك دانانی چادر، بەڵام وڵاتێكی وەك كوردستان كە لەبارە بۆ گەشتوگوزار بەهەموو جۆرەكانیەوە وەك سرووشتی و كات بەسەربردن و گەشتیاری كولتووری و تەنانەت ئایینی و تەندروستیش پێویستی بەپلانێكی رێكوپێكتر هەیە، بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە بە پێویستمان زانی چەند لایەنێكی پێوەندیدار بەم مەسەلەیە بدوێنین.
سەرەتا خاتوو مەهاباد حەفید بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی لەبارەی كێشە و گرفت و كەموكوڕییەكانی ناوچە گەشتیارەكانی سلێمانی بەگشتی و لەم ماوەیەدا گرفتەكان پتر دیاربوو و وتی «نەك پارێزگای سلێمانی، بەڵكو هەموو كوردستان هەر لە سروشتەوە وڵاتێكی جوان و رازاوەی گەشتیاریە و دەتوانرێ شوێنە گەشتیارییەكان بكرێنە بنەما و فاكتەرێكی گرنگ و سەرەكی داهات، بەڵام رژێمەكانی عێراق زۆر گرنگیان بەم شوێنانە نەداوە، بەڵكو لەدوای راپەڕین وڵاتێكی وێرانیان بۆ بەجێهێشتووین و ئێستاش لەماوەی ئەو(19) ساڵەی كە حكومەتی كوردستان ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك فەراهەم كردووە، ئەولەویەتی پتر داوەتە ئاوەدانكردنەوەی گوند و شار و شارۆچكەكان و ژێرخانی خزمەتگوزارییەكان كە پێداویستی رۆژانە و ژیانی خەڵكە، وەكو ئاوی خواردنەوە و رێگەوبان و كارەبا و كەرتی كشتوكاڵ و. تاد،هاوكات ئەمنیەتی وڵات، بۆیە نەتوانراوە بە تەواوی بكەوینە سەر گرنگیدان بەكەرتی گەشتیار و بەشێوەیەكی سادە و ساكار ماوەتەوە و پتر پشتمان بەستووە بەكەرتی تایبەت بۆ برەودان بەكەرتی گەشتوگوزار و پێویستە ئێمەش هاوكاری كەرتی تایبەت بكەین بەتایبەتی لە ئەنجامدانی ماستەرپلان بۆ ناوچە گەشتیارەكان، لەسلێمانی توانیومانە چەند شوێنێك ماستەرپلانی بۆ بكەین، هاوكات ناوچە گەشتیارییەكانمان كەموكوڕی زۆریان هەیە، بەتایبەتی پێویستە رێگەوبانیان بۆ دروست بكەین و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە و ئاوڕۆ و كارەبا و پێداویستیەكانی دیكەی رۆژانە بۆ گەشتیاریان بكرێت، ئینجا وەبەرهێن دەتوانێ دەست بكات بە پرۆژەی گەشتیاری وەكو هوتێل و مۆتێل و ریستورانت و كافتریا. زۆركەم دەنا هیچ كارێك بۆ ناوچە گەشتیارییەكان نەكراوە لەبەر ئەوەی بودجەیەكی یەكجار كەم بۆ ئەم بوارە تەرخانكراوە، كە بەشی هیچ كار و پڕۆژەیەك ناكات، دەتوانم بڵێم بودجەكەشمان هەر بەشی ئەوە دەكات كە لەمانگی(3)وە تا كۆتایی مانگی(9) كاری پاككردنەوە بۆ ناوچە گەشتیارییەكان ئەنجام بەدەین.
ئەمساڵ لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق نزیكەی (20) هەزار كەس و لە رۆژهەڵاتیشەوە(6تا7) هەزار كەس هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەكانی سلێمانی و ناو سلێمانی، كەمی ژمارەی هوتێلەكان و كارنەكردنی هەندێ لە چێشتخانە و فڕنەكان وایكرد گەشتیار پێداویستییەكان و حەوانەوەیەكی باشی دەست نەكەوێت، هەرچەندە پێش هاتنی جەژن هەڵمەتێكمان كرد و گەڕاین بەناو شار و چووینە لای ئوتێل و موتێل و رێستورانت و نانەوخانەكان كە ئاگادارمان كردنەوە كە پێویستە رۆژانی جەژن لە كاركردن بەردەوامبن بۆ پێشوازی كردن لە گەشتیاران، بەڵام بەداخەوە هەندێكیان پابەند بە ئاگادارییەكە نەبوون و ریستۆرانت و كافتیریا و نانەواخانەكان داخران، زۆربەشیان لەبەر ئەوەی كرێكارەكانیان لە شارۆچكە و شارەكانی دیكە هاتبوون، لەم جەژنەدا گەڕابوونەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان، بەڵام پێویستە خاوەن كارەكان پارە و مانگانەی پتر بدەنە كرێكارەكان لەو رۆژانەدا تاوەكو لە كارەكانیان بەردەوامبن، لەلایەكی دیكە هۆتیل و رێستۆرانتەكان ئیستغلالی بارودۆخەكەیان كردبوو بەوەی نرخی زیاد لە پێویستیان بەرزكردبووەوە كە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر گەشتیارەكان دروستكرد، بە راددەیەكی ئاوا رێژەی زیادكردنی نرخەكانیان لەسەدا 200 تا 300 بەرزكردبووەوە».
هەروەها لە وەڵامی ئەوەی بۆچی نەتوانراوە كەرتی گەشتوگوزار لە كوردستان پێشبخرێت، ئایا حكومەت بودجە و پاڵپشتی تەواوی دابین نەكردووە، یاخود نەبوونی فەرهەنگێكە لەلای ئێمە بۆ كەرتی گەشتوگوزار؟ لەمبارەوە مەهاباد حەفید وتی «ناوچە گەشتیارییەكان پێویستی بە ئاوڕدانەوەیەكی جددی هەیە و دەبێ بودجەیەكی پێویستی بۆ تەرخان بكرێت و هاوكاری و هەماهەنگی بكرێن لەلایەن پارێزگا و شارەوانییەوە، پێویستە لە وەرزەكانی گەشتیاری و جەژن و بۆنەكان ئامادەكاری باش و پێشوەختە بكرێت تاوەكو رووبەڕووی ئەم گرفت و كەموكوڕیانە نەببینەوە وەكو ئەمەی لەم جەژنی رەمەزانە هاتە پێش. بەلایەنی كەم پێویستە وەكو هەولێر خێمە هەڵبدرێت و پێشوازی پێویست لە گەشتیاران بكرێت.
هەروەها پێویستە لەسەر حكومەت پلان و بەرنامەیەكی تێروتەسەل دابڕێژێت بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی گەشتیاری لەناوچەكان، كە وابكات وەرز لەدوای وەرز و ساڵ لەدوای ساڵ گەشتیار پتر ئارەزوو بكات رووبكاتەناوچە گەشتیارییەكان، نەك بێزاربێت و شوێنی حەوانەوەی ناخۆش بێت، وەكو ئەمەی لەم جەژنە هاتە پێش.
هۆكارێكی دیكە كە كاریگەری خراپی لەسەر بواری گەشتوگوزار دروستكردووە ئەوەیە كە حكومەت زۆر جەختی لەسەر نەكردۆتەوە، چونكە لەكاتی خۆی گەشتوگوزار دوو دەزگابوو لە هەردوو ئیدارە، پاشان بووە وەزارەتێكی سەربەخۆ و لە كابینەی تازەش خرایەوە سەر وەزارەتی شارەوانی كە ئەم وەزارەتە خۆی لە خۆیدا وەزارەتێكی بەرفراوان و گەورە و پڕ لە كێشەیە، بۆیە ئەگەر سەیر بكەیت دەبینی گەشتوگوزار لە راستیدا بەرە بەرە بەرە و دواوە چووە، گەرچی ئەمساڵ بودجەیەكی بۆ تەرخانكراوە ئەمەش بەپێی خواست و داواكاری ئێمە نییە بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتێكی بەرچاوی گەشتوگوزار بكەین، ئەم بودجەیەی تەرخانكراوە دامان ناوە بۆ رێگەی ئەحمەداوە كە رێگەیەكی یەكجار سەختە و لەگەڵ چەند پڕۆژەی دیكە.
لە كۆتاییدا خاتوو مەهاباد حەفید وتی «لە ناوچەكانی گەشتیاری سلێمانی شوێنی گەشتیاری كولتووری و ئایینیش هەیە كە كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ بكرێت لە پاڵ شوێنە گەشتیارەكانی دیكە داهاتێكی بەرچاو مسۆگەر دەكات..
بۆپتر شرۆڤە كردن و خستنەڕووی گرفت و كەموكوڕییەكانی گەشتیاری لە كوردستان و بەتایبەت لە دەڤەری سۆران چەند پرسیارێكمان لە كرمانج عزەت قائیمقامی قەزای سۆران كرد، ئەویش تایبەت بە گوڵان هاتە دوان و وتی «كەرتی گەشتوگوزار یەكێكە لە گرنگترین فاكتەرەكانی ئاوەدانكردنەوە و بەرەپێشەوەبردنی وڵات و یەكێك لەو بنەمایانەی كە پێوەری شارستانیەت و پێشكەوتنی پێوە دەكرێت گەشتوگوزارە، لەئەنجامی شەڕەكانی عێراق بەگشتی بواری گەشتوگوزار لەكوردستان لەناوچووە و هیچ ژێرخانێكی خزمەتگوزاری نەما. هەستانەوە و خستنەوە كاری بواری گەشتیاری كار و بودجە و پڕۆژەی باشی دەوێت بۆ ئەوەی بتوانی لەئاستی ئەوە دابێت پێشوازی لە گەشتیار بكرێت و ئارەزوو خۆشییەكانی بۆ مسۆگەر بكەیت.
دەڤەری سۆران بەگشتی شوێن و جێگەیەكی زۆری گەشتیاری تێدایە و سرووشتەكەی خۆی وا دروستبووە، بەڵام ئەگەر پێداویستی و كارە خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەم شوێنانە ئەنجام بدرێت، ئەوە بارێكی زۆر جوان و شایستە دێتە كایە و ناوچەیەكە توانای پێشوازییەكی زۆری گەشتیار هەیە، هەروەكو لەم سێ رۆژەی جەژن دیتمان، ئەگەر هاتوو پێداویستییەكانی وەكو ئاو و كارەبا و رێگەوبانی شیاو و هوتێل و رێستۆرانت و پێداویستی خزمەتگوزاری دیكە دەستەبەر بكرێت بۆ شوێنە گەشتیاریەكان، بەتایبەتی بۆ گەلی عەلی بەگ و جوندیان و بێخاڵ و ئازادی و حاجی ئۆمەران و مەلەكان. تاد.
ئەوە چەندجار لەم ژمارەیە پتر گەشتیار روودەكەنە لامان.
هەروەها لەناو سۆران ئۆتیل و ریستۆرانت و شوێنی حەوانەوە زۆر كەمە، نەحكومەت و نەكەرتی تایبەت و سەرمایەدارانی خۆماڵی نەهاتوون كار لەمبوارە بەرهەمێنە بكەن، كە دەتوانم بڵێم بەیەك وەرزی گەشتیاری سەرمایەكەیان بەدەست دەهێنینەوە.
هەروەها رێگەوبان كێشەی سەرەكی ئێمەیە و، پێشوازیكردن لایەنێكی دیكەی گرنگە كە دەتوانرێ گەشتیار بۆ لای خۆت رابكێشیت، ئەمەش پێویستی بەكادیر و كارمەندی ناوەندی گەشتیاری شارەزا و پسپۆرە كە دەرچووی پەیمانگا و كۆلێژ بن، هاوكات لەشوێنە گەشتیارییەكان پێویستە یاریگای منداڵان و لاوان و گەوران و شوێنی پشوو و كات بردنە سەر و مەلەوانگە و شوێنی خلیسكانێی بەفرو شاخەوانی هەبێت، هەر هەموو ئەمانەشمان نییە. هۆیەكەشی بۆ یەك هۆكاری گرنگ و گەورە دەگەڕێنمەوە كە ئەویش ئەوەیە حكومەت پلان و بەرنامەی لە بواری گەشتیاری تائێستا سەركەوتوو نەبووە، بە تێڕوانینی من ئەمبوارە نەكەوتۆنە ناو پلان و گرنگیدانێكی فراوانی تەواو و راستەوخۆی حكومەت، راستە ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزارمان هەیە، بەڵام ئامادەباشی لەلایەن حكومەتەوە لەم ئاستەدا نەبووە كە بتوانرێ كار و پڕۆژە بۆ كەرتی گەشتیاری ئەنجام بدرێت و پلان و بەرنامەیەكی پێشوەختەی وانەبوو كە پێشوازی لە هەزارەها گەشتیار بكات، بۆیە كە گەشتیار بەم شێوەی بینیمان روویان لە كوردستان كرد، لە گشت لایەن و بوارێك گرفت هاتە پێشەوە و خاوەن شوێن و كابینە و ئۆتێل و ریستۆرانتەكان بارودۆخەكەیان قۆستەوە و نرخەكانیان چەند بەرامبەر زیاد كرد، لە ئەنجامدا گەشتیار هەبووە توانای نەبووە لە ئۆتێل و خانوو و شوێنەكان بمێنێتەوە و لەسەر شەقام و شۆستە و باخچە و شوێنە گشتییەكان نووستن، ئەمەش زۆر ئازاری داین لەدڵ و ویژدانەوە تاساوم و زۆر دڵتەنگی كردم، هەروەها مەلەكان لەساڵی 1961 ناوچەیەكی ئازادكراو بوو تا ساڵانی ئەنفالەكان گەرچی گەشتیار كەم رووی تێكردووە، گەرچی ئەمجارە گەشتیارێكی زۆر لە مەلەكان هەبوو تا ئاستێكی ئاوا شوێن نەمابوو، ئەگەر سەیری بناری هەڵگورد دیوی سیدەكان بكەین چەند دەریاچەیەكی هەیە كە جوانترین دیمەن دەبەخشن، ئەگەر پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەشتیاری بۆ ئەم ناوچەیە بكرێت لەئاستی وڵاتانی پێشكەوتووە و خەڵك و گەشتیار سەردانی دەكەن، بەڵام بەداخەوە هیچی بۆ نەكراوە، گەلی عەلی بەگ بەهەمان شێوەیە بە خزمەتكردن دەگاتە ئاستی شوێنە گەشتیارەكانی دنیا كە وێنەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە».
قائیمقامی سۆران لە بارەی پلان و بودجە و هاوكاریكردنی كەرتی تایبەت لەلایەن حكومەت دا وتی: «پلان و بەرنامەكان لە جێگەی خۆی نییە بۆ ئەمبوارە، بەپێی پێویست گرنگی و بودجە تەرخان نەكراوە و هاوكاری و پاڵپشتی كەرتی تایبەت لەم لایەنەوە كەمبووە. هاوكات كەرتی تایبەت و دەوڵەمەندانی خۆشمان نەهاتوونەتە پێش و نازانن سەرمایەكانیان لە بواری گەشتیاری بەگەڕ بخەن، بەڵام ئەم ژمارە زۆرەی گەشتیارانی ئەمساڵ وانیشان دەدات كە ساڵانی داهاتوو گەشتیار چەند بەرامبەر لەم ژمارەیە زیاتر دەبێت، بۆیە وا لە حكومەت و كەرتی تایبەت دەكات كە بۆ پێشوازی كردنی گەشتیاران كار و پڕۆژەی پێویست ئەنجام بدەن. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تا ئێستا لە بواری راگەیاندن و ریكلامكردن بۆ ناوچە گەشتیارییەكان كاری نەكردووە كە ئەمە لەوڵاتان زۆر گرنگی پێدەدرێت و بودجەی بۆ تەرخان دەكرێت، چونكە بە راگەیاندن و ریكلامكردن شوێنە گەشتیارییەكان بە دنیای دەرەوەش دەناسێنی و گەشتیاران پتر رووی تێدەكەن، دابینكردنی ئاسایشی شوێنەكان و خۆشكردنی رێگەو بانەكان و گرنگیدان بەلایەنی پاكوخاوێنی و تەندروستی هۆكارێكی دیكەی كاریگەرە لەسەر پتركردنی خواست و هاتنی گەشتیاران، چونكە كە گەشتیار دێتە ناوچە گەشتیارییەكان دەیەوێت دڵنیابێت لەژیانی و سەرەوەری و دەیەوێت خۆشی ببینێت، كە دێت بۆ لەزەت وەرگرتن لە بینینی دیمەنە سرووشتییەكانی كوردستان، دەبێت ئەمانەی بۆ دابین بكرێت و دەبێ عەقڵیەتی گەشتیاری پیادە بكرێت و ئیغرای گەشتیار بكرێت بۆ ئەوەی جاری تر لەگەڵ خەڵكی دیكەش بێنەوە بۆ ناوچەكە و پێویستە تەلەفزیۆنێكی تایبەتمان هەبێت بۆ بواری گەشتیاری و پیشاندانی ناوچە گەشتیارییەكانمان، هەروەها پێویستە كۆلێژ لە بواری گەشتیاری لە زانكۆی سۆران بكرێتەوە بۆ ئامادەكردنی كادیر و كارمەند و شارەزایانی بواری گەشتیاری، ئەمە گفتوگۆی لە بارەوە كراوە و خراوەتە بەرنامەش، چونكە بۆیە بەكادیر و كارمەندی شارەزا و پسپۆر و ئەكادیمی زۆر كێشە و گرفت لەم لایەن و بوارەدا بنبڕدەبێت، لایەنێكی دیكە ئەو كرێكار و كارمەندە بیانییانەی لە ناوچە گەشتیارییەكان كاردەكەن زۆر كاراتر و ئیشكەرترن لەو كرێكارەی هی ناوچەكە خۆیەتی، ئەوانەی خۆمان گەر كاریش بكات مانگێك دوو مانگە دواتر واز دەهێنێ و بەمەش بۆشایی و كەموكوڕی دێتە پێش، گەرچی كرێكار و كارمەندی بیانی زۆر باشترە و كاردەكەن و پابەندن بەدەوام و رێنماییەكان و هەموو ئیشێكیش دەكەن، ئەمەش ئەسڵی كێشە و گرفتەكەیە، واتە ئێمە تا ئێستا كولتوور و فەرهەنگی گەشتیاریمان نییە، ئەگەر بتەوێت بواری گەشتیاری پێشكەوێت، دەبێ فەرهەنگی كولتووری و گەشتیاریت هەبێت. لەئاستی هەڵسوكەوت و لەئاستی پێداویستی گەشتیاری و گرنگیدان بە ئامادەكاری و ئیغرای تایبەتی بۆ ئەوەی گەشتیار بۆلای خۆت رابكێشێت لە دەرەوە بۆ سۆران.
لەكۆتاییدا بەڕێزیان وتی «دەڤەری سۆران زۆر خەڵكی دەوڵەمەندی هەیە، پێمان خۆشە هەر ئەوان پێش خەڵكی تر سوود لەم كەرتە وەربگرن، بەڵام تائێستا هیچ دەستپێشخەرییەك بەدی ناكەین، بۆیە لێرەوە بەپێویستی دەزانم بڵێم هەر دەوڵەمەندێك بیەوێت پڕۆژەی گەشتیاری لە دەڤەرەكەمان ئەنجام بدات، ئێمە لەزۆر رووەوە هاوكاری و پاڵپشتیان دەكەین».
كرمانج عزەت:
لەدەڤەری سۆران حكومەت و كەرتی تایبەت و سەرمایەدارانی خۆماڵی بەپێی پێویست نەهاتوون كار لە بواری گەشتوگوزاری بكەن

بۆ پتر تیشك خستنە سەر ئاستی گەشتیاری و كەموكوڕی و گرفتەكانی و چۆنیەتی پێشخستنی ئەم كەرتە، عەبدوڵڵا یوسف سەرۆكی دەزگای گشتی گەشتوگوزار تایبەت بە (گۆڤاری گوڵان) وەڵامی چەند پرسیارێكی داینەوەو لەسەرەتادا لەبارەی ئاستی گەشتوگوزار و خراپی و نەبوونی خزمەتگوزاری لە ناوچە گەشتیارییەكان و هۆكاری و نەبوونی پڕۆژەی گەشتوگوزار وتی «لە مێژووەوە كوردستان سەنتەرێكی گەشتوگوزاری بووە بۆ عێراق و وڵاتانی دەوروبەر، بەتایبەتی وڵاتانی خەلیج، چونكە ئێمە چوار وەرزی جیاوازمان هەیە، لەكاتی خۆشی ئەوەی ئێمە بە بیرمانە لە ساڵانی (60 و 70)كان هاووڵاتیانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە وەرزی هاوین ژمارەیەكی زۆر ڕوویان لەهاوینەهەوارەكانی كوردستان دەكرد و بە درێژایی ئەم وەرزە دەمانەوە و ئێستاش بە بەردەوامی گەشتیاری شارەكانی دیكەی عێراق دێنە كوردستان بەتایبەتی لەبەر خراپی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی كە هەیە لەگەڵ كەمی خزمەتگوزاری بەڕێژەیەكی پتر گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق روو دەكەنە شار و ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان، هەر چەند وەكو دەبینین و دەزانین ناوچە گەشتوگوزارییەكانمان بەگشتی كەموكوڕیمان هەیە بەتایبەتی لە بوارەكانی خزمەتگوزاریدا، بەڵام جوانی سرووشتەكە و لایەنی ئەمنی كوردستان زۆر لەبارە و دەتوانم بڵێم(100%) بارودۆخی ئاسایشی شار و شارۆچكەكان و سەرتاپای كوردستان هێمن و پارێزراوە و لەلایەكی دیكە لەم دواییەدا ئامادەكاری و ئاسانكارییەكی زۆر كراوە بۆ هاتنی هاووڵاتیانی عێراق بۆ كوردستان. لە هەموو وڵات و شوێنێك دەبێ هەندێ بنەما و هۆكار هەبن كە وابكات گەشتیار رووی تێبكات، لەمانە سرووشت و لایەنی رووحی خەڵك و میللەتە بۆ هەڵسوكەوت و پێشوازی كردنی گەشتیاران. لە راستیدا لایەنی سرووشتی لە كوردستان زۆر لەبارە و خەڵكەكەشی لەدێر زەمانەوە بەناوبانگە كە میللەتی كورد میللەتێكی روخۆش و سروشت چاكن بۆ میوانان و روحێكی لێبوردەیی و پێشوازی گەرمیان هەیە بەتایبەتی بۆ غەریبەو گەشتیاران، بەڵام تا ئێستا لەبەر بارودۆخی عێراق كە لەبار نییە و ئێمەش بە بەشێك لەعێراق حیساب دەكرێین، ئەمەش كاریگەریەكی زۆر خراپی لەسەر كوردستان دروستكردوە، بەتایبەتی لەلایەنی ئەوەی كە كۆمپانیای بیانی و كەرتی تایبەت ناتوانن بێن وەبەرهێن بكەن، لەم كەرتی گەشتوگوزارەشدا كە لایەنێكی گرنگ و بەرچاوە لە كوردستان تا ئێستا كاروپڕۆژەی زۆری بۆ ئەنجامدراوە و ئێمە ئاسانكاری زۆرمان كردووە و هەوڵمانداوە كۆمپانیای جۆراوجۆر لە وڵاتان بەتایبەتی وڵاتانی پێشكەوتووی گەشتیاری بێنە كوردستان و پرۆژەی جۆراوجۆری گەشتیاری ئەنجام بدەن، بەڵام تا ئێستا زۆر بە دەگمەن بە دەنگمانەوە هاتوون، چونكە وەكو وتم بارودۆخەكەی عێراق كاریگەری لەسەریان هەیە، وا ناكات متمانە دروست بكەن و بێن، هەر چەندە گفتوگۆمان لەگەڵیان كردووە و بۆمان سەلماندوونە كە كوردستان ناوچەیەكی ئارامە و بەتەواوی بارودۆخەكەی جیاوازە لەگەڵ خواروو ناوەڕاستی عێراق. لە كابینەی تازەی حكومەتی كوردستان كە بەڕێز سەمیر ئاكرەیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارە
عەبدوڵا یوسف:
لەكوردستان
شوێنی گەشت و گوزاریمان زۆرە، بەڵام رۆشنبیری و
فەرهەنگی گەشتیاری لاوازە
شەخسی خۆی بەدواداچوون و پلان و بەرنامە دادەڕێژیت بۆ پێشكەشكردنی هەموو كار و پڕۆژەیەك بۆ ناوچە گەشتیارییەكان و بەڕێزیان زۆر بە ورد و بە بەرنامە جەخت لەسەر كار و پڕۆژەكانی گەشتیاری دەكاتەوە و ئێستا هەوڵیداوە كە ماستەر پلانێكی سەرتاسەری بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان ئامادە بكرێت كە یەكە یەكە شوێنی پڕۆژەكان و خزمەتگوزارییەكانی لێی دیاریكراوە و ئەمەش لە پاش ئەوەی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و سنووری بۆ دادەنرێت كە چۆن و لە چەند ماوە كارەكان ئەنجام بدرێت، تا لە داهاتوویەكی نزیكدا گەشتوگوزار ببێتە یەكێك لە هۆكارەكانی داهات بۆ كوردستان، چونكە گەشتوگوزار نەوتێكی لەبن نەهاتووە و داهاتەكەشی زۆر و دیارە و ئەم كێشە و گرفتانەی لە جەژنی رەمەزانی پیرۆز هاتە پێشەوە، لە راستیدا چاوەڕوانی ئەوە نەدەكرا خەڵك بەم رێژەیە روو لە كوردستان بكات، لەگەڵ ئەمەش ئامادەباشی پێشوەختە نەكرابوو، هەر چەندە لەهەولێر خێوەتگامان لە چەند شوێنێك دانا، بەڵام لەبەر كەمی هوتێل و رێستۆرانت بەگشتی لە كوردستان و كەمی ژێرخانی خزمەتگوزاری وەكو ئاو و كارەبا و رێگەوبان و بەرزبوونەوەی نرخی هوتێل و كابینە و خواردەمەنی، وای لە زۆر لەگەشتیاران كرد كە شێوەی بێزارییان پێوە دیار بێت، هەرچەند بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار و لایەنی دیكە هەوڵیاندا لەو هوتێلانەی هەیە جێگە دابین بكەن بۆ گەشتیاران، بەڵام بێسوود بوو، چونكە ژمارەی گەشتیاران زۆر زیاتر بوو. ئێستا ژمارەیەكی زۆر هوتێل لە ژێر دروستكردندان بەتایبەتی لەلایەن كەرتی تایبەت، لە یەك ئەستێرەوە تا دەگاتە هوتێلی (5) ئەستێرە و پلە نایاب، ئەمەش بەهاوكاری و پاڵپشتی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.
هەروەها ئێستا خەریكی ماستەرپلانێكین كە لە تەواوبوونە بۆ پڕۆژەیەكی زۆر گەورە و بەرفراوان كە لەسەر چیای سەفین دروست دەكرێت و لە قۆناغی ئەوەداین راگەیاندنی بۆ بكەین تاوەكو چەند كۆمپانیایەك و كەرتی تایبەت بێن پڕۆژەكە وەربگرن، كە بڕی تێچوو بۆ ئەم پڕۆژەیە (500) ملیۆن دۆلارە، ئەم پڕۆژەیە بەردێكی زۆر گەورە لەسەریەك دادەنێ بۆ گەشەكردنی گەشتوگوزار لە كوردستان بەتایبەتی لە سنووری پایتەختی كوردستان كە گەشتیار لە هەولێرەوە بە(35) تا (45)دەقیقە بە ئۆتۆمبێلەكەی دەگاتە سەر چیای سەفین و ناو ئەم كۆمەڵگەیە گەورە و هاوچەرخە گەشتیارییە».
عەبدوڵڵا یوسف سەرۆكی دەزگای گشتی گەشتوگوزار لەبارەی بڕی بودجەی تەرخانكراو بۆ گەشتوگوزار و چۆنیەتی گەشەكردن و عەقلیەتی گەشتیاری لە كوردستاندا وتی «بۆ كەرتی گەشتیاری پتر هەوڵمانداوە كەرتی تایبەت رۆڵی خۆی ببینێت، بەڵام ئەمەش لەبەر خراپی بارودۆخی عێراق و ئێمەش لەسەر عێراق حیساب دەكەن، بۆیە وەبەرهێنەر نەهاتووە كار و پڕۆژە لەمبوارە ئەنجام بدات، هەروەها لە ساڵانی رابردوو بودجەیەكی زۆر كەم بۆ گەشتوگوزار تەرخانكراوە كە نەتوانراوە پڕۆژە و ژێرخانی خزمەتگوزاری پێی چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەمساڵ تا راددەیەك بودجەكە زیاتر كراوە، گەرچی ئەمەش بەپێی داواكاری و پێداویستی كێشە و گرفتەكان نییە، لەلایەكی دیكە چونكە كەرتی تایبەت تا ئێستا نەهاتۆتە مەیدان، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنی پێوەندیدار هەستن بە ئەنجامدانی هەندێ پڕۆژەی گەشتیاری لەشوێنە جیاجیاكان و چارەسەركردنی گرفتەكانی خزمەتگوزاری تا بە مە سەرمایەداران و بەرهەمهێنەران دڵنیابن لە بارودۆخەكە و ئەوانیش بێن بەشداربن لە گەشەكردن و برەودان بە كەرتی گەشتیاری و لەلایەكی دیكە پێویستە یاسای ئێمە هێز و توانای هەبێت، لەگەڵ ئەمەش بڕیاری باڵا دەست رۆڵ و كاریگەری خۆی ببینێت.
هەروەها گەشتیاری پێویستی بە رۆشنبیری كەمپینگ هەیە و زۆر گرنگە، لە كوردستاندا بەهۆی ئەو قەرەباڵغیەی رۆژانی جەژن هاتە پێش، دەست بەجێ لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاردرا كە دەست بكرێت بە دروستكردنی كەمپینگی جێگیر و بەردەوام، ئێستا دەستمان بەمكارە كردووە بە بڕیار و چاودێری بەڕێز سەمیر عەبدولڵا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەبێ سەرەتا لە شوێنی كەمپینگەكان خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەكان دابین بكرێت، ئینجا پڕۆژەكان ئەنجام بدرێت و كار و پڕۆژەكانی گەشتیاری پڕۆژە و كاری تەواوكارین پێوەندی بە هەموو وەزارەتەكانەوە هەیە لەكارەكانی بۆ گەشتیار دەكرێت هەر لەهاتنی لە فڕۆكەخانەوە تا دەگەڕێتەوە، هەروەها پێویستە كێشەی لوغم(مین) لە كوردستان چارەسەر بكرێت، هەرچەند ماوەی چەند ساڵە كار لەسەر هەڵگرتنەوەی مین دەكرێت، بەڵام لە هەندێ شوێن هەر ماوە. بە جددی بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆمان لەگەڵ دەستەی مین كردووە بۆ ئەوەی چارەسەری یەكجارەكی ئەم گرفتە كوشندە و ترسناكە بكرێت، هاوكات عەقڵیەتی گەشتیاری یەكێكە لەو هۆكارە گرنگانەی كە دەبێتە هۆی زیادكردن و گەشەكردنی گەشتوگوزار و هاتنی گەشتیار، لە راستیدا میللەتی كورد لە كۆنەوە و مێژوو سەلماندوویەتی كە عەقڵیەتێكی كراوە و گونجاوی هەیە و توانای گۆڕانكاری هەیە و میللەتێكی روو خۆش و لێبوردەیە و لە پێشوازی و بەدەنگەوە هاتنی میوانان ئامادەباشی زۆرمان هەیە، هەرچەندە رێز گرتنی گەشتیاران بە ئەرك دەزانرێت، بەڵام دەبێ هاووڵاتیانی كوردستان لە رووی ماددییەوە سوود لە گەشتیاران وەربگرن، ئەمەش لە ئاستی خۆیدا نەك ئیستیغلالی گەشتیار بكرێت و نرخەكان چەند بەرامبەر زیاد بكرێت. لەمبارەشەوە دەبێ ئێمە و لایەنی دیكە لیژنە دیار بكەین و بەدواداچوون بكرێت و ئاگاداری نرخەكان بین و دەبێ هەوڵبدرێت كادیری ناوەندی شارەزا و پسپۆر لەبواری گەشتیاریدا زیاد بكرێت، نابێ ئێمە كرێكار و كارمەند بە ئاسانی بێنینە ئەم بوارەوە، ئەوانەی تا ئێستاش پتر كار لەكەرتی گەشتیاری دەكەن برایانی ئێزدی و مەسیحین، چونكە خەڵكەكەی كوردستان بە گشتی عەقڵیەت و رۆشنبیری گەشتیاریان نییە و زۆر لەم كارانەی لە بواری گەشتیاری هەیە تەقەبوولی ناكەن، هەر چەندە لە ماوەی(20) ساڵی رابردوو لە رێگەی ئەو خەڵكانەی لە ئەوروپا هەمانە و بەهۆی TV و ئینتەرنێت و بوارەكانی دیكەی عەولەمە تێڕوانینی خەڵكەكە باشتر بووە، دەبێ ئێمە عەقڵیەتی گەشتیاری لەلامان دروست بێت بۆ ئەوەی گەشتوگوزار بكەینە لایەنێكی ژیان و خۆشگوزەرانی و داهات بۆمان، بۆیە دەبێ هەوڵبدرێت گەشتیار بۆلای خۆمان رابكێشین، ئەمەش بەوە دەبێ كە ئامادەكاری و داواكاری گەشتیار دابین بكرێت، ئەویش وەكو(هوتێل و ریستۆرانت و كافتیریا و و گازینۆی و...تاد)، چونكە گەشتیار ئەمانەی دەوێت و ئێمەش كە ناوچەی گەشتیارمان هەبێ دەبێ هەموو پێداویستییەكیان بۆ ئامادەبكرێت. چەند هەڵسوكەوتمان لەگەڵ گەشتیاران باشتر بێت، ئەوەندە گەشتیار زیاد دەكات، بە گشتی دەتوانم بڵێم شوێنی گەشتیاریمان زۆرە، هەر لە جوانی سروشتەكەیەو تا دەگاتە كولتووری و ئایینی، بەڵام عەقڵیەت و فەرهەنگی گەشتیاریمان نییە، یاخود زۆر لاوازە. بۆیە لێرەدا دەڵێم پێویستە(TV)ی تایبەت بە گەشتوگوزار هەبێت یا لەو (TV)ییانەی هەمانە بەتایبەت ئاسمانییەكان گرنگی بە گەشتیاری و ناوچە گەشتوگوزارییەكانمان بدرێت و لە راگەیاندنی وەزارەت ریكلام بۆ گەشتوگوزار بە بەردەوامی بكرێت و كادیر و كارمەندی پسپۆر و شارەزا لە بواری گەشتوگوزار ئامادەبكرێت و دابمەزرێن، بە جێبەجێكردنی هەموو ئەمانە گەشتوگوزار لەماوەیەكی زۆر كەمدا لە كوردستان پێش دەكەوێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لە ناوچە گەشتیارییەكان دەبینین، ئەمە گەشتوگوزار نییە، چونكە گرفت و كەموكوڕی خزمەتگوزاریان زۆرە.
Top