گوڵی حه‌سه‌ن: هیچ كات پێشكەوتنی دراما بەهۆی گرتەی رۆمانسییەوە نابینم

گوڵی حه‌سه‌ن: هیچ كات پێشكەوتنی دراما بەهۆی گرتەی رۆمانسییەوە نابینم
گوڵی حەسەن، خانمە ئەكتەری شۆخ و شەنگ، كە لە دایكبووی ساڵی 1971ـی شاری سلێمانییە، لە دیدارێك بۆ گۆڤاری گوڵان دەڵێت: «تا قۆناغی ئامادەییم خوێندووە، بەڵام هونەر بۆ من شتێكی نوێ نەبووە، چونكە هەر لە منداڵیمەوە خولیای هونەری نواندن بووم و خۆشبەختانە ئێستا یەكێكم لە ئەكتەرە دیارەكانی بواری نواندن لە كوردستان، ئەگەر گرنگییشم پێ بدرێ، هەوڵ دەدەم ببم بە ئەستێرەیەكی دیاری جیهانی لە كاری نواندندا.
دیدار: محەمەد جەمال

* یەكەم كاری نواندن كە بەشداریت تێدا كرد چی بوو؟
- یەكەم كاری هونەریم كورتە فیلمی «قەوان» لە دەرهێنانی «عزەدین قادر» بوو، دواتر لە چەندین كورتە فیلمی وەكو «هەر كاتێك، ئامەد، دوا چارەنوس» و چەندین كورتە فیلمی دیكە بەشداریم كردووە، هەروەها بەشداریم لە فیلمی درێژی «نامۆ» كردووە، كە لە دەرهێنانی «مەریوان ئیبراهیم» بوو، جگە لەمەش، لە درامای «چیڕۆكەكانی ژیان، چپەی رابردوو، سەراب، سەمای تەرزە، سەرێك و هەزار كڵاو» بەشداریم كردەوە، بێگومان كاری زۆرتریشم كردووە.
* بۆچی درامای «سەراب» تا ماوەیەكی زۆر هیچ كەناڵێك ئامادە نەبوو وەری بگرێ و پەخشی بكات؟
- هۆكاری درەنگ وەرگرتنی درامای «سەراب» لە كەناڵەكان دەگەڕایەوە بۆ زۆر شت، یەكێك لەوانە بەهۆی كەمیی بودجەیانەوە بوو، كە نەیان دەتوانی ئەو پارەیە لە پێناوی خەرج بكەن، هۆكاری دووەمیش لەبەر هەبوونی درامای دۆبلاژكراوی بیانی بوو، كە بەو هۆیەوە زۆر گرنگی بە بەرهەم و دراما خۆماڵییەكان نادرێت، بێگومان هۆكاری دیكەش هەبوون.
* نوێترین كاری هونەریت چییە؟
- نوێترین كاری هونەریم درامای «گورگەكان»ـە، كە لە دەرهێنانی میهران شیرییە و هێشتا نەكەوتۆتە بەر دیدی بینەران و كارێكی زۆر جوان و پڕۆفیشناڵانەیە، لە دراماكەدا من خێزانی قادرم، ئەویش یەكێكە لە گەورە مافیاكانی نێو دراماكە و منیش ئاگاداری كارەكانی ئەو نیم، تەنیا بیرم لە پارە و خۆشی دەكردەوە و نەم دەزانی ئەو پارە و سامانەی چۆن دەست دەكەوت، چونكە لە دراماكەدا ئێمە لە خێزانێكی هەژار بووین، بەڵام لە پڕێك دەوڵەمەند بووین و كەوتووینە خۆشییەوە، هەروەها لە ئێستادا هەنگاو بەرەو كاری نووسینی سیناریۆ و دەرهێنان دەكەم و دەمەوێ لەپاڵ ئەكتەری، ببم بە دەرهێنەر.
* ئایا تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەكت ئەنجام داوە كە خۆت كاری نووسین و دەرهێنان و ئەكتەریی بۆ بكەیت؟
- بەڵێ، لە ساڵی 2019ـەوە پڕۆژەیەكم هەیە و كاریشم لەسەر كردووە، ئەویش كورتە فیلمێكە بەناوی «ئێرە خراپترە» واتە خۆم كاری نووسینم بۆ كردووە، لە هەمان كاتدا ئەكتەر و دەرهێنەری كورتە فیلمەكەش هەر خۆمم، كورتە فیلمە لەناو ژنانی زیندانیانە و باس لە خراپیی بارودۆخ و ژیانی ژنانی ناو زیندان دەكات و دەمەوێت ئەو پەیامە بە هەموو ژنانی كوردستان بگەیەنم، كە زیندان خراپترین شوێنە بۆ ژیان.
* قەیرانی دارایی تا چەند هۆكارە بۆ ئەوەی دۆخی سینەما و دراما لە كوردستان بەرەو لاوازبوونی زیاتر بڕوات؟
- بێگومان قەیرانی دارایی هۆكاری سەرەكییە بۆ كەمیی بەرهەمهێنانی فیلم و درامای كوردی، لە هەمان كاتدا دراما دۆبلاژكراوەكانیش هۆكارێكی دیكەن، چونكە ئەوان لە رووی دراماوە پێشكەوتوون و درامای دوور و درێژ بەرهەم دەهێنن و بینەرێكی زۆریان بۆخۆیان راكێشاوە.
* ئایا هۆكاری پێشكەوتنی دراما بیانییەكان گرتەی وروژێنەر و رۆمانسییە؟
- من هەمیشە لەگەڵ پێشكەوتنی هونەری كوردیدام، بەڵام عادات و كولتوورەكەی لا نەدات، هیچ كات لەگەڵ ئەو جۆرە رەفتارانەدا نیم و هیچ كاتێكیش ئەوە بە پێشكەوتن نازانم.
* بۆچی رەخنە لە بینەران دەگریت بە هۆی پەیوەستبوونیان بە درامای بیانییەوە، لەهەمان كاتیشدا خۆت كاری دۆبلاژ بۆ دراما بیانییەكان دەكەیت؟
- زۆر راستە، بینەر كات زۆرتر بۆ بەرهەمە بیانییەكان تەرخان دەكەن، چونكە دراما بیانییەكان حاڵەتی پۆزەتیڤیشیان هەیە، وڵاتان لە رێگەی دراماكانیانەوە ئاشنامان دەكەن بۆ زۆر شتی تایبەت بە خۆیان لە رووی كولتوور و جوانی كاڵاكانیان و شارەكانیان و بەرهەمەكانیان، هەروەها چۆنیەتی رەفتارەكانیان لەگەڵ منداڵ و گەنج و پیر و بە ساڵاچووان و خەڵكی دیكە، پاشان لە رووی نواندنەوە زۆر بەهێزن، بۆیە كاتێك ئێمە كاری دۆبلاژ بۆ بەرهەمە بیانییەكان دەكەین، خۆشمان سودی زۆریان لێ دەبینین بۆ كارەكانی خۆمان.
* كام لە كارەكانت زۆر خۆشەویستن و جیاوازن؟
- تەواوی كارەكانم بە دڵە و شانازی بە هەموویانەوە دەكەم، بەڵام لە هەموویان زیاتر شانازی بە كورتە فیلمی «دوا چارەنوس» دەكەم، چونكە خەڵاتی باشترین ئەكتەرم بەبۆنەی ئەم كارەمەوە لەلایەن ناوەندی رۆشنبیریی پێشمەرگەوە پێ بەخشرا.
* ئایا خەونت ئەوەت هەیە كە ببیت بە ئەستێرەیەكی دیاری جیهانی؟
- بێگومان خەونی هەموو هونەرمەندێكە ببێتە ئەستێرەیەكی جیهانی، منیش ئەم خەونەم هەیە و ئەگەر گرنگیم پێ بدرێت زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانم، چونكە لە رووی نواندنەوە زۆر بە توانام و هەوڵیش دەدەم، بەڵام بەشێوەی خۆ بردنە پێشەوە نا، بەڵكو بەهۆی نواندنی جوانەوە دەمەوێت بەم خەونەم بگەم.
Top