ئەحلام حەجی: كاری خێرخوازی بەشێكی گرنگی ژیانی منە

ئەحلام حەجی: كاری خێرخوازی بەشێكی گرنگی ژیانی منە
شاجوانی پێشووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئەحلام حەجی) دووپاتی كردەوە كە ئەنجامدانی كاری خێرخوازی، بەتایبەتی یارمەتیدانی منداڵان یەكێكە لەو كارانەی كە بەردەوام هەوڵی بۆ دەدەم و لەو رووەوە درێغی ناكەم.
ئەحلام حەجی لە میانەی ئەنجامدانی كارێكی خێرخوازیدا كە لە شاری هەولێر ئەنجامدرا و تایبەت بوو بە منداڵانی بێسەرپەرشت تایبەت بە گوڵان گوتی: «دوای ئەوەی نازناوی شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستم بە دەستهێنا، یەكێك لە ئامانجەكانم بریتی بوو لە یارمەتیدانی منداڵانی بێسەرپەرشت، بۆ ئەم مەبەستەش رێكخراوی (احلام الطفولة)م دامەزراند، بۆ یارمەتیدانی منداڵان لە هەر شوێنێك بێت، لە رێگای رێكخراوەكەمەوە توانیم چەندین چالاكیی خێرخوازی ئەنجام بدەم، لە زۆر شوێن لەوانە (هەولێر، موسڵ، كۆتدیڤوار و مەغریب) ئەمەش بە ئەركێكی پیرۆزی سەر شانی خۆم و بەشێكی گرنگی ژیانی خۆمی دەزانم و بەردەوام دەبم لەو رووەوە».
ئەحلام حەجی بە رەگەز مەغریبی لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتیشی: «لە زۆر شوێنی جیهان بەهۆی كێشە و ململانێ سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانەوە منداڵان تووشی نەهامەتیی زۆر بوونەتەوە و لە ژیانێكی ئاسوودە بێبەش بوون، بەجۆرێك باجی هەڵەیەك دەدەن كە خۆیان تاوانیان تێیدا نییە و كەسانی دیكە ئەنجامیان داوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەك بەپێی توانا (رێكخراو و كەسایەتییەكان) دەستی یارمەتییان بۆ درێژ بكەن، چونكە دواڕۆژی مرۆڤایەتی ئەم منداڵانە بونیادی دەنێن».
ئەحلام لە كۆتایی لێدوانەكەیدا سوپاسی دەزگای خێرخوازی ئاڵتونی كرد كە رۆڵێكی سەرەكیی هەبووو لە ئەنجامدانی ئەم چالاكییە و هیوای خواست بەردەوام بن لەو جۆرە چالاكیانە و نموونەیان زۆر بێت.
Top