رێگای مەرگی رێبوار محەمەد تەواو بوو

رێگای مەرگی رێبوار محەمەد تەواو بوو
فیلمی رێگای مەرگی دوایین كاری دەرهێنەر (رێبوار محەمەد) كە لە شاری سلێمانی كاری وێنەگرتنی لەلایەن (شەهرام تەها و هاوكار محەمەد) تەواو بووە و باوەڕ رەفیق كاری مۆنتاژی ئەنجامداوە.
لە بارەی فیلمەكەوە دەرهێنەر و سیناریسیتی فیلمەكە رێبوار محەمەد بە گوڵانی راگەیاند: «فیلمە كە كارێكی خۆبەخشانەیە و كۆمەڵێك هونەرمەندی بەئەزموونی شاری سلێمانی بەشدارییان تێیدا كردووە، كە ژمارەیان دەگاتە (60) ئەكتەر، وەك (حەمە عەلی موكری، گیسیا عەلی، نوری جەمیل مەدفەعی، محەمەد مەولود) لەگەڵ ژمارەیەك ئەكتەری شار و شارۆچكەكانی دیكە، ماوەی فیلمەكە یەك كاتژمێرە و لە ناو شاری سلێمانی و چوارتا و ماوەت و سەرسیر دیمەنەكانی گیراون».
رێبوار محەمەدی دەرهێنەر لە بارەی سیناریۆی فیلمەكەوە گوتیشی: «ناوەرۆكی فیلمەكە باس لە دیاردەی كۆچكردنی گەنجانی كوردستان دەكات بۆ دەرەوەی وڵات بە رێگای قاچاخ، بە هۆی بێزاری لە بار و گوزەرانی ژیانی خۆیان و بوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان لە دەرەنجامی دابونەریتەكانی كۆمەڵگا، ئەمەش وایكردووە كە ئەم گەنجانە بكەونە داوی چەندین باندی قاچاخچی بێویژدان و درۆزن، كە دەبنە مایەی روودانی دەیان كارەساتی دڵتەزێن و لەو رێگایەوە دەیان چیرۆكی كارەساتبار تۆمار كراون و دەیان گەنجی ئەم وڵاتە بوونەتە قوربانی، ئەم فیلمە لە ماوەیەكی زوودا لە شاشەی تیڤییەكانی هەرێم پەخش دەكرێت و هیوادارین توانیبێتمان خزمەتێك بە هونەری كوردی بگەیەنین و پەنجە بخەینە سەر یەكێك لەو دیاردانەی كە لە چەند ساڵی رابردوودا مایەی كارەسات بوو بۆ گەلەكەمان».
Top