حەسنا مەتەر بۆ گوڵان: لە بەرنامەمدایە چەندین بەرهەمی نوێ بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی پێشكەش بكەم

حەسنا مەتەر بۆ گوڵان: لە بەرنامەمدایە چەندین بەرهەمی نوێ بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی پێشكەش بكەم
حەسنا مەتەر، خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی، بەم دواییە نوێترین ڤیدیۆ كلیپی گۆرانیی خۆی بە ناوی (تەنیام) بڵاو كردەوە، ئەم گۆرانییە لە تێكیست و هۆنراوەی مایسترۆ هەڵكەوت زاهیرە، هونەرمەند ئارام سەردار كاری دەرهێنانی بۆ كلیپە نوێیەكە كردووە، كە بەرهەمی كەناڵی كوردماكس میوزیكە، گۆرانییەكەش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی.

سەبارەت بەم گۆرانییە نوێیەی، خاتوونی گۆرانیبێژ حەسنا مەتەر لە لێدوانێكی تایبەت بە گۆڤاری (گوڵان) گوتی: «ئەوە دووەم كاری هونەریمە لەگەڵ دەرهێنەرانی كورد لە دوای كلیپی (لاتخلینی جن) كە گۆرانییەك بوو بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی. خۆشحاڵ بووم بە كاركردن لەگەڵ دەرهێنەری بەتوانا ئارام سەردار كە بە شێوەیەكی سەرنجراكێش كارەكانی ئەنجام دەدات، ئێوەش دوای بینینی كلیپەكە هەست بە جوانیی كارەكەی‌ دەكەن، هیوادارم كلیپەكە بەدڵی جەماوەر بێت، سوپاسی گەلی كوردیش دەكەم كە هەردەم هانم دەدەن و یارمەتیم دەدەن بۆ پێشكەش كردنی گۆرانی كوردی».
سەبارەت بەكارەكانی ئەمساڵ، خاتوو حەسنا مەتەر دەڵێت: «بەڵێن بە هەوادارانم دەدەم كە ئەمساڵ وەك ساڵی رابردوو نابێ، چونكە لە بەرنامەمدایە چەندین بەرهەمی نوێ بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی پێشكەش بكەم، چەندین بەرهەمی هونەریم هەیە كە ساڵانی رابردوو لەبەر شەڕ و كێشەی ئابووری و هەبوونی ڤایرۆسی كۆڕۆنا نەمتوانی پێشكەشیان بكەم، بەڵكو ئەمساڵ بتوانین بەسەر خەم و كێشەكاندا زاڵ ببین و خۆشی و خەندە بگێڕینەوە سەر لێوی هەمووان».
لەبارەی چیرۆك و ناوەرۆكی گۆرانی (تەنیام)، ئەم هونەرمەندە دەڵێت: «گۆرانییەكە باس لە خۆشەویستیی نێوان كوڕو كچێك دەكات و تایبەتە بە گەنجان، ویستم بەم گۆرانییە كەمێك لە خەمەكانیان بڕەوێنمەوە، ئەوە دووەم جارە گۆرانییەك بڵێم كە تەنیا بە‌ زمانی كوردی بێت، خۆم بە شەرمەزار دەزانم كە ماوەی 8 ساڵە لە كوردستان نیشتەجێم و ناتوانم بە زمانی كوردی ئاخاوتن بكەم، بەڵام لەكاتی ئامادەكردنی گۆرانییەكە زۆر بە ئاسانی فێری وشەكان بووم».
سەبارەت بەوەی كە ئایا گۆرانییەكە لەدەرەوەی كوردستانیش گوێگری دەبێت، خاتوو مەتەر دەڵێت: «لەسەرەتا كاتێك ریكلام بۆ گۆرانییەكە كرا لە كەناڵەكەو لە یوتیوب، چەندین كەس لە میسر و لوبنانەوە پەیوەندییان پێوە كردم، كە سەرسام بوون بەوەی چۆن دەتوانم بە زمانی كوردی گۆرانی بڵێم، دەمانەوێت كلیپەكە بە سەبتایتلی عەرەبی بنووسین، تاكو گوێگرەكانم لە وڵاتە عەرەبیەكانیش گوێ لە گۆرانییەكە بگر‌ن».
دواجاریش لە وەڵامی ئەوەی بۆچی لە كاتی كەرەنتینەدا لە هەولێری پایتەخت مایەوە، حەسنا مەتەڕ گوتی: «هەستم كرد هەرێمی كوردستان لە رۆژانی رووبەڕووبوونەوەی جیهانی دژی ئەو ڤایرۆسە نەگریسە، زۆر بە شێوەیەكی رێكوپێك توانی بەرەنگاری ڤایرۆسی كۆڕۆنا ببێتەوە، حكومەت و هاووڵاتی بەیەكەوە دژی كۆرۆنا راوەستان و توانیان بە شێوەیەكی باش بەسەریدا زاڵ بن، وا هەستم كرد لە هەولێر زیاتر پارێزراو دەبم، بۆیە بڕیارمدا لە هەولێر خۆم كەرەنتینە بكەم، سوپاس بۆ خوا لە نەخۆشییەكە دووربووین، خۆشەویستی هاووڵاتیانی كورد و وەفایان بەرامبەر خەڵكی بیانی، هەردەم وام لێ دەكەن كە بەرهەمی نوێیان پێشكەش بكەم و نەتوانم هەرێمی كوردستان بەجێ بهێڵم، هەر كە گەشتێكم دەبێت بۆ دەرەوە، ئەوا بە زووترین كات دووبارە دەگەڕێمەوە هەولێر، بۆیە خۆم بە خاوەنی ئەو وڵاتە دەزانم».
سەبارەت بە رەوشی وڵاتی لوبنان، كە زۆر بە شانازییەوە باس لە وڵاتەكەی دەكات و ئاخێكی قوڵیش هەڵدەكێشێت، دەڵێت: «بە داخەوە وڵاتەكەم ئەمڕۆ رۆژگارێكی سەخت بەڕێ دەكات، هەر لە دوژمنێك خۆی رزگار دەكات، دووی دیكە هێرشی بۆ دەبەن، دوای تەقینەوە گەورەكەی لوبنان، لە ئێستادا چەندین كێشەی دیكەی گەورە بەرۆكی وڵاتی لوبنانی گرتووە، هەر لە كێشەی سیاسی و ئابووری و تەندروستی و كۆمەڵایەتی و گەندەڵی بگەر تا چەندین كێشەی دیكە، هۆكارەكەشی هەمووی بۆ سیاسییە گەندەڵەكان دەگەڕێتەوە كە بەرژەوەندیی خۆیان و حزبەكانیان لەسەر بەرژەوەندی وڵاتەوە دەبیننەوە، بۆیە لە ئێستادا زۆر رەشبینم بە چارەسەری دۆخی لوبنان».
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، حەسنا مەتەری گۆرانیبێژ خۆی بە یەكێك لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دادەنێت، لە خۆشی و ناخۆشیی هەرێمدا بەشدارە، چەندین جار لەكاتی شەڕی تیرۆریستانی داعش، سەردانی بەرەكانی جەنگی كردووەو لەگەڵ پێشمەرگەكان چەند كاتێكی بەسەربردووە، هەروەها چەند سروودێكی بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كوردستان تۆمار كردووە، بەناوبانگترینیان (حیو رجال البیشمەركە) بوو، هەروەها دوای سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەبۆنەی جەژنەكانی نەورۆز، سروودی (عیدك مبارك یا كوردستان)ی تۆمار كرد.
حەسنا مەتەر لەسەرەتای كاری هونەری لەگەڵ تیپی (خێزانی بەندەلی) گۆرانی گوتووە، دواتر بۆ ماوەی 10 ساڵ لە وڵاتی ڤەنزوێلا ژیانی بەسەر بردووە، دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتەكەی (لوبنان) یەكەم گۆرانیی بەناوی (لیالی الغربە) تۆمار كردووە، چەندین ئاهەنگی لە شاری دوبەی و بەیرووت و بەغدا و شارەكانی دیكە ئەنجام داوە، خاوەن چەندین ئەلبوومی گۆرانییە، هەندێك لە گۆرانییەكانی كلیپ كردووە، بە زمانی كوردی و عەرەبی گۆرانی چڕیوە، یەكەم گۆرانیی كوردی بەناوی (ئازیز بەهارە) بووە.
لەگەڵ گەورە مۆسیقاری میسری (مەحەمەد ئەلموجی) و مۆسیقاری لوبنانی (رحبانی) و شاعیری عێراقی( كەریم عێراقی) و دەرهێنەری بەناوبانگی لوبنانی (فادی حەداد) كاری كردووە، چاوەڕوانیش دەكرێ لە ماوەی داهاتوودا گۆرانییەكی دوێت لەگەڵ هونەرمەندێكی كوردستان، بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی تۆمار بكات، لە چەندین چاوپێكەوتنی هونەریدا لە تەلەفزیۆنی عەرەبییەكان، پرسیاری هەرێمی كوردستانی لێكراوە و داوای لێ كراوە كە گۆرانی كوردی بڵێت، بۆیە خۆی وەك باڵوێزێكی هونەری كوردی لە كوردستان هەژمار دەكات.
Top