ئەستێرەیەكی دیاری بەریتانی كۆچی دوایی كرد

ئەستێرەیەكی دیاری بەریتانی كۆچی دوایی كرد
دەرهێنەری دیاری بەریتانی (مایكڵ ئاپتد) لە تەمەنی 79 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد .

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە ڕۆژنامەو میدیا جیهانییەكانەوە بڵاوكراوەتەوە, مایكل ئاپتد لە ماڵەكەی خۆیدا لە (لۆس ئەنجلس)ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە تەمەنی 79 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد .

ئەم ناودارە كە بە یەكێك لە دەرهێنەرە بە ئەزموونەكان هەژمار دەكرێت, كاری لەسەر چەندین فیلمی سەركەوتوو كردووە, لەوانەش فیلمی(the world is not enough) كە ئەمەش بەشێكە لە زنجیرە فیلمی جێمس بۆند و ساڵی 1999 بەرهەم هات و هەریەك لە پیرس برۆسنان و سۆفی مارسۆو و ڕۆبەرت كارلایل و جودی دانێ و چەند ئەكتەرێكی دیكە ڕۆڵیان تێیدا گێڕا .

ماكڵ ئاپتد لە 10/2/1941 لە وڵاتی بەریتانیا لە دایك بووە, یەكێك بووە لەو دەرهێنەرانەی كە لەسەردەمەكەی خۆیدا بتوانێ زۆرترین كاری دەرهێنان بۆ فیلمە سینەماییەكان ئەنجام بدات, هەروەها توانی وەكو بەهەمهێنەرو نووسەر كار لە بواری فیلم و سینەمادا بكات, دیارترین كاری مایكڵ ئاپتد بریتی بوو لە زنجیرەی(UP) كە لەنێوان ساڵانی 1964 تاوەكو 2019 نمایش كرا, هەروەها دیارترین فیلمی بریتی بوو لە فیلمی (nell) كە ساڵی 1994 بەرهەم هات و هەریەك لە لیام نیسۆن و جودی فۆستەر و ناتاشا ریچاردسۆن پاڵەوانی فیلمەكە بوون, وە فیلمی (amazing grace) كە ساڵی 2006 بەرهەم هات .
Top