مێگان فۆکس: رقم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە

مێگان فۆکس: رقم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە
ئەگەرچی ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵک بیروڕاکانی خۆیان دەرببڕن، بەتایبەتی ھونەرمەندان و کەسایەتییە ناسراوەکان بە باشترین ھۆکاری دەزانن بۆ ئەوەی بە کورتترین وشە و لە کەمترین کاتدا پەیامەکانی خۆیان بە زۆرترین جەماوەر و ھەوادارانی خۆیان رابگەیەنن، کەچی خانمە ئەکتەری ناسراو مێگان فۆکس بە ئاشکرا دەڵێ: «من زۆر دوورم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.»

سەرچاوە: البوابة

مێگان فۆکس دەربارەی هۆکاری دوورکەوتنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێ: «هۆکاری دوورکەوتنەوەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆر رقم لێیەتی، چونکە شێوازی وەرگرتن و بیستنی بیروڕای هەڕەمەکی خەڵک کارێکی زۆر زەحمەتە»، وتیشی: «من زۆر گرنگی بە رای خەڵک نادەم، چونکە هەر کەسێک رای تایبەتی هەیە سەبارەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پێویستە بتوانی کە گرنگی بەو شتانە نەدەی کە زیان بە هەستی تۆ دهگهیهنن و ببێتە هۆی ئەوەی کە متمانەت بەخۆت لاواز بێت».
ساڵی ٢٠١٣ مێگان بڕیاریدا کە ئەکاونتی خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دابخات. هەرچەندە زیاتر لە (٢٥٠) هەزار کەس لە یەک هەفتەدا سەیری ئەکاوەنتەکەیان کردبوو، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی ئەکاوەنتەکەی دانەخات. ههر لەم بارەوە وتی: «پێنج رۆژ لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بووم، بەڵام نازانم سوودی چی بوو؟». دوای دوو رۆژ لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کە ٣٣ ملیۆن کەس چاودێری دەکەن نووسیبووی: «من ناتوانم لەسەر شتێک بەردەوام بم کە رقم لێی بێت».
لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە پەیوەندی هاوڕێیەتی لە نێوان ئافرەتان مێگان لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فیمیل فیرست وتی: «زۆر زەحمەتە پەیوەندی هاوڕێیەتی لە نێوان ئافرەتان هەبێت، چونکە لە رکابەرێتییەکی بەردەوامدان بۆ ئەوەی خۆشەویستیی پیاوان بەدەست بهێنن و خودی کۆمەڵگه ئافرەتان ناچار دەکات کە لە رکابەرێتیدا بن بۆ بەدەستهێنانی دڵی پیاوان، بۆیە زەحمەتە ئافرەت هاوڕێیەکی ئافرەتی هەبێت کە تەواوی گرنگیی خۆی بەو ئافرەتە ببەخشێت».
سەبارەت بەو رۆڵانەی کە لە فیلمەکان دەیبینێت مێگان دەڵێ: «من بۆ خۆم رۆڵ دیاری ناکەم، بەڵکو دەرهێنەر و هەندێک جار بەرهەمهێنەران ئەکتەر هەڵدەبژێرن بۆ رۆڵێکی دیاریکراو، هەر رۆڵێک دەرهێنەر بە منی بسپێرێت، من ئامادەییم هەیە بۆ بینینی، تەنانەت ئەگەر رۆڵی دراکۆلاشم پێ بسپێردرێ، ئامادەم بیبینم و زۆریش خۆم بۆی ماندوو دەکەم، بەڵام بەر لە هەر شتێک پێویستە رۆڵەکە بە باشی بخوێنمەوە، چونکە منیش مرۆڤم و تووشی گرفتەکانی ژیان دەبمەوە و هەست بە تووڕەیی دەکەم، زۆر جاریش هەوڵ دەدەم بەشێک لەو تووڕەبوونەم کەم بکەمەوە. «
سەبارەت بەو کەسەی کە بە پێشەنگی خۆی دەزانێت مێگان وتی: «هەر هونەرمەندێک کەسێک بە پێشەنگی خۆی دەزانێت لە ژیان و هەوڵ دەدات بە ئاستی ئەو و لەسەر هەمان رێچکەی هەنگاو بنێت، زۆر کەس پێیانوابوو کە مارلین مۆنرۆ پێشەنگی منە، بەڵام من هیچ کاتێک ئەوم بە پێشەنگی خۆم نەزانیوە، چونکە مارلین مۆنرۆ هیچ کاتێک بەهێز نەبووە و چیرۆکی ژیانی زۆر ئاڵۆز بوو و زۆر شتی شاراوەی تێدا هەبووە، کە بۆ ئەو کات و ئێستاش ئاشکرا نەبووە و بە نهێنی ماونەتەوە، ئەکتەرێک بوو کە ناکرێ پشتی پێ ببەسترێ و جێگای متمانە نەبووه.»
سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆی مێگان فۆکس زۆر شتی نهێنی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: «من بە رەچەڵەک فەرەنسی و ئێرلەندیم و لە خانەوادەیەکی دینداری کریستیان پەروەردە کراوم، رەنگە بۆ زۆر کەس سەیر بێت، بەڵام من زۆر لە فڕۆکە و تاریکی دەترسم و زۆر جار تووشی دوودڵی و دڵەڕاوکێ و بڕوانەبوون بەخۆم دەبمەوە، بۆیە زۆریش لەوە دەترسم ژیانم وەکو مارلین مۆنرۆ کۆتایی پێ بێت، بەڵام بۆ سەرکەوتن لە ژیان پشت بە خۆم دەبەستم، رۆژانەش کتێب دەخوێنمەوە و سەیری چیرۆکەکانی ئەنیمەیشن و یاریی ئەلیکترۆنی دەکەم».
سەبارەت بە پڕوپاگەندەش دژی ئەکتەرانی هۆڵیۆد مێگان فۆکس دەڵێ: «یەکێک لەو شتانەی کە زۆر لێی دەترسم وێنەگرانی باباراتزییە، چونکە زۆر بێ زەییانە بەرامبەر بە کەسایەتییە ناسراو و ناودارەکان رەفتار دەکەن و ئامادەن هەر شتێ بکەن، تەنیا بۆ ئەوەی وێنەکانیان لە زۆرترین شوێن بڵاو بکرێتەوە و ناوبانگ بەدەست بهێنن، بێ ئەوەی گوێ بە ناوبانگ و کەسایەتیی ئەو هونەرمەندانە بدەن و، بە هەمان شێوە گۆڤار و رۆژنامەکانیش لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست سەبارەت بە ئەکتەران گوێ بە هیچ شتێک نادەن، بۆیە من زۆر لەو جۆرە وێنەگر و میدیایانە دەترسم و تووشی شڵەژان دەبم، کاتێک دەبینم کەسێک چاودێریی من دەکات، بەتایبەتی لە کاتی وێنەگرتن و لە شوێنە گشتییەکان و حەز ناکەم دەربکەوم لە پێش کامێراکانەوە بە شێوەیەک کە من پێی رازی نەبم. «مێگان بەوە تاوانبار کراوە کە خۆی برسی کردووە بۆ ئەوەی کێشی لەشی دابەزێت، لەم بارەیەوە دەڵێ: «ئەم قسە بە هیچ شێوەیەک راست نییە، چونکە من رۆژانە پێنج جار نان دەخۆم، بەڵام بەشێوەی پچڕ پچڕ و بە هیچ شێوەیەک ریجیمێکی دیاریکراو پیادە ناکەم لە خۆراکی رۆژانەمدا، بەڵکو زیاتر گرنگی بە خواردنی رووەکی و روونی ماسی دەدەم و لە بەرهەمەکانی ماست و شیرەمەنییەکان دووردەکەومەوە».
Top