کۆرۆنا توم کروزی تووڕە کرد

کۆرۆنا توم کروزی تووڕە کرد
لە کاتی وێنەگرتنی بەشی حەوتەمی زنجیرە فیلمی (میشن ئیمپوسیبڵ)، توم کروزی پاڵەوانی فیلمەكه زۆر لە تیمی هاوكاری تووڕە بوو، تەنانەت هەڕەشەی دەرکردنی لە گشت ئەندامانی تیمەکەی کرد.
هۆکاری تووڕەبوونی توم کروز بۆ پابەندنەبوونیان بە رێکارەکانی تەندروستی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە بۆ دوورنەکەوتنیان لە یەکتری، تووڕەبوونی توم کروز بەتایبەتی لە دوو کەس لە تیمەکە بوو. بەپێی تۆمارێکی دەنگی، بە دەنگی بەرزەوە هاواری بەسەریاندا کردووه، دوای ئەوەی دووریی نێوانیان کەمتر بوو لە سێ مەتر، لە کاتێکدا بەو مەرجە رێگا بە تیمەکەی دراوە بەردەوام بن لە وێنەگرتن کە بە تەواوی پابەندی رێنمایی و رێکارە تەندروستییەکان بن.
پێشبینی دەکرێت ئەم هەڵویستەی کروز ببێتە مایەی ستایشی دەزگا تەندرووستییەکان، چونکە زۆر بە جددی مامەڵە لەگەڵ بابەتی پابەندبوونی بە رێنماییە تەندروستییەکان دەکات، بەتایبەتی دوورکەوتنەوە لە یەکتری.
لە تۆمارە دەنگییەکەدا کروز بە دوو ئەندامی تیمەکەی دەڵێ: «ئێمە پێوەری زێڕینین، ئێستا لە هۆڵیۆد لەبەر ئێمە دووبارە دەستیان بە بەرهەمهێنانی فیلم کردۆتەوە، چونکە بڕوایان بە ئێمە و کارەکانمان هەیە، بۆیە پێویستە پابەندی پرۆتۆکۆلەکانی بەرهەمهێنانی فیلم بین، کە رێگایان پێداوین دووبارە فیلمی نوێ بەرهەم بهێنین».
گروز زیاتر دەڵێ: «دووبارە دەستپێکردنەوەی وێنەگرتن واتە دەستەخستنی هەلی کاری زیاتر ئەمەش بەرپرسیاریەتی ئێمەیە و پێویستە پارێزگاری لە کارەکانمان بکەین، بۆ ئەوەی تەواوی تیمەکە بەردەوام بن لە کارکردن و دەستکەوتنی پارە، باش بزانن ئێمە هەزاران هەلی کار فەراهەم دەکەین».
لە کۆتایی تۆمارە دەنگییەکە کروز دەڵێ: «نامەوێ ئەم نزیکبوونەوەتان دووبارە ببێتەوە، ئەگەر پابەند نەبن، ئەوا ئێوە لە کارەکەتان دەرکراون».
سەرچاوە: ئیلاف
Top