کتێبی (پوختەیەک لە پەروەردەی تایبەت - خاوەن پێداویستیی تایبەت) چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی (پوختەیەک لە پەروەردەی تایبەت - خاوەن پێداویستیی تایبەت)  چاپ و بڵاو کرایەوە
نووسەرێکی کورد سێیەمین کتێبی خۆی تایبەت بە منداڵە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان بەناوی (پوختەیەک لە پەروەردەی تایبەت _ خاوەن پێداویستیی تایبەت) چاپ و بڵاو کردەوە و ڕای دەگەینێت داھاتەکەی بۆ خزمەتی خاوەن پێداویستە تاییەتەکان خەرج دەکاتەوە.

ڕەحمان عەلی نووسەری کتێبەکە ڕايگەیاند: "ئەو پەرتوکە کە ٢٩٥ لاپەڕەیە، لە چاپخانەی کارۆ لە شاری سلێمانی لەسەر ئەرکی سەنتەری ڕێدۆز کە تایبەتە بە خزمەتکردن بە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، چاپ کراوە "

ڕەحمان عەلی گوتیشی: "کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکی زانستییە تایبەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە پشتم بەستووە بە کۆمەڵێک سەرچاوەی زانستی و ناوەڕۆکی کتێبەکەشم دابەش کراوە بۆ دەستنیشانکردنی جۆرەکانی کەمئەندامیی منداڵ وەک دواکەوتنی ژیری، ئاستەنگەکانی فێربوون، ئۆتیزم، گرفتی زمان بۆ قسەکردن، پەککەوتنی بیستن و بینین، فرەجووڵەیی و بوارەکانی دیکەی کەمئەندامێتی، دواتر چۆنیەتیی مامەڵەکردن و ڕاھێنانیشم بۆ کەسوکار و مامۆستایانی فێرکاریی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت ڕوون کردووەتەوە".

نووسەری ئەو کتێبە باسی لەوەش کرد ئەوە سێیەمین کتێبیەتی کە چاپ و بڵاوی بکاتەوە و بەرھەمێکی دیکەشی ئامادەیە کە داھاتی ھەموو ئەو کتیبانەش بۆ خزمەتی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت خەرج دەکرێتەوە.

basnews
Top