هونەرمەندان چۆن كەرەنتینەیان بەسەر برد

هونەرمەندان چۆن كەرەنتینەیان بەسەر برد
بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دۆخێكی نوێی هێنایە كایەوە بەجۆرێك سەرتاسەری جیهان بۆ ماوەیەكی زۆر كەرەنتینەیان راگەیاند و خەڵك ناچار كرا كە لە ماڵەكانی خۆیان بمێننەوە، بەمەش زۆربەی چالاكییەكان وەستان، بەتایبەتی چالاكییە هونەرییەكان، هونەرمەندانی كورد هەریەكەوە بەجۆرێك ئەو كاتەیان بەسەر برد، كە لەم بەسەركردنەوەی گوڵاندا باسی دەكەن.

دەرهێنەر لوقمان غەریب: كاتێكی زۆرم بە دەستشۆردنەوە ڕۆیشت، كە واهەستم دەكرد ئەمە دەست شۆردنە لە ژیان
دەرهێنەری ناسراوی كوردستان لوقمان غەریب: لە راستیدا هەفتەی یەكەم وەك تێبینیم كرد، بۆ هەمووان وەك دەڵێن حاڵەت و شوكێكی سەیر و پڕ پەنهان بوو؟! چونكە دۆخەكە تەنیا لەوەدا نەوەستا كە پەتایەكە و دەبێ خۆتی لێ بپارێزییت، بەڵكو مەترسییەكە لەگەڵ خۆییدا رەشبینی و بێهیوایی و تائەندازەیەكی زۆریش دڵەڕاوكێ و نیگەرانیی هێنا، ئەم حاڵەتە وای لێكردیین كە زۆرترین كات و زیاتر خەریكی سەیری تیڤییەكان و گوێگرتن لە هەواڵەكان و گەڕان بەناو لاپەڕەكانی ئەنتەرنێتدا بین، من خۆم هەفتەی یەكەمم ئاوەها بەڕێكرد، ئەمە جیا لەوەی كاتێكی زۆری بە دەستشۆردنەوە ڕۆیشت، كە من خۆم واهەستم دەكرد كە ئەمە دەستشوردنە لە ژیان و ئیتر مەترسییە گەورەكە و لافاوە گەورەكەیە، بەڕاستی هەستێكی زۆر سەیر بوو، كە سوور بزانیت جیهان و مرۆڤایەتی لە بەردەم هەرەشەیەكی شاراوەی تۆقێنەر و وێرانكەر و كوشندەی بێ چارەسەردایە، بەڵام وەك سرووشتە ئەزەلییەكەی مرۆڤ و بەتایبەت بۆ ئێمەی كوردیش كە زوو خۆشەی نەھامەتی و ناخۆشییەكان دەبین و لەگەڵ مەترسییەكاندا ڕادێین و خۆمان دەگونجێنین، وردە وردە ڕاهاتم و دۆخەكەم بۆ ئاسایی بووە، بەخۆمم گوت یەڵا دنیا مردنە و كەی هات با بێت كێشە نییە، ئێ ئاخر بۆ كەسێكی وەك من مانەوە لەماڵ و كەرەنتینە و گۆشەگیری و تەنیایی و ئەو جۆرە شتانە ئاسان و ئاسایی بوو، چونكە من سەدان ڕۆژم لە پشت دەرگا قوفڵدراو و شیشە ئاسنینە رەشەكانی زیندانی بەعسدا بە شەو بەسەر بردووە، ئێ هەر من 30 ساڵ پێش هاتنی كۆرۆنا ناوی كەرەنتینەم بیست و پاش دەستگیر كردنم لە توركیا چەندین رۆژ و هەفتەم لە كەرەنتینەی توركەكاندا لە ئانكەرا و سلۆپی بەسەر برد، بۆیە لەگەڵ كەرەنتینە زوو راهاتمەوە.
پێش كۆرۆناش دەیان ڕۆژ و هەفتە و مانگم بە تەنیا لەسەر ئەم مێزە و بەدیار ئەم كاغەزانەوە بەسەر بردبووە و خۆم بڕیاری گۆشەگیركردنی خۆمم داو بوو، بۆیە ئێستا زۆر ئاسانە، چونكە دۆخەكە گشتی و جیهانییە و كەسی لێ بەدەر نییە، وەك دەڵێن (الحشر مع الناس عید).
لەناو كاغەزە كەڵەكەكراوەكانی سەر مێزی ئۆفیسەكەمدا كەوتمەوە پیاچوونەوە بە چیرۆك و سیناریۆ و دیالۆگ و بینراوەكانی فیلمنامەی هەردوو بەرهەمی نوێم «ئەوین لە ژێر باڵی تاریكیدا» و «گوڵەكان ناگەشێنەوە» كە بە نیاز بووم لە تەڕ و گەشاوەیی بەرهارەدا بەرهەمیان بهێنم، بەڵام كۆرۆنای نەفرەتی نەیهێشت و ئاوا مەحكوومی گۆشەگیرییەكی پڕ لە ترس و پرسیاری كردین، ئیدی تێگەیشتم گەر بۆ راكردنیش بێت لە واقیعە تاڵەكە، تەتەڵەكردنی چیرۆك و ناوەڕۆك و كەسایەتی و دیالۆگ و هێڵە درامییەكان و كەشە سۆزدارییەكانی ناو هەردوو سیناریۆی فیلمنامەكان كارێكی پێویستە، بۆیە جارێكی دیكە تەواو ژێروژوورم كردنەوە، بەو ئومێدەی گەر كۆرۆنا بهێڵێت و عومر باقی بێت، دوای ئەم قوناغ و دۆخە هەستیار و جێی پرسیارە، بەرهەم بێن و ببنە فیلم.
ناو بەناو سەردانێكی سەرپێی بۆ ناو باخچە بچكۆلانەكەم و هەڵمژینێكی هەوای پاك و بێگەردی تەڕی بەهاری و خۆخەریككردن بە گوڵ چاندن و ئومێد و هیوا رەواندن و بەخۆدا چوونەوە لەهەموو ئەو ئاكار و هەڵوێستانەی كەپێش ئەم سەردەم و قۆناغە نۆێیەی كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پێناسە و دنیابینییەكی دیكەی دروست كرد، ئەمانەش هەر بەشێكن لەم سەردەم و رۆژگارە تاڵە.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا: لە رۆژانی كەرەنتینە كتێبخانەكەم رێكخستەوە و كاتێكی زۆریش لەگەڵ شیرین و شادی بەسەر برد
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا: سەرەتا دەبێ بڵێم لەبەر ئەوەی من نەخۆشم و ماوەیەك بەر لەپەیدابوونی ئەم پەتا كوشندەیە نەشتەرگەریی بڕینی گرێی شێرپەنجەم بەسەركەوتوویی بۆ ئەنجامدرا، واتە لەشی من و تەمەنەكەم، لەچاو كەسێكی ئاساییدا پتر مەترسیی توشبوونی ئەم پەتایەی لێ دەكرێت، بۆیە هەر لە سەرەتاوە بەتەواوەتی پابەند بووم بە ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ و دەزگا تەندروستییەكان، بەڵام لەبەرئەوەی من چارەسەری نەخۆشییەكەم لە نەخۆشخانەی رزگارییە، سەرەتا بەوەرگرتنی دەرزیی كیمیایی و پاشتریش بە وەرگرتنی چارەسەری لیزەر كە دەبێت هەموو بەیانیان جگە لە رۆژانی پێنج شەممەو هەینی، لە نەخۆشخانەی رزگاری ئامادەبم، كە دەبێت بڵێم من وەك نەخۆشێك زۆر سوپاسی كارمەندان و پزیشكەكانی هەردووبەشی گرێی شێرپەنجەو لیزەر دەكەم، كە بەڕاستی دڵسۆزانە لەم بارودۆخە ناجۆرەدا لە خزمەت نەخۆشەكانیانن، خوای گەورە پاداشتیان بداتەوە.
كە لە نەخۆشخانەش دەگەڕێمەوە بۆ ماڵ، پاش فڕێدانی دەمامك و دەستەوانە لە شوێنی تایبەتی، ئیدی دەچمە ناو كتێبخانەكەم لە نهۆمی دووەم، چونكە كتێبخانەكەم هەر لە سەرەتاوە زۆر ناڕێك و بێسەروبەر بوو، ڕۆژانە دوو سێ سەعات بە ڕێكخستن و تۆماركردنی كتێبەكانمەوە بەسەر دەبەم، وەكی دیش سەعاتێك مژوولی فەیسبوك و گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێیانم لەم تۆڕە كۆمەڵایەتییە بەڕێ دەكەم، پاشتر سەعات هەشتی ئێوارە بەدیار هەواڵەكانی TV دەگوزەرێنم و دواتر كاتژمێر دە بەدیار درامای دۆبلاژكراوی تەلەفزیۆنی سپێدە بەناوی (ستایش) دادەنیشم، كە بووە سەعات یازدە چاو دەدەمە بەرنامەی (كۆڤید 19) و گوێم لە هەرسێ دكتۆری خۆشەویست (د. ئاراس برادۆستی و د. ڕێبین زیخانی و د. عەلی بەرزنجی) دەگرت لە TV رووداو، پاشتر ماوەی نزیكەی یەك كاتژمێر وەرزشێكی سادە و ساكار ئەنجام دەدەم، پاشان بۆ سەر پێخەفی خەوتن و ماوەیەك خەریكی فەیسبوك دەبووم و ئیدی خەو دەمباتەوە. ئەمە جگە لەو كاتانەی كە دەرفەت درووست بێت لەگەڵ شیرین و شادی دادەنیشم و قسەی خۆش و یادی ڕۆژانی خۆشی بەر لە نەخۆشییەكەم و هاتنی كۆڕۆنای دڕندە دەكەین، ئیدی بەم شێوەیە رۆژەكانی كەرەنتینە بەسەرم برد.
زۆر سوپاس بۆ هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی كە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن، هەروەها سوپاس بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەر لە سەرەتاوە كوردانە و جوامێرانە دژ بە ڤایرۆسەكە ڕێوشوێنی گونجاوی گرتە بەر، بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەك.
Top