باڵای نیكۆل كیدمان گرفتی بۆ درووستكردووە

باڵای نیكۆل كیدمان گرفتی بۆ درووستكردووە
بەرزیی باڵا یەكێكە لە تایبەتمەندی و پێوەرەكانی جوانی بۆ ئافرەتانی هونەرمەند، بەتایبەتی بۆ خانمە ئەكتەرەكان، بەڵام نیكۆل كیدمان رایەكی جیاوازی هەیە و دەڵێ لە تەمەنی هەرزەكاریدا باڵام گرفتی زۆری بۆ درووستكردووم.
نیكۆل كیدمان لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری(Glamour)ی بەریتانی دەڵێ: «هەرچەندە لە تەمەنی هەرزەكاریشدا زۆر كەس ئیرەییان بە باڵای من دەبرد و بە ئاشكرا هیوایان دەخواست كە هەمان باڵایان هەبێت، بەڵام من هەستم بە دڵەڕاوكێ و نائارامی دەكرد، بەتایبەتی لە تەمەنی (13) ساڵیدا بەهۆی باڵامەوە ترسێكی زۆرم لێ نیشتبووە، هەرچەندە زۆر كەس دڵنەواییان دەدامەوە، بەڵام بۆمن جیاواز بوو، باڵابەرزی ببوە هۆكارێك بۆ ترس و بڕوا بە خۆ نەبوونم».
كیدمان لە درێژەی دیمانەكەدا دەڵێ: «من كچە هەرزەكارێكی سەرەڕۆ بووم و گوێڕایەڵ نەبووم، بەڵام لە هەمان كاتدا هەستم بە ترس و نارامی دەكرد، چونكە باڵام زۆر بەرز بوو، بە جۆرێك لە تەمەنی (13) ساڵیدا لە یەك مەتر و نیو باڵام زیاتر بوو».
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، زۆر لە خانمە ئەكتەرەكان لە چەند بۆنەیەكی جیاوازدا باسی باڵای كیدمانیان كردووە، بەتایبەتی لە كاتی وێنەگرتن لەگەڵیدا ئەوان زۆر كورت دەركەوتوون بەراورد بە باڵای كیدمان، لەوانەش ڤیكتۆریا بێكهام و كیللی مینۆگ، هەروەها تۆم كروزی هاوسەری پێشووی كیدمان ئەویش بەدەست باڵای كیدمانەوە دەیناڵاند، بەتایبەتی لە بۆنە فەرمییەكاندا.

سەرچاوە: ئیلاف
Top