پشیلەیەك ڕووخساری نزیكە لە مرۆڤ
پشیلەیەی (Maine Coon) یەكێكە لەو پشیلانەی كە لە جۆرەكەی خۆیدا بە گەورەترین پشیلەی ناو ماڵ هەژمار دەكرێت, كە بەمەش كێشی ڕەگەزی نێرینەی دەگاتە نێوان 6 تاوەكو 8 كیلۆ گرام, هەروەها مێینەكانی ئەم جۆرە پشیلەیە دەگاتە 3.5 تاكو زیاد لە 5 كیلۆ گرام, بەڵام بە شێوە گشتییەكەی درێژیان دەگاتە نزیك مەترێك, گەورەیی قەبارەی پشیلەی "مین كون" وای كردووە كە لەكاتی لەدایك بوونیان گەشەی جەستەیان بە هێواشی بێت و لەتەمەنی 3 تا 5 ساڵیدا دەگەنە قەبارەی تەواوی خۆیان, بەڵام پشیلە ئاساییەكان تەنها ماوەی ساڵێكیان پێویستە بۆ ئەوەی بگەنە قەبارەی تەواوی خۆیان .
لەساڵی 2010 پشیلەیەكی "مین كون" بە ناوی(ستۆی) ناوی لە كتێبی گینس بۆ ژمارە ێوانەییەكان تۆمار كرا, ئەویش بە دەستنیشان كردنی وەكو گەورەترین پشیلە لە جیهاندا كە باڵای لە لووتیەوە تا كلكی گەیشتە یەك مەترو 28 سانتی .
ناوچەی پشیلەی مین كون دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتی (مین) لە بەشی باكووری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا, هەرلەبەر ئەمەش ئەو ناوەی لێ نراوە, هەڵسوكەوتی پشیلەی مین كون بە جۆرێكە كە زۆر حەز بە جوڵەو یاری كردن دەكات و هەمیشە لە مرۆڤەكانەوە نزیكە, كە بەمەش تا ڕادەیەك هەڵسوكەوتی لە سەگەوە نزیكە .
ئەگەر چی ئەم پشیلەیە ساڵانێكی زۆرە لە پێشانگایەكی تایبەت نمایش دەكرێن و هەڵسەنگاندن لەسەر جوانی ڕەنگ و هەڵسوكەوتییان دەكرێت, بەڵام ئەوەی زیاتر بووەتە جێی سەرنج لەسەر بەشێك لە مین كون ئەوەیە كە بە پشیلەیەكی ئاسایی ناچێت و تا ڕادەیەكی زۆر شێوەی ڕووخساری لە مرۆڤەوە نزیكە .