کهی بههار: گڵاسێك ئاو ئافرەتی کورد پۆرترەیت ناکات وەك قوربانی بەڵکو وەك پاڵەوانی خەباتگێڕ لە پێناوی مافەكانیدا
* ئەگەر بەكورتی باس لەفیلمی (گڵاسێك ئاو)مان بۆ بكەی؟
- گڵاسێك ئاو یەکەم کاری منە لەفیکشن/ فەنتازی و یەکەم فیلمە لەسێیەم زنجیرە (تریڵۆجی) کورتە فیلم کە ئەمساڵ ئەنجامی دەدەم دەربارەی خەباتی ئافرەت لەپێناوی مافی مرۆڤایەتی و ئازادی کەسایەتی. ئەم بەرهەمە هاوبەشە لەنێوان کۆمپانیای جۆکا فیلم/لەندەن و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان/ حکومەتی هەرێمی کوردستان – بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما. ماوەکەی 15 خولەکە، ژانەر دڕامایە، بەزمانی ئینگلیزی و ژێرنووسی کوردی، چونکە باس لە15 خولەك لەژیانی خێزانێکی کوردی ئاوارەی بەڕیتانیا دەکات. لەنووسین و دەرهێنانی خۆم و پرۆدیسۆری هاوبەش میران سابیر-ە. گڵاسێك ئاو تاکو ئەمڕۆ ناردراوە بۆ چەندەها فیلم فیستیڤاڵ، لەوانە: کان لەفەرەنسا، ئێدینبورگ لەسکۆتلەندا، تۆرۆنتۆ لەکەنەدا، بڕوکلین لەنیویۆرك، لوکارنۆ لەسویسرا، باس و ڕەیندانس لەئینگیلتەرا، تۆرینۆ لەئیتالیا.
* هەر فیلم و كارێكی سینەمایی پەیامێكی هەیە، پەیامی ئێوە لە(گڵاسێك ئاو) چییە؟
- گڵاسێك ئاو پەیامی زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو فیلمانەی کە پێشتر لەسەر ئافرەتی کورد دروست کراون، چی لەلایەن فیلمکاری کورد یان فیلمکاری بیانی. ئەمان بەگشتی ئافرەت بەقوربانی و بێدەستەڵات دەخەنە ڕوو و پەیامیان داواکردن و بەزەیی و پاڕانەوەیە لەبینەر بۆ فریاکەوتن ئەم ئافرەتانه کە دەچەوسێنەوە بەدەستی نێر لەناو خێزانەکانیان، بەڵام گڵاسێك بەپێچەوانەوە، ئافرەتی کورد زۆر بەباڵا و بەرز دەبینێت و پەیامی بۆ ئافرەتان ئەوەیە کە وەك شنۆ-ی پاڵەوانی فیلمەکە، ئەوانیش لەجێی پاڕانەوە و بەزەیی و بێدەستەڵاتی و خۆکوشتن، پێویستە لەسەر پێی خۆیان جەربەزانە و سەربەرز بوەستن و خەبات بکەن لەپێناوی مافی مرۆڤایەتی و کەسایەتی خۆیان و کۆڵنەدەر بن بەرانبەر بەمێشکی کۆنی باوك و برا کە بەبێ هیچ مافێکی سروشتی و بێ هیچ سوود و پاداشتێکی شادی، خۆیان دەکەن بەخاوەن مافی بڕیاری گەورە لەچارەنووسی کچ و خوشکەکانیان. ئەم دەستەڵاتداریەی نێر زۆر زیانبەخشە بەسەر ئافرەتانەوە، بەتایبەت ئەگەر ئەو ئافرەتانە هۆشمەند نەبن و ئازایەتی ئەوەیان تێدا نەبێت کە بەرهەڵستی لەمافی خۆیان بکەن. هەرچەند دایکی شنۆ لەفیلمەکە دەڵێت: <هەموو بردنەوەیەك سەرکەوتن نییه، بەڵام شنۆ ئەوەندە بەرز و بەهێزە، هەرگیز کۆڵ نادات لەژێر هەڕەشە و هاواری باوك و برا. واتە گڵاسێك ئاو ئافرەتی کورد پۆرترەیت ناکات وەك قوربانی، بەڵکو وەك پاڵەوانی خەباتگێڕ لەپێناوی مافەکانی.
* ئایا دەرهێنەرە كوردەكان وەك پێویست كێشە كۆمەڵایەتییەكانیان خستۆتەڕوو؟و بۆچی؟
- دەرهێنەری کوردی پەروەردەی ئەم سەردەمە، پەروەردەی سینەما نییە و کێشەی کۆمەڵایەتی بەڕاستی لەفیلمدا پێ ناخرێتە ڕوو، چونکە ئەم کارە پێویستی بەئازادی مێشك هەیە، بەئەکتەری سینەمایی لێهاتوو هەیە کە لەناو کوردا دەگمەنە، هەروەها پێویستی بەدەرهێنەری فیلم هەیە کە بزانێت پیشەی دەرهێنان چییە، بواری کۆمەڵایەتی پێویستی بەبیروبۆچونی فیلمکاری ئازاد هەیە کە چاونەترسانە بکۆڵێتەوه لەبڕگەکان بەوێنە و بەزمانێكی جیهانی نەك کۆڵانی، هەروەها ئەم بوارە تەنیا ناکەوێتە سەر دەرهێنەر، چونکە فیلمکاری کاری تیمە و پێوسیتی بەکادری پسپۆر هەیە لەهەموو بەشەکانی بەرهەم. ئەگەر سکریپت نووسی لێهاتوومان نەبێت کە بتوانێت بەبێ شیوەن و باوکەڕۆ لەبوارەکانی کۆمەڵ بدوێت، بەتایبەت لەکەسایەتی مرۆڤ، کە ئەندامی سەرکی چیرۆك بێژییە، با هەر دەرهێنەر هەبێت، هەرچەند ئەمڕۆ نیمانە.
* زۆر جار گۆرانیبێژ و شانۆكاران گلەیی ئەوە دەكەن كە حكومەت گرنگی زیاتر بەسینەما دەدات، چی دەڵێی بۆئەم قسانە؟
- گۆرانیبێژ و شانۆکاران مافی خۆیانە گلەیی بکەن. بۆ نموونە ئێمە لە لەندەن سێ ساڵ پڕۆڤەی شانۆگەری شاری ئاشتی-مان کرد، کە ئەمە یەکەم موزیکاڵی کوردە لەمێژوودا کە به ستانداردی جیهانی زۆر پڕۆفێشناڵانە بێتە ئەنجام. هەموو مەبەست ئەوەبوو کە شاری ئاشتی لە لەندەنەوە بێنینەوە بۆ کوردستان لەهەولێر، سلێمانی، دهۆك و کەرکوك بیگەڕێنین و پێشکەشی بکەین بۆ ئەو کۆمەڵە تینوی هونەری گەش و پڕ فەنتازیایە. کەچی دوای ئەوەندە هەوڵ و کار، دوای سێ ساڵ خۆبەختی و سەر ئێشە و شەونخونی، دوای ئەوەی لە لەندەن نمایش کرا و لەگەڵ ئەوەی بەزمانی کوردی بوو زۆربەی بینەران بیانی بوون، هێشتا زۆر سەرکەوتنی بەدەست هێنا، کەچی وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی شانۆی گشتی ڕۆحیان هەڵکێشا و شاری ئاشتی-ان وێران کرد و ئاوڕیان لێنەدایەوە. شاری ئاشتی یەکێكە لەو بەرهەمانەی کە هاتە ژیان بۆ زیندوکردنەوەی خۆشەویستی کۆمەڵگەی کورد بۆ هونەری شانۆ و نواندن و هەڵپەرکێ و مۆسیقا. هەرچەندە ئەو بودجەی کە شاری ئاشتی پێویستی پێ بوو چارەکێك نەبوو لەو بوجەی کە سەرف دەکرێت بۆ دروستکردنی فیلمێك، لەو فیلمە سەقەتانەی کە لەفیستیڤاڵی کوردی لەندەن بینیمان. جا گۆرانی بێژ و شانۆکاران و مۆسیقا ژەنان مافی خۆیانە کە توڕە بن، چونکە ئەو فیلمانەی کە ئەو بوودجەیان دەدرێتێ زۆربەیان زۆر هیچن و چوارکەسیش بەتامەوە سەیریان ناکەن. بەڵام نابێت کەس لەیادی بچێت و هەڵەیەکی زۆر گەورەیە کە گۆرانی، مۆسیقا، هەڵپەركی و شانۆ لەسینەما جیا کرێتەوە. چونکە ئەمانەن کە دەبنە هۆی پێشخستنی فیلم. بۆ نموونە زۆربەی فیلمەکانی سێرجۆ لیۆنێ، ئەگەر مۆسیقاکەی داڕشتەی ئێنیۆ مۆریکۆنێ نەبوایە، ڕەنگە هەمان سەرکەوتنیان بەخۆوە نەبینیایە. بەڵام ئێمەی کورد تاکو ئێستا یەك موزیك داڕشتەی فیلم، کۆمپۆزەری سینەمامان نییە.
* فیلمە كوردییەكان لەئاستێكی بەرزدان و خەڵاتی جیاجیا بەدەست دەهێنن، كەچی پایتەخت بێ هۆڵی سینەمایە، ئەم ڕستەیە چۆن لێكدەدەیتەوە؟
- فیلمە کوردیەکان لەئاستی بەرزدا نین، و خەڵاتی بەرزیان وەرنەگرتوە، جگە لەفیلمی یۆڵ – یەڵماز گۆنای کە ئەوەش وەك فیلمێکی کوردی ناژمێردرێت، چونکە ئەوسا کە بڵاوبووەوە وەك بەرهەمی تورکی/سویسری ناسرا و گۆنای خۆشی بەکورد نەدەزانی لەو سەردەمەی کە خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵی کان-ی وەرگرت. فیلم کاتێك سەرکەوتووە ئەگەر خەڵاتی سەرەکی لەفیستیڤاڵی کان، بەرلین، ڤێنیس، بافتا، ئۆسکار وەرگرێت وەك باشترین فیلم، یان دەرهێنان، یان ئەکتەر. جا پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەم خەڵاتانە باشن و بۆچی وا دەکەن فیلمەکەت بە بەرهەمێکی سەرکەوتوو داندرێت؟ چونکە ئەگەر یەکێك لەم خەڵاتانە وەرگریت، بەدڵنیاییەوە فیلمەکەت دەگاتە سینەمای بازاڕی ئەوروپی، ئەمریکی و بازاڕی جیهان. تاکو فیلمەکەت نەگاتە بازاڕی جیهان، هەر باس لەسەرکەوتن مەکە. چونکە بەقوڕنە سینەمایەك و بەقوڕنە فیستیڤاڵێك فیلمەکەت نەك هەر پارەکەی خۆی دروست ناکاتەوە، بەڵکو تەنیا لەکوردستانی ئێمە دەهۆڵ و زوڕنای بۆ لێدەدرێت. نەبوونی هۆڵ زۆر کاریگەرە، هۆڵی سینەما دڵی شارستانیەتی شارە، کۆمەڵگەی بێ هۆڵی سینەما کۆڵەوار و مێشك نائازادە. من کە تەنیا فیلمکاری کوردم لەناوەوە و دەرەوەی وڵات تاکو ئێستا فیلمەکانم پەخشکراون لەسەر کەناڵەکانی وەك بی بی سی، کەناڵی چواری بەڕیتانی و زۆربەی کەناڵەکانی جیهان، من پەروەردەی قوتابخانە نیم، پەروەردەی باوك و دایك و دارودەستەی حکومەت نیم، من بێ سینەما هەر نە دەژیام، من پەروەردەی ئەو پێنج هۆڵی سینەمایەم کە لەساڵانی حەفتایەکان لەکەرکوك توانیان بیروبۆچونم ئازاد کەن بەو جیهانە دڵڕفێنە پڕ لەفەنتازیایەی کە هەرگیز حکومەت و باوك و دایك و قوتابخانە ناتوانێت بەو شێوەیە ڕۆڵەکانی خۆی پەروەردە بکات وەك سینەما دەیکات. نەبوونی هۆڵی سینەما لەپایتەخت چاکترین نموونەی تێنەگەیشتنە لەهێز و بازوی بێهاوتای سینەما بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەی کورد – باشترین بەڵگەیە بۆ گاڵتەجاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەیامی فیلم کردن و چەواشەکردنی فیلمکاران و کۆمەڵگەی کورد.
*زۆر جار دەبینین هەر سینەماكارێك لەشوێنی خۆی كارێك دەكات و هەندێكیان لەدوور و نزیكەوە ناگەڕێنەوە بۆ وەزارەت و لایەنی پێوەندیدار، پێتوایە هۆكاری ئەم بێسەروبەرییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- کۆبوونەوەی فیلمکاری کورد لەیەکتر، بەیەکەوە کارکردن و لێکۆڵینەوە و وۆرکشۆپ و سمینار، و بەیەکداچوونەوە و ڕەخنەگرتنی زانستیانە، و شیتەڵکردنەوەی بەرهەمەکان، ئەمانە هەموویان چ بۆ فیلمکارانی ناوەوەی وڵات و چ بۆ ئەوانەی دەروەی وڵات، زۆر گرنگن و دەبنە هۆی لێك نزیكبوونیان زیندوکردنەوی خۆشەویستی فیلم و سینەما لەناو کۆمەڵگەکەمان، بەڵام ئەمە دەردی تەنیا نەزانی وەزارەت نییه لەکەمتەرخەمی کردن لەکۆکردنەوەی فیلمکاران، نەخێر فیلمکاری کورد ئەمڕۆ ئەوەندە لەخۆی بەشکە کە فیلمێك دروست دەکات، نایەوێت فیلمکارێکی تری کورد لەگەڵیدا دەستبەکاربێت، دەترسێت لەبودجەکەی بخوات. لەڕاستیدا دەبێت ئەو ترسە لەناوبچێت و فیلمکاران پێویستە لەیەك کۆببنەوە و پشتگیری یەك بکەن و هاوکاری یەك بن لەبەرهەمەکان. بەڵام ئەم کارە لەکاتێکدا ڕوودەدات کە لەناو فیلمکارانی کورد ترسی بودجە خواردن نەمێنێت.