كەمال عەلی: دوو دڵم لەگۆرانی وتن
* كە كوردستانت جێهێشت لەئاستێكی بەرزدا بووی لەڕووی جەماوەری و بەرهەمەوە، پێتوانییە كە ڕۆیشتی ئاستی جەماوەریت دابەزی؟
- هەندێك جار شەرم دەكەم ئەگەر بڵێم هونەرمەندم، پێم وابێت ئێوە و هەموو لایەك هۆكارەكەی دەزانن.
* بەڵام لەهەموو شوێنێك كەسانێك هەن بەناوی هونەرەوە خۆیان دەناسێنن، واتە ئەو دیاردەیەی كە ئێستا هەیە لەكوردستان لەزۆر شوێنی تریش نییە؟
- ئەوەی كوردستان زۆر جیاوازە، چونكە بیركردنەوەو ئاستی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی ئێمە ئەو كارەی پێ هەزم ناكرێت، فۆرمە هونەریەكان تێكەڵ بوون ئەگەر تەنانەت كاری باشیش بكەیت هەر مەحاڵە.
* لەكوردستان لەهەموو سەردەمێك ئەو دیاردەیە نەبووە؟
- زۆر بەئاسانی دیاردەكە هونەری نییە، بەڵكو فرۆشتنی لەشە لەبەرامبەر دراو و بۆ زیاتر خۆش گوزەرانی كردنی چەند كەسێك.
* مەبەستم تەنیا ئافرەتەكان نییە؟
- وەكو پێشتریش وتم فۆرمەكان تێكەڵ بوون، ئەگەر كاری هونەری باشیش بكەی كارەكەت وەكو جاران زەحمەتە بڵاوببێتەوە.
* ئایا هەر شتێك بڵاوبكرێتەوە بەكاری هونەری دادەنێیت؟
- هونەرمەند تەنیا ئیش و كاری بەوە ناڕوا كە كاری نوێی هەبێ، هەندێك لەكەناڵە ئاسمانیەكان لەشێوەی مافیەی ڕێكخراون، لەوانەیە ئەو شتانەت ئاگا لێ نەبێ، بەڵام ئێمەی هونەرمەندان ئەو شتانە دەزانین و دركیان پێدەكەین، بەڵام كێشەكەمان لەوەدایە كە هونەرمەندەكانمان یان ترسنۆكن یان ئاستی ڕۆشنبیریان ئەوەندە بەرز نییە هەست بەمانە بكەن، ئەگەر ئێوە ئاگادار بن پێش ماوەیەكی زۆر كە كەناڵی كۆرەك تیڤی كرایەوە لەگەڵ ڕێزم بۆیان چەند كەسانێكی نا شارەزا بەڕێوەیان دەبرد، لەبەر بەرهەمی چەند كەسێك زیاتر بەرهەمی كەسانی تر بڵاونەدەكرایەوە تەنانەت ئەگەر مامۆستا ناسری ڕەزازیش بوایە.
* كەمال عەلی بۆ كێ گۆرانی دەڵێ؟
- ئێستا دوو دڵم لەگۆرانی گوتن، جاران بۆ خۆشەویستی ئێستا نازانم بۆچی.
* پێتوایە ئەم قسەیە هەڵە نییە كەسێكی هونەرمەندی وەك جەنابت بڵێ دوو دڵم لەگۆرانی وتن؟
- لەوانەشە وابێت، بەڵام هۆكاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەو قسەیە بكەم، وابزانم هەندێكیانم بۆ ڕوون كردویەتیەوە.
* تا چەند ئامادەییت هەیە قوربانی بۆ هونەرەكەت بدەی؟
- هونەر لەناو خوێنمایە هەتا مردن، پێمخۆشە بەردەوام بم، بەڵام بۆ من كارێكی ئاسان نییە و بەربەستی زۆرم لەبەردەم دایە.
* بەربەستەكان تەنیا لەبەردەم تۆن یان بۆ هەموو هونەرمەندان بەهەمان شێوەن؟
- من تەنیا باسی خۆم دەكەم ناتوانم باسی كەس بكەم و نازانم بۆ ئەوانیش هەمان بەربەست هەیە یان نا.
* چی نوێت هەیەو خەریكی چیت؟
- چەند بەرهەمێكی نوێمان لەبەر دەست دایە كاری بۆ دەكەین و مانگی تەمموز تەواو دەبن.
* بۆچی تا مانگی حەوت پێتوانییە درەنگە؟
- كارەكان دەكەونە مانگی تەمموز، چونكە بۆ تەواو كردنیان پێویستە بێمەوە كوردستان لەوێ دەنگیان بخەمەسەر، بەڵام موزیكەكە پێش مانگی تەمموز لەكوردستان تەواو دەبێت.