شەممە لە هەولێر براكوژی دەست پێدەكا

شەممە لە هەولێر براكوژی دەست پێدەكا
لەمیانی چالاكییە بەردەوامەكانی كەرنەڤاڵی رۆژی جیهانی شانۆ لە هەولێر، كە بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر سازیكردووە، بڕیارە تیپی هونەری رۆژ بە هەوكاری بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر شانۆگەری براكوژی لە ئامادەكردن و دەرهێنانی مەهدی حەسەن نمایش بكەن.
شانۆگەری براكوژی لە رۆمانی براكوژی نیكۆس كازانزاكی وەرگیراوەو هەریەك لە"مەهاباد ئەمین، رابەر شێرزاد، رێژنە دڵدار، دڵشاد شەهاب، سەركار ستار، هەڵۆ ئازاد، هاوبیر حوسێن، هەژار ئەنوەر"" وەك ئەكتەر لە كارەكە بەشدارن و بڕیارە ئەم شانۆگەرییە لە كاتژمێر 5ی ئێوارەی رۆژانی 7و8و9/4/2012 لە هۆڵی گەلی شاری هەولێر نمایش بكرێ.
لە لێدوانێكی تایبەتدا مەهدی حەسەنی دەرهێنەر گوتی"ئەگەرچی لە رۆمانەكەدا باس لە براكوژی یۆنان كراوە، وەلێ لەوانەیە لەو نمایشەی ئێمە باسی براكوژی لە قابیل و هابیلەوە بكات، كە تاكو ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم براكوژییە بەردەوامەو لەو نمایشەی من براكوژی لە زاكیرەی هەریەك لە ئەكتەرەكان بەجۆرێك لە جۆرەكان دەربڕینی خۆی هەیە، چونكە براكوژی سڕینەوەی بەهاكانی مرۆڤایەتییە.
مەهدی گوتیشی"كاتێك برا دەستی بچێتە خوێنی براكەی ئیتر چ شتێك مانای دەمێنێ".
Top