هه‌ولێر..له‌پیشانگایه‌كی فۆتۆییدا كۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌ی كوردستان نمایشده‌كرێت

هه‌ولێر..له‌پیشانگایه‌كی فۆتۆییدا كۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌ی كوردستان نمایشده‌كرێت
به‌ بۆنه‌ی یاده‌كانی راپه‌ڕین و كۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌ی كوردستان، ئه‌مڕۆ 2-4 كۆمه‌ڵه‌ی وێنه‌گرانی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی پارێزگاری هه‌ولێرو سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی وێنه‌گرانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ فۆتۆگرافه‌ران، له‌گه‌له‌ری شانه‌ده‌ری شاری هه‌ولێر دووه‌مین پیشانگای تایبه‌تی فۆتۆگرافی بۆ هونه‌رمه‌ند عه‌لی ره‌شیدی فۆتۆگرافه‌ری كوردستانی رۆژهه‌ڵات كرده‌وه‌.

له‌و پیشانگایه‌دا عه‌لی ره‌شیدی فۆتۆگرافه‌ر له‌ رێگه‌ی فۆتۆكانییه‌وه‌ په‌یامی نیشاندانی نه‌هامتییه‌كانی كۆچ و ژیان و گوزه‌رانی ئه‌وكاته‌ی گه‌لی كوردی نیشانده‌دا له‌چاوی كامێراكه‌یه‌وه‌ كه‌ وێنه‌كانی بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌مێژووی گێڕانه‌وه‌یه‌كی نامۆ له‌ نه‌هامه‌تیدا.

هه‌ر له‌و پیشانگایه‌دا بۆ نیشاندانی رووی پڕ مه‌ینه‌تی كۆڕه‌و به‌ نه‌وه‌ی نوێ و منداڵانی گه‌لی كوردو ئاشنابوونیان به‌و كاره‌ساته‌ له‌بیرنه‌كراوه‌، باخچه‌ی ساوایانی بێتواته‌ی شاری هه‌ولێر ئاماده‌ی پێشانگاكه‌ بوون و له‌لایه‌ن مامۆستاكانیانه‌وه‌ ناوه‌ڕۆكی دیمه‌نی فۆتۆكانیان بۆ شیده‌كرایه‌وه‌.
عه‌لی ره‌شیدی فۆتۆگرافه‌ر رایگه‌یاند: مێژووی ئه‌و وێنانه‌ بۆ ساڵی 1991 ی كۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وكاته‌ له‌ تارانه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌مان پێگه‌یشت و منیش وه‌ك فۆتۆگرافه‌رێك هاتمه‌ سنوری حاجی ئۆمه‌ران و چه‌ندین وێنه‌م تۆمار كرد.

وتیشی: ئه‌مڕۆ له‌و پیشانگایه‌دا 52 وێنه‌م له‌و وێنانه‌ نمایشكردووه‌، هه‌روه‌ها به‌نیازین هه‌مان پیشانگا له‌شاره‌كانی تری كوردستانیش بكه‌ینه‌وه‌.

عه‌لی ره‌شیدی فۆتۆگرافه‌ر له‌دایكبووی ساڵی 1967ی پیرانشاری ئێرانه‌و له‌ساڵی 1991 دا وه‌ك فۆتۆگرافه‌رێكی كوردستانی ئێران له‌ تارانه‌وه‌ دێته‌ حاجی ئۆمه‌ران سنوری نێوان كوردستان و ئێران كه‌ به‌شێكی كۆڕه‌وه‌كه‌ی له‌خۆگرتبوو، له‌وێ چه‌ندین وێنه‌ی مێژوویی تۆمار ده‌كات و ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ مێژووی دیكۆمێنتی وێنه‌یی كۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كوردو ئه‌مه‌ بۆ دووه‌م جاره‌ كه‌ ئه‌و وێنانه‌ له‌شاری هه‌ولێر نیشانده‌دات.
Top