هەولێر بە كەرنەڤاڵێكی گەورە یادی رۆژی جیهانی شانۆ دەكاتەوە
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر هاتووە، كە بەبۆنەی رۆژی جیهانی شانۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەیان كەرنەڤاڵێكی پڕ لە چالاكی و كاری شانۆیی لە پارێزگای هەولێر سازدەكا، كە تێیدا لەهەریەك لە"هۆڵی گەل، هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ، پەیمانگای هونەرەجوانەكان، كۆلیژی هونەرەجوانەكان، كۆیە، رواندز" شانۆگەری نمایش دەكرێ.
هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە كە دەستپێكی ئەو كەرنەڤاڵە لە كاتژمێر 11ی بەیانی 27/3/2023 لە هۆڵی گەلی شاری هەولێر بە مەراسیمێك دەستپێدەكاو لە رۆژی دووەمیشدا لەپەیمانگای هونەرەجوانەكان چەند دیمەنێكی شانۆیی پێشكەش دەكرێ و لە تاقی ئێوارەی رۆژانی 28و29/3 لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ شانۆگەری ئەنجامی درۆكردن لە نووسینی رووپاك عەبدولقادرو دەرهێنانی شەهرام نامیق نمایش دەكرێ، كە بەرهەمێكی منداڵانەیە.
لەتاقی بەیانی سێیەم رۆژی كەرنەڤاڵەكەش 29/3 لە كۆلیژی هونەرەجوانەكان شانۆگەری هەرەسی بەفر لە دەرهێنانی دێرین حامید نمایش دەكرێ و لە چوارەم رۆژی كەرنەڤاڵەكەشدا لە شاری كۆیە چەند چالاكییەكی شانۆیی ئەنجام دەدرێ و لە رۆژی دواتریش 31/3 لە شارۆچكەی رواندز شانۆگەری فریشتەی كوژراو نمایش دەكرێ.
لەدرێژەی نمایشەكانی ئەو كەرنەڤاڵەو لەسەرەتای مانگی تازەداو لە 3 رۆژی لەدوای یەك 1و2و3/4/2012 شانۆگەری چایخانەی عەبۆ لە دەرهێنانی گۆڤار ئەنوەر لە هۆڵی گەل نمایش دەكرێ، رۆژانی 2و3و4/4 لەهۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ شانۆگەری رەشگوڵ لە دەرهێنانی رەگەز جاف نمایش دەكرێ و دواتر شانۆگەری براكوژی لە ئامادەكردن و دەرهێنانی مەهدی حەسەن لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ نمایش دەكرێ.
لەكۆتابەشی راپۆرتەكەی بەڕێوەبەرایەتی شانۆدا هاتووە كە هەر بەبۆنەی رۆژی جیهانی شانۆ بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر 200 كتێبی شانۆیی وەك دیاری پێشكەشی شانۆكارانی شارۆچكەی رانیە كردووە.