سروود حاتەم خۆی دەرهێنەری تازەترین كلیپیەتی

سروود حاتەم خۆی دەرهێنەری تازەترین كلیپیەتی
گۆرانی (لەیادم كە) دوا كلیپی هونەرمەند (سروود حاتەم)ە كە لەهۆنراوەی هۆزانڤانی لاو (شەهاب زەنگەنە)و ئاوازی هونەرمەند (سالار نەورۆز)ە، هونەرمەندی میوزیكژەن (نیهاد سابیر) كاری دابەشكردنی میوزیكی بۆ كردووە، سەرجەم دیمەنەكانی ئەم كلیپە لەوڵاتی توركیا لەلایەن (زەكەریا رەزا) وێنەی گیراوە، هەروەها كاری میكس و مایسترینگ لەلایەن (رێناس كورداغ) ئەنجام دراوە، سەبارەت بەبەرجەستەكردنی سیناریۆی كلیپەكەش ستافێك لە كوردانی باكووری كوردستان و محەمەد مەخمووری لە باشووری كوردستان كاری نواندنیان تێداكردووە، كلیپی گۆرانییەكە لەلایەن هونەرمەند) سروود حاتەم( خۆی كاری دەرهێنانی بۆ كراوە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا سروود حاتەم وتی"هەندێ لە هونەرمەندان كە بەمەبەستی كلیپكردن دەچنە دەرەوە، باس لەوە دەكەن كەپارەیەكی زۆریان سەرفكردووەو بەكوالێتێكی باش كلیپەكانیان بەرهەم هێناوە، من بەپێچەوانەی ئەمە دەڵێم دەتوانرێ بەكامێرایەك كە ئێستا لەم وڵاتەی ئێمەدا هەیە بەهەمان ئەو كوالێتە باشە كاربكەین و ئەو هەموو پارە زۆرەشی تێنەچێت، گرنگ ئەوەیە ئەو سیناریۆیەی كە دانراوە، ئەكتەرەكان بەباشی رۆڵەكان بەرجەستە بكەن و ئەو پەیامەی كە لەناوەڕۆكی گۆرانییەكە هەیە بتوانین بیگەینین".
گوتیشی "بەراستی كاری دەرهێنان كارێكی ئاسان نیە و من دەرهێنەرنیم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیرۆكەی خۆم بوو، جگە لەوەش (یەحیا رەزا) رۆلێكی بەرچاوی هەبووە لە كوالێتی ئەم كلیپە و هەر خۆشی كاری مۆنتاژی بۆ ئەنجامداوە، بۆیە بە هاوكاریی گروپی (سەنتەری ڤالا) ویستم لەم كارەدا پشت بەخۆمان ببەستین، ئێستاش كلیپەكە لە قۆناغی كۆتایی دایە و بەم زووانە بڵاودەكەمەوە".
شایانی گوتنە هونەرمەندی لاو (سروود حاتەم) لەساڵی ١٩٩٨ دەستی بەكاری هونەری كردووە، تا ئێستا خاوەنی ئەلبوومێك و شەش كلیپە.
Top