به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئافره‌تان 2 پێشانگه‌ی شێوه‌كاری و فۆتۆگرافیی له‌ هه‌ولێر كرایه‌وه‌

به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئافره‌تان 2 پێشانگه‌ی شێوه‌كاری و فۆتۆگرافیی له‌ هه‌ولێر كرایه‌وه‌
ئه‌مرِۆ له‌ چوار چیوه‌ی چالاكیه‌كانی تایبه‌ت به‌ رۆژی 8 ی مارس رۆژی جیهانی ئافره‌تان، به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ر و وه‌رزش و لاوان له‌گه‌ڵ گرووپی هاوكارێیانی هونه‌ر له‌ یه‌ك ساتدا 2 پێشانگه‌ی شێوه‌كاری و فۆتۆگرافیی كرایه‌وه‌.

پێشانگه‌یه‌كان له‌ هۆڵی پێشه‌وا له‌ شاری هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی كاوا مه‌حموود وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان و ژماره‌یه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندان و بینه‌ر كرایه‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی 2 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێ.

فائیده‌ عه‌بدوڵا جێگری به‌رِێوه‌به‌ری هونه‌ری شێوه‌كاری رایگه‌یاند "له‌ پێشانگه‌ی تایبه‌ت به‌ شێوه‌كاری 19 شێوه‌كاری ئافره‌ت به‌شدار بوونه‌ و 32 تابلۆی شێوه‌كاری كه‌ سه‌رجه‌میان گوزارشتیان له‌ قۆناغه‌كانی ژیانی ئافره‌ت ده‌كرد نمایش كردووه‌".

روونیشیكرده‌وه‌ "هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك له‌ سه‌ر لایه‌نێك له‌ لایه‌نه‌كانی ئافره‌ت كاری كردووه‌ و قه‌باره‌ی تابلۆیه‌كانیش 30x50، یان 50x80، 60x80 سانتیم مه‌تره‌، جۆره‌ها ره‌نگیش به‌ كار هێنراوه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "له‌ پێشانگه‌ی فۆتۆگرافیش 10 هونه‌رمه‌ند به‌شدار بوونه‌ كه‌ 22 تابلۆی فۆتۆگرافی كه‌ فۆتۆگرافه‌ران له‌ ماوه‌كانی رابردوودا گرتوویانه‌ نمایش كردووه‌".

گوتیشی، ئه‌وانیش ته‌نیا پێوه‌ندیان به‌ ئافره‌ت و گرنگی به‌شداری پێ كردنی ئافره‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و ئه‌و قۆناغانه‌ی كه‌ تێیدا گوزه‌ر ده‌كات.
Top