نەشتەرگەری جـــوانكاری هونەرمەند و بێژەران

نەشتەرگەری جـــوانكاری هونەرمەند و بێژەران
ئا/بەهرە سدیق

لەئێستادا ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاری بەهەموو شێوەكانییەوە، بووەتە دیاردەیەكی باو بەگشتی و هونەرمەندان و ڕاگەیاندنكاران بەتایبەتی لەسەرتاسەری جیهان، بەحوكمی ئەوەی لەوڵاتانی دەوروبەری كوردستانیش ئەم دیاردەیە پەرەی سەندووە، ئەوا خەریكە لەكوردستانیش سەرهەڵدەدات. ئەگەرچی كەم كەس هەن دان بەئەنجامدانی بنێن، ئەمەش لەبەر قسەوقسەلۆكی كۆمەڵگە یان لەبەر هەر هۆیەكی دیكە بێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت پێویستە ئافرەت بەڕووخسارێكی گونجاو لەسەر شاشە و لەپێش جەماوەر دەربكەوێت، جا هونەرمەند بێت یان پێشكەشكار و بێژەر، سەبارەت بەم بابەتە چەند هونەرمەند و ڕاگەیاندنكارێكمان بەسەركردنەوە بەمشێوەیە وەڵامیان داینەوە.
«نەشتەرگەری جوانكاری و ماكیاجی زیاد لەپێویست ئافرەتان ناشرین دەكات نەك جوان» ئەمە قسەی بەڕێز حاجی بێژەری كەناڵی ئاسمانی كوردستانە، ئەو دەڵێ: دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەمووچاو دەگەڕێتەوە سەر شێوەی جاران ئەگەریش زووتریش نەگۆڕێت، بێگومان هەموو كەس دەزانن ئەم جوانیە سرووشتی نییە، بەڵكو دەستكردە، لایەنێكی دیكەش چاولێكەری ناو كومەڵگەیە بونموونە لەوڵاتی ئێران هەركەسێك نەشتەركدگەری جوانكاری لووتی خۆی نەكردبێت بەشێوەیەكی جیاواز سەیری دەكەن، چونكە زۆربەی كچان و كوڕانی ئەو وڵاتە نەشتەرگەریی لوتیان كردووە.. لەكوردستان هێشتا باو نییە بەو شێوەیەی وڵاتی ئێران، بەڵام زور كەس دەچنە لوبنان و توركیا بۆ ئەنجامدانی، من ناشرین بم یان جوان دەستكاری كاری خوای گەورە ناكەم پاشان هیچ كاتیك ئارەزووی ئەوەم نەبووە بەڕێگای نەشتەرگەری خۆم جوان بكەم، چونكە ئەوە لای من خەتی سوورە .
سەبارەت بەجوانی سروشتی و دەستكرد بەڕێز دەڵێ: بێگومان سروشتی دروستبوونی مرۆڤ زۆر جوانە و هیچ كەسێكیش نییە ناشرین بێت، جوانی مرۆڤەكان لای من لەناخیانە نەك لەڕووخساریان، خوای گەورە جوانی بەهەموو كەس داوە، بەڵام هەركەسەو بەشێوەیەك، بۆیە لای من مرۆڤ بەسادەیی و سروشتی خۆی جوانە نەك موبالەغەكردن لەشێوەی ڕووخساری بەماكیاج یان نەشتەرگەری، بۆیە نەشتەرگەری جوانكاری و ماكیاجی زیاد لەپێویست ئافرەت ناشرین دەكات نەك جوان.
بەڕای شیفا گەردی بێژەری كەناڵی ئاسمانی زاگرۆس، جوانكاری شتێكی زۆر ئاساییە بۆ هەموو كەس نەك ئەكتەر و بێژەر ئەگەر پێویست بێت، چونكە هەموو كەس حەز بەجوانی دەكات، پێموانییە تەنیا هونەرمەندان و بێژەران جوانكاری بكەن، بەپێچەوانەوە ئەوەندەی لەناو توێژەكانی تر جوانكاری ئەنجام دەدرێت، كەمتر ئەو پشكە بەر ئێمە دەكەوێت.
شیفا پێیوانییە كە نەبوونی متمانە بەخۆیان لەنێو ئافرەتان هۆكار نییە و ئەو دەربڕینە هەڵەیە بەرامبەریان، چونكە هەریەك لەهونەرمەندان دەچێتە سەر شانۆ یان هەر بەشێكی تری هونەری ئەوە خۆی لەخۆیدا بڕوابوونە بەكەسایەتی خۆی، بۆ ڕاگەیاندكاریش بەتایبەت بێژەر ئەوە تواناو لێهاتوویەكی زۆری دەوێ تابتوانن ئەو كارە بكەن، تا ئێستا هیچ جوانكاریەكم ئەنجام نەداوە، بەڵام ئەگەر پێویست بێ زۆر ئاساییە هەرچەندە جوانی سروشتی لای من لەهەموو جوانییەكانی تر جوانترە، بەڵام من دژی ئەو جوانكاریەم كەدەبێتە هۆی شێواندنی ڕووخساری كەسەكە تا وای لێ دێت دەم و چاوێكی دەستكردی هەبێت.
خانمە هونەرمەند نازێ عەزیزی دەڵێ «مەسەلە خۆدەرخستن نییە، ئافرەتی هونەرمەند بەگشتی یان ئافرەت عاشقی جوانییە، هەر ساڵەو دەبێ بەستایلێك دیار كەون، ئەم جوانكاریە ئێستا زیاتر لەلوبنان باوە دوایی لەئەمریكا، كەواتە بۆتە مۆدەیەكی سەردەم، تەمەن دەڕوا پێست خراپ دەبێ دەم و لێو و ددان هەمووی كاریگەری هەیە لەگەڵ تەمەن، چونكە ئەوانە هەمیشە لەسەر شانۆ و شاشەی تیڤین دەبێ بەشێوازێك خۆیان بگۆڕن تا ببینرێن، هونەری ئێمە ئێستا زیاتر چاو لێكردنە تاكو گوێ لێگرتن، بۆیە ئافرەت دڵی بەئەمانە خۆشە، من تا ئێستا جوانكاریم نەكردووە هەر ماكیاج دەكەم كە لەئەوروپاوە بۆم دێ، چونكە پێستم خراپ نەبووە ئەگەر تەمەن ڕۆیی و پێویستیم پێبوو لەوانەیە منیش جوانكاری بكەم، چونكە بمانەوێ نەمانەوێ ئێستا جوانكاری زۆر گرنگە خەڵكەكە سەیر دەكا زیاتر لەوەی گوێ بگرێ یان بیری لێ بكاتەوە، لەكۆندا ئەوە نەبوو من خۆم كەمنداڵ بووم هونەرمەند هەبوو حەزم دەكرد وێنەكەی ببینم، بەڵام ئێستا زۆر لەسەر تیڤی و ڕۆژنامەو گۆڤارەكان دەردەكەون، بۆیە جوانی بۆتە مەرج بۆهونەر، بابڵێین ئێستا هونەرمەندە ئافرەتەكانی كورد هەموویان كردویانە، من نەپارەم هەیە و نەئەوەندە ناشرینم جوانكاری بكەم، ئەمڕۆ بۆ ناوبانگ جوانی زۆر زۆر گرنگ بووە و شتێكی باوە، جوانی لەگەڵ پێشكەوتن و تەكنۆلۆژیا گرنگ بووە، من وەكو نازێ هیچ كات سیفەتی ئینسانەكان یان دڵ و دەروونی ئینسانەكان ناتوانم لەڕووخساریان ببینم، بەڵكو لەدەنگ و ئیحساسیان هەستی پێ دەكەم، بۆ من جوانی گرنگ نییە، ئێمە دەتوانین لەشمان ڕێك ڕابگرین وەك و قیافەو نەهێڵین قەڵەو بین واتە جوانیەكە سروشتی بێت».
مەروە محەمەدی ئەكتەری شانۆ و دراماكان پێیوایە ئەگەر پێویست بێت ئاساییە نەشتەرگەری بكرێت، بەڵام نەك بۆ ئەوەی ببێتە هۆكاری شێوە گۆڕین وەكو ئەوەی ئێستا باوە كە بەلامەوە هیچ پێویست نییە، زۆر جوانترە هونەرمەند بەسروشتی خۆی دەركەوێت، مەروە هەروەها دەڵی: زۆر كەس هەیە باسی ئەوە ناكات كە نەشتەرگەری جوانكاری ئەنجام داوە، بەڵام كاتێك یەكێك نەشتەرگەری دەكات بۆچی باسی ناكا؟
هەر سەبارەت بەم بابەتە بێژەری كەناڵی ئاسمانی كوردسات نیشتمان وتی «ڕواڵەت واتە زاهیری مرۆڤ قسەی یەكەم دەكا بۆ هونەرمەند و میدیاكار حاڵی حازر ئەنجامدانی جوانكاری مانای ئەوە نییە بڕوایان بەخۆیان نییە، بەڵكو جورئەتێك بەكەسەكە دەدات لەڕووی ئەدا و نواندنەوە، ئێستا وەكو دەبینین تاڕاددەیەك ئەو حاڵەتە كەم بۆتەوە و ئەو دوو توێژە كەقسەی لەسەر دەكەین پتر خۆیان ڕۆشنبیر دەكەن تا وەكو گرنگی زۆر بەڕووخسار بدەن، نە ئەداو نواندن، بەڕای من كەسایەتی لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە دوایی ئاستی ڕۆشنبیری و ئینجا جوانی ڕووخسار.
فابیان عەون ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری گۆڤاری «تەندروستی لوبنانی» لەبارەی ئەو بابەتەوە دەڵێ: هونەرمەند هەمووكات پێویستە جوانتر بێ بۆئەوەی زۆرترین هاندەر و جەماوەری هەبێ، شەرم ناكات، بەڵام دەیەوێ ئەوە نیشان بدات كەهونەرمەندێكی ئاسایی و سادەیە و تەقلیدی ئەوانی تر ناكات، ئەوەش لەبیر نەكەین كاتێك ئافرەت هونەر وەكو پیشە وەربگرێ دەگەڕێ بەدوای ئەوەی زۆر وروژێنەر بێ، چونكە بەدەر لەهەموو مەرجەكانی تر وەك ئەدا و لێهاتوویی و توانا، ئێستا پێویستە هونەرمەند و بێژەر بەشێوەیەك دەربكەون كە مەقبول بێت لای جەماوەر، ئەوەش پێویستی بەگەورەكردنی سینگ و لێوەكان هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سۆلاریۆم بۆ گۆڕینی ڕەنگی پێستی.
Top