یوسراش ترسی هەیە

یوسراش ترسی هەیە
خانمە ئەكتەری میسری یوسرا بەئاشكرا ڕایگەیاند كەوا ترسێكی زۆری لەهەڵكشانی ڕەوتە ئیسلامییەكانی میسر هەیە بەتایبەتی بۆ سەر دواڕۆژی هونەر لەو وڵاتە.
یوسرا دەربارەی ئەم مەسەلەیە وتی: ترسی خۆم نەشاردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا چاوەڕوانی ئەوەین كە ئەو ڕەوتانە بەكردار چۆن هزر و پرەنسیپەكانی خۆیان دەربارەی هونەر دەخەنە و ڕوو و چۆن دەڕواننە هونەر و هەڵوێستیان بەرامبەر بەهونەر چی دەبێت، چونكە لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە كە سەركەوتنیان بەدەستهێنا تا ئێستا هەڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرایان نییە، بەڵام من دەمەوێ شتێك ڕوون بكەمەوە ئەویش ئەوەیە هونەر ڕەنگدانەوەی كۆمەڵگەیە بۆیە پێویستە شتە باش و خراپەكان لەڕێگای هونەرەوە نیشانی خەڵك بدرێن و گفتوگۆ لەسەر گشت كێشە زەحمەت و هەستیارەكان بكەین كە كۆمەڵگەكەمان بەدەستییەوە دەناڵێنێت، و بەهیچ شێوەیەك ناكرێ تەنیا لایەنە باشەكان نمایش بكەین و وا دەربخەین كە كۆمەڵگەكەمان نموونەیی و بێ كەموكوڕیە، چونكە ئەو كات لەڕاستییەكان دوور دەكەوینەوە و هونەریش دەبێتە درۆ و دوو ڕوویی.
یوسرا‌ زۆر جار ڕەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت كە فیلمەكانی زیاد لەپێویست وروژێنەر و سەرنجڕاكێشن تەنانەت هەندێك جار هێڵە سوورەكانیش دەبەزێنن و ڕەنگدانەوە و كاریگەرییەكی سلبیان هەبووە لەسەر كۆمەڵگە، لەدیمانەیەكدا و لەوەڵامی پرسیارێك كە ئایا پەشیمان نییە لەو كارانەی ئەنجامیداون، بەئاشكرا گوتی: لەهیچ لەكارەكانی پێشووم پەشیمان نیم لەبەر هۆكارێكی بچووك ئەویش ئەوەیە كە هەر كەسێك لەئێمە هەڵە دەكات و بەدڵنیاییەوەش دەڵێم منیش كەوتوومەتە هەڵەوە، بەڵام ئەم هەڵانە نەگەیشتوونەتە ڕاددەی پەشیمانی و زۆریش سوودم لەهەڵەكانی خۆم وەرگرتووە و هەوڵ دەدەم جارێكی دیكە ئەم هەڵانە دووبارە نەكەمەوە لەكارەكانی داهاتوومدا، چونكە مرۆڤ هەمیشە دەبێ پەند لەكارەكانی پێشووی وەربگرێت.
سەبارەت بەهێڵە سوورەكانیش كە ناكرێ بیانبەزێنیت، یوسرا دەڵێ: لەهونەر بەگشتی و سینەما بەتایبەتی شتێك نییە ناوی بنێین (هێڵی سور)، چونكە سینەما پێویستی بەهەموو شتێكە، ئەم هێڵانەش وەك وتم ڕەنگدانەوەیەكی ڕاستەقینەی واقعن، بۆیە من دژی ماچ كردن یان دیمەنی وروژێنەر نیم ئەگەر بتوانرێ بەشێوەیەكی ڕاست و دروست بەكار بهێنرێ و سوودی لێ وەربگیرێ، پێویستە سینەما بچێتە خەیاڵی بینەرەوە و بەڕووداوەكانی قەناعەت بۆ بینەر دروست بكات، ئەگەر لەمەیان سەركەوتوو نەبووین، ئەوا بێگومان چەند فیلمێكی ئاست نزم پێشكەش دەكەین كە لەگەڵ مێژووی ئێمەدا ناگونجێت.
Top