فەرهەنگ غەفور: ئەگەر هەر لەخەو دابین ئــەوا دوژمنان بەدزینی كەلتور پێمان دەوێرن

فەرهەنگ غەفور:   ئەگەر هەر لەخەو دابین ئــەوا دوژمنان بەدزینی كەلتور پێمان دەوێرن
گروپی نەوای هەولێر بەیەكەم بەرهەمی خۆی چەند گۆرانییەكی ڕەسەنی كوردی بەشێوازێكی نوێ زیندوو كردەوە و بەیەكێك لەسەركەوتووترین و پڕ فرۆشترین بەرهەمەكانی ساڵی 2011 دانرا، ئێستاش گرووپی ناوبراو خۆی ئامادە دەكات بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمێكی نوێ بەهەمان ڕێچكەی بەرهەمی یەكەم، بۆ باسكردنی كاری نوێیان مامۆستا فەرهەنگ غەفور بەم شێوەیە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.

ئا:خەلیل بلەیی


جەماوەر تینووی گۆرانی ڕەسەنە
فەرهەنگ غەفور پێشبینی ئەو پێشوازییەی دەكرد كە لەیەكەم بەرهەمی نەوای هەولێر كرا و دەڵێ: هەر كارێكی هونەری بەر لەبڵاوبوونەوەی كۆمەڵێك شت لەخۆی هەڵدەگرێ، لەو شاكارە هونەریەی كە یەكەم بەرهەمی نەوای هەولێر بوو، توانیمان چەند گۆرانیەكی فۆلكلۆری ڕەسەن نوێبكەینەوە بەشێوازێكی پرۆفیشیناڵ، ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئەوە دەگەیەنێ موزیكی كوردی پڕە لەشاكار، هونەرمەند كە كارێك بڵاودەكاتەوە هەمیشە نیگەرانە لەوەی ئایا دەتوانێ جەماوەر لەخۆی كۆبكاتەوە یان نا، من پێشبینی ئەو سەركەوتنەم دەكرد، چونكە ساڵانێكە دەبینم جەماوەر تینوی ئەو گۆرانیانەیە كە زووتر دەگەنە گوێچكەی، لەمنداڵێكەوە بگرە تا هونەرمەندە بەتەمەنەكانیش.
هەر كارێكی هونەری كە لەگوێچكەی باب و باپیرانەوە لەدەمی ئەوانەوە گوێبیستی بووین، خۆی لەخۆیدا كۆمەڵێك یادگاری هەڵدەگرێ. ئەمەش بەشێكی دیكەی قسەكانی هونەرمەند فەرهەنگ غەفورە و پێیوایە هەمیشە مرۆڤ بەحەز و تاسەوە گوێ لەو یادگاریانە دەگرێت و تەماشایان دەكات ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت گەنجی ئەمڕۆ زۆر بەئینتیماوە گوێ لەگۆرانی ڕەسەن دەگرێت.
مامۆستا فەرهەنگ غەفور زیاتر دەڵێ:
- زۆر جار گلەیی ئەوەمان لێكراوە كە بۆچی بە بەرهەمێكی خۆتانەوە دەستتان پێ نەكرد و بە بەرهەمی فۆلكلۆر دەستتان پێكرد؟ بۆچی گەنجی ئێستا حەزی گوێگرتنی لەگۆرانی كوردی كەم بووە؟ ئەم سەردەمە وایكردووە بەهۆی میوزیكی بیانی و عەرەبی و توركی و فارسی ئینتیمای نیشتیمانیان لاواز بێت، ڕاستە ئێمە هەموومان لەمنداڵیەوە گوێ لەو گۆرانیانە دەگرین، بەڵام مانای ئەوە نییە مۆسیقای خۆمان قوربانی مۆسیقای دنیا بكەین، چونكە ئەگەر شتێك هەبێ شانازی پێوە بكەین مۆسیقاو گۆرانیمانە، بۆیە پێویست بوو لەبەشێك گلەیی و گازاندەی جەماوەر دووربكەوینەوە بەوەی كە بەڕاستی خەڵك پێویستی بەسەمایەك نییە وەك ئەوەی تینویەتی بە هەڵپەركێیەك دەشكێ، ئەگەر سەیر بكەین لەسەیران و گەشتەكان نابینین كەسێك سەمایەك جگە لەسەمای كوردی بكات، بۆیە پێویستە ئەو گۆرانیانەی لەدێر زەمانەوە وەكو میلۆدی پارێزراوە و بەرەو نەمان دەچن، نوێ بكرێنەوە. چونكە خەڵك دەگاتە تەمەنێك پێویستە گوێ لەو گۆرانیانە بگرێت، تائێستا چەندین میلۆدیمان هەیە ڕەنگە گەنجێك یان منداڵێك گوێبیستی نەبووە.
لێرەو و لەوێ باس لەدەستێك دەكرێت كە دەیەوێ هونەری ڕەسەنی كوردی لەناو ببات، هونەرمەند فەرهەنگ پێیوایە تا ئێمە لەخەودابین ناحەزوو دوژمنانی كورد چاویان لەكەلتوری ئێمەیە و بەدزینیان پێمان دەوەستن، ڕەنگە تیرۆریستێك نەتوانێت بەڕێگایەكی سەربازی بمانكوژێ، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم هەمیشە بەچاوێكی هەستیارانە تەماشای ئەو گۆرانیانە بكات كە وەكو بناغەی هونەری ماونەتەوە، زۆرجار لەكۆڕ و سیمینارە هونەریەكان دەڵێین فڵان گۆرانی توركیە یان عەرەبیە، بۆیە خەریكە خۆشمان لێمان دەشێوێ.
سەبارەت بەوەی كە بۆچی لەبەرهەمی یەكەمدا گۆرانییە ڕەسەنەكان بەیەك تراك پێشكەشكران و ئایا باشتر نەبوو دابەشی بكەن بۆسەر دوو بەرهەم و لەجیاتی كۆپڵەیەك دوو كۆپڵە یان تەواو بیڵێنەوە؟ مامۆستا فەرهەنگ دەڵێ: زۆرجار ئەو قسەیە دەگوترێ هەروەك چۆن دەڵێی ئێمە هیوامان زۆرە وەك دەڵێی (هەرچەند دەكەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم بۆم نایەتە ژێر هەستم) ئێمە كەمی ڤیتامینمان زۆرە پێوستیمان بەو كۆكتێلە هەبوو وەك چۆن دەڵێی حەزوو ئامانجەكانیشمان ناپێكێ و پێویستیمان بەكۆمەڵێك شتی دیكەش هەیە، هەر گۆرانیەك بەشاكارێك لەشاكارەكان بكەیت یەك سەمفۆنیای گەورەی لێ دروست دەبێت، هەر مۆسیقارێكی گەورەی دنیا لەسەر مۆتیڤە كۆنەكانی خۆی كاری كردووە بۆیە پێویستە ئەو مۆتیڤ و میلۆدیانە كاری باشتری لەسەر بكرێت، ئێمە تا ئێستا كێشەی كەمی دانەری مۆسیقامان هەیە كە هێشتا لامان دروست نەبووە ڕەنگە ناوە ناوە چەند میلۆدیەك ئەنجام دەدرێت، بەڵام ناچێتە قاڵبی داهێنان و دروستكردنی ئاواز، ناڵێم كەس نییە، بەڵكو كەسی نمونەیی نییە لەم بوارە، بەڵام بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن.
سەبارەت بەهونەرمەند ئاڤان عوسمان كە خەڵكی شاری سلێمانییە و ئەندامی گروپی نەوای هەولێرە مامۆستا فەرهەنگ دەڵێ: ڕۆڵی ئافرەت لەشارێكەوە بۆ شارێكی تر جیاوازە، بۆنموونە سلێمانی ڕۆڵی ئافرەتی تێدا زیاترە وەك ئەوەی لەشوێنەكانی دیكە هەیە، هەمیشە لەهەولێر كچان زۆر بەكزی دەردەكەون، توانستی باش هەیە، بەڵام نایەنە سەر شاشەو خۆیان بەدەر بخەن، گۆرانی كوردی دوو دەنگی هەیە دەنگی نێر و دەنگی مێ، بۆیە پێویستە تاكو لەیەك دەنگدا هەردووكی دەربكەون زیاتر بەو دەنگە خراونەتە بەر گوێچكە، زۆر ئافرەتمان هەیە نەیتوانیوە توانای خۆی دەربخات، ئەگەر تەماشا بكەین ئەو سكێڵانەی لەدەنگی ئافرەت دا هەیە زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوانەی پیاو، بۆیە من وای دەبینم دوێت زۆر گرنگە، چونكە پەیژەی پیاو لەگەڵ ئافرەت زۆر جیاوازە.
لەكۆتاییدا سەبارەت بە بەرهەمی داهاتوویان مامۆستای هونەرمەند فەرهەنگ غەفور دەڵێ: بەرهەمی داهاتووشمان وەكو سۆڵۆ جیاوازی هەیە، بەڵام وەكو ئەدا هەر من و ئاڤانین، پێم خۆشە دوای گوێ لێ بوون ڕەخنە هەبێ، بۆئەوەی بتوانین لەرێگەی ئەو ڕەخنەوە كاری باشتر و شتی باشتر ئەنجام بدەین، چونكە ڕەخنە دەبێتە هۆی بنیادنانی شتی جوانتر، واباشە هەمیشە هەڵسەنگاندن هەبێ بۆهەموو بەرهەمێكی هونەری، هەروەها لەبەرهەمی نوێمدا هەوڵم داوە كەئەو گۆرانیانەی بەكوردی و توركی عەرەبی هەیە كۆ بكەمەوە، من ناڵێم ئەوانە هەموو كوردین، بەڵام بەكوردی گوێمان لێ بووە، بۆیە ساخكردنەوەی پێویستی بەكۆمەڵێك دانیشتن و كۆڕی هونەری هەیە، بۆیە كە لەسەردەمێكدا وەكو ڕستە مۆسیقایەك گوتراوە بتوانێ لەرێگەی شیتەڵ كردن و شیكردنەوەی بیسەلمێنی كە كوردین.
هەندێك لەو میلۆدیانەی بەكوردی كراوە بەعەرەبی و توركیش گوێمان لێ بووە، بۆنموونە شاكاری (كە دەڵێین ئەمڕۆ دەشت و كێو شینە) بەعەرەبی و توركیش گوێمان لێ بووە، ئێستا لەمامۆستایەكی كۆنی مۆسیقای كوردی بپرسە دەڵێ كوردیە، بەڵام سەلماندن شەرتە ئایا ئاوازەكەی كوردیە یان شیعرەكەی یان ئادایەكەی یان گۆرانیەكە یان لەكوێوە هاتووە، كوردستانی خۆمان وەكو نموونە وەربگرین لەگەڵ باكوور چۆن پردێك هەبێ بۆپەڕینەوە، لەدێر زەمانەوە گوێمان لێ دەبێ ڕەنگە باب و باپیرانمان گوێیان لێ بووە بەكوردی و بڵێن كوردیە، پێویستە بەشیكارێكی هونەری بیسەلمێنی كوردیە، بۆیە من دەڵێم زیندووكردنەوەی بەرهەمە كۆنەكان زۆر گرنگە، چونكە سەردەمێك دێت توێژینەوەی زانستی یان ئەكادیمی لەسەر ئەنجام دەدرێت بۆئەوەی لەفەوتان ڕزگاربكرێن، زۆر جار لەكۆڕ و كۆبوونەوەكان گۆرانیەك بڵێی گەنجێك هەڵدەستێتەوە دەڵێ مامۆستا ئەوە توركیە، بەڵام سەلماندنەكەی گرنگە ڕەنگە پێش ئەوەی بەتوركی گوترابێ بەكوردی گوترابێ، بەڵام چونكە هونەری كوردی هیچ ئەرشیفێكی نەبووە گەڕیدەیەك هاتووە و تۆماری كردووە، كەزانیویەتی هونەری كوردی بێ ئەرشیفە بردویەتی بۆ وڵاتەكەی خۆی، كورد هەمیشە ڕەوەند و ماڵی وێران بووە، ئەمەش وایكردووە ئەو گۆرانیانە بفەوتێن، ئێستا زەمینە لەبارە بەتایبەتی لەهەرێمی كوردستان، بۆیە دەبێ پەیمانگا و كۆلێژی هونەرە جوانەكان و ئەو گەنجانەی لەو دەزگا مۆسیقایانە كاردەكەن ئەرشیفێك دانێن.





Top