مەهناز كرماشانی:جوانییەکانی ژیان لەئافرەت ڕەنگ دەداتەوە

مەهناز كرماشانی:جوانییەکانی ژیان لەئافرەت ڕەنگ دەداتەوە
كچێكی ڕۆح سووك و بەتوانایە لەبواری میدیادا بەتایبەتی كاری بێژەر و پێشكەشكردنی بەرنامەكان، هەرچەندە بەڕێكەوت ڕووی لەو بوارە كرد، بەڵام ئەو ڕێكەوتە دەرگاكانی بۆ كردەوە تاكو تواناكانی دەربكەون، بۆیە لەچەندین بواری ڕادیۆییدا كاری كرد و بەرنامەی جۆراوجۆری پێشكەش كرد، دواتر ڕووی لەگۆرانی وتن كرد و ئێستاش بەردەوامە، وەك خۆی دەڵێ ژیانم چەندین وێستگەی جیاجیای تێدایە، لەپێوەندییەكدا بەمشێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

ئا:خەلیل بلەیی


*یەكەمجار كاری بێژەریت كرد یان گۆرانی گوتن؟
- دوای هاتنم بۆ وڵاتی سوید بۆ یەکەمجار کاری بێژەری ئاهەنگێکم پێ سپێردرا، هەر لەو ئاهەنگەدابوو پێشنیارێكیان پێشكەش كرد بەوەی كاری بێژەری بكەم لەڕادیۆی کوردستان لەیۆتۆبۆری، ئەمە دەرگایەکی تازەی لەژیانی مندا كردەوە بتوانم خزمەتێک بکەم. هەربۆیە ڕازی بووم، بەڵام من هەر لەتەمەنی منداڵیمەوە کاری هونەریم كردووە بەتایبەتی گۆرانی وتن.
* لەڕادیۆ چ بەرنامەیەكت پێشكەش كرد؟
-بەرنامەکانم تایبەت نین بەبوارێکی دیاریكراو، ئەو بەرنامانەی تا ئێستا پێشکەشم کردوون لەبوارەکانی سیاسی، هونەری، کۆمەڵایەتی بوون، بەڵام خۆم زیاتر ئارەزووم لەبەرنامە هونەرییەکانە.
* تاچەند توانیوتە لەڕێگای ڕادیۆی سویدی باس لەكێشەكانی ئافرەت بكەیت لەدەرەوە؟
-بێگومان کێشەی ئافرەت لەهەر بوارێکدا بێت پێویستە ئێمە بەرچاوڕوونی بدەین و بیخەینە بەر دیدەو گوێی گوێگران و ئەو کەسانەی کە لەم بوارەدا كار دەكەن، بۆیە لەڕێگەی چەند بەرنامەیەکی ڕادیۆییەوە، توانیومە ئەو بابەتانەی کە کێشەی کۆمەڵایەتین و لەهەناوی کۆمەڵگەدا لەدایک دەبن، هەمیشە دەبێتە حاڵەتێکی نامۆ و خراپ بەرامبەر بەکۆمەڵگە، ئێمە ڕۆشنایی بخەینە سەر و بۆ ئەو مەبەستەش کەسانێک بێنین بیکەینە میوان لەڕیگەی دیالۆگێکی کراوە بۆئەوەی گوێگرانمان زیاتر سوودی لێوەربگرن، هەروەها گرنگییەکی زۆرمان بەم بوارە داوە و هەوڵمانداوە کێشەی ئافرەت بگەیەنین و بیکەینە پەیامێک بۆ دەسەڵاتداران و بۆ ئەوانەی کە هەست بەبوونی مرۆڤایەتی دەکەن.
* ڕات چۆنە بەرامبەر بە بێژەرەكانی كوردستان؟
- بێژەرەکانی کوردستان توانیویانە لەم قۆناغەدا تەکانێک بدەن بەبوارەكە، ناکرێت من تەنیا ئاماژە بەبێژەرێک بدەم، بەڵام هەست دەکەم بێژەرەکانی ئەم قۆناغە جیاوازتر هاتوونەتە نێو بوارەکەوە، بۆ نموونە لەنەوەدەکان ڕەنگە بێژەری بەترسەوەبێت بەتایبەت ئافرەت بێتە سەر شاشە یان لەڕێگەی مایکەوە بتوانێت پەیامەکەی خۆی بگەیەنێت لەترسی کۆمەڵگە، جێگەی دەست خۆشییەکی زۆرە بۆ ئەو کەسانەی کە لەو کاتەدا توانیویانە بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ بن و ببنە پێشەنگی نەوەکانی دوای خۆیان، بەڵام لە ٢٠٠٠ بەدواوە هەست دەکەین لەکوردستان تا ئێستا ڕێژەی بێژەر زیادی کردووە، ئەمەش واتە جورئەت و خۆشەویستییەک بۆکارەکەیان هەیە، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی گەشبینم بەئاییندەی بێژەری لەکوردستان، هەروەک ماوەیەک بەر لەئێستا باس لەمە کرا کە کۆمەڵێک دادەمەزرێت بۆ بێژەرانی کوردستان، منیش لێرەوە پەیامی خۆم دەگەیەنمە ئەو کۆمەڵەیە کە بوونی هەبێت تاوەکو بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی پەرە بەو بوارەی خۆیان بدەن.
* لەگوتنی مەقاماتدا چۆنی؟
- مەقام قوتابخانەیەکی ئێجگار گەورەیە، ڕابردوویەکی زۆری هەیە، هونەرمەندە گەورەکانمان توانیویانە ئەو قوتابخانەیە دروست بکەن، بۆیە گوناهە ئەو کەسانەی کە لەسەرەتای كاروانی هونەریدان بەشێوەیەکی ناشارەزاییانە بێنە ناو مەیدانەکەوە و مەقام بڵێن و مەقامەکەیان تەنیا ناوێک بێت بەبێ ناوەڕۆک، بۆیە من زۆر بەوردی بەهەنگاوێکی ورد ودرشتەوە خۆم لە مەقام دەدەم، چونکە وتنی مەقام چەندین مەرجی هەیە، بۆیە لەئێستادا ناتوانم بڵێم من مەقام بێژم، بەڵکو مەقامات قوتابخانەیەکی گەورەیە پێویستە هەموومان زۆر بەوردی کاری لەسەر بکەین.
* مەهناز لەچ شتێك زۆر دەترسێت؟
- ئەشق
* جیاوازی ئازادی ئافرەت لەكوردستان لەگەڵ ئەوروپا چییە؟
- بێگومان جیاوازی هەیە، بەڵام من دەڵێم ئەگەر ئافرەت خۆی زیرەک بێت، کوردستان و ئەوروپا هیچ جیاوازییەكی نابێت بۆ ئەو.
* مەهناز چ ئافرەتێكی لا جوانە؟
- هەموو ئافرەتێک جوانی خۆی هەیە، منیش شانازی بەکچ بوونی خۆمەوە دەکەم، چونکە بەبۆچوونی من هەموو جوانییەکانی ژیان لەڕووخسار و دەروونی ئافرەت ڕەنگ دەداتەوە.
* ئایا پیاوت خۆشتر دەوێت یان گوڵ؟
- هەردووک لەباخچەی ژیاندان و جوانی خۆیان هەیە، بۆیە هەریەکەیان لەکات و زەمەنێکدا پێویستن بۆ مرۆڤەكان.
* لەڕووی ئەكادیمیەوە دەربارەی گۆرانی و موزیك هیچت خوێندووە؟
-دیارە من لەئاوارەیی چاوم بەدونیا هەڵهێناوە، لەکامپ تەمەنەکانی منداڵیم بەڕێ کردووە، چەند ساڵێکیش ژیانمان لەوڵاتی تورکیا بردۆتە سەر، ماوەی چەند ساڵێکیشە لەوڵاتی سوید دەژیم، بۆیە دەرفەتی ئەوەم بۆ نەڕەخساوە لەبواری هونەری گۆرانی و موزیک بخوێنم و ئەکادیمیانە بێمە بوارەکەوە، بەڵام ئەمە بەرنامەی داهاتووی ژیانمەو بەپێویستم زانیوە هەوڵی بۆ بدەم.












Top