دیانا كەرەزون: شانازییە لەگەڵ هونەرمەنـدێكی كـــورد گۆرانی بڵێم
دیانا كەرەزون هەمیشە سادە و گەشبینە و وەك خۆی كە هەیە ژیانی خۆشدەوێ، بۆیە زەردەخەنەی هەڵبژاردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت و ئاستەنگەكان، تام لەهەر چركەیەكی ژیان وەردەگرێت بێئەوەی بیر لەسبەی بكاتەوە، بۆئەوەی زیاتر لەناخی ئەو كچە هونەرمەندە نزیك بینەوە و پێی ئاشنا بین، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵیدا ساز كرد.
ئا:فابیان عەون
* دوای ئەوەی نازناوی سوپەر ستارت بەدەستهێنا گەیشتی بەلوتكە، بەڵام ئێستا هەندێك كەس پێیان خەریكە عەرشەكەت دەهەژێ، چۆن وەڵامی ئەو كەسانە دەدەیتەوە؟
- لەژیاندا هیچ مرۆڤێكی كامڵ نییە و هەر یەكێك لەئێمە هەڵەی خۆی هەیە، هونەرمەندیش هەرچۆنێك بێت لەكۆتاییدا هەر مرۆڤە و پارێزراو نییە لەهەڵە، بەڵام ئەوەی لەكەسانی تر جیای دەكاتەوە ئەوەیە كە چۆن دەتوانێت چارەسەری ئەو هەڵانە بكات كە ئەنجامی دەدات بەشێوەیەك كە سەرمایە و ئەرشیفی هونەری خۆی بپارێزێت بێئەوەی شوێنی لەق بێت و وێنەكەی ناشیرین بێت لەبەردەم جەماوەرەكەی.
* ئەستێرەیەكی وەك تۆ لەڕكابەرێتی دەترسێ یاخود كارەكانی دەیپارێزن؟
-كاتێك هونەرمەند ترس و لەرز دەیگرێ لەڕكابەرێتی پێویستە واز بهێنێت، بێگومان بڕوام بەخۆم و بەهرە و توانا زۆرەكانم زۆرە، بەڵام لێتان ناشارمەوە من هەمیشە ئاگاداری ڕووداوە هونەرییەكانی گۆڕەپانی هونەریم، بەكورتییەكەی من لەدوورەوە سەیر دەكەم و پەندیان لێ وەردەگرم. * بنەماكانی سەركەوتن و بوون بەئەستێرەی هونەری چین؟
- بوون بەئەستێرە تەنیا لەڕووخسار و سەركەوتن و دەوڵەمەندیدا نییە، بەڵكو لەبەردەوام بووندایە، بۆیە پێویستە هونەرمەند لەلایەنی جەماوەرییەوە سەركەوتوو بێت و ئاستی سەركەوتنەكانی بۆ چەندین ساڵ بپارێزێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە گۆرانییە كۆنەكانی بەنەبرەیەكی نوێ بمێننەوە.
* باجی سەركەوتن چییە؟
- نەمانی ژیانی تایبەتی.
*چۆن خۆت لەئیغرائاتی كاری هونەری دەپارێزی؟
- لەڕێگای بڕوا بوون بەخوا و بەتواناكانم، لایەنی ئیغرای هونەر زیاتر ماددییە، سوپاس بۆ خوا من بەدوای پارەوە نیم، چونكە لایەنی ماددیم زۆر باشە، هەروەها من بەدوای ناوبانگیشدا ڕاناكەم، چونكە هونەرمەند قۆناغ بەقۆناغ ناوبانگیش پەیدا دەكات، بەهەما شێوە من ناتوانم هیچ شتێك پێشكەش بكەم كە قەناعەتم پێی نەبێت.
* ڕات چییە بەرامبەر بەو پەندەی دەڵێت جوان بەو بێدەنگ بە؟
-ئەمە پەندێكی كۆنە كاتێك بڵابۆوە كە پیاو ئافرەتی زیرەكی ڕەت دەكردەوە، چونكە حەزی لەگفتوگۆ نییە، بەڵام ئێستا ئافرەت لەوە زیرەكترە كە ئەم پەندە قبوڵ بكات، چونكە جوانی ناخی مرۆڤ قابیلی لەناوچوون نییە و ئێمە دەتوانین هەستی پێبكەین كاتێك ئافرەتێك ببینین لەكۆڕ و كۆبوونەوەكان گفتوگۆ لەسەر شتێك دەكات.
* بەم نزیكانە یەكەم ئەلبوومی خەلیجیت بڵاودەكەیەوە، چۆن پێوەندی خۆت لەگەڵ جەماوەری خەلیجی رێك دەخەی و گۆرانی گوتن بەم شێوەیە چی دەگەیەنێت؟
-سوپاس بۆ خوا پێوەندیم بەجەماوەرەكەم زۆر خۆشە لەهەموو وڵاتانی خەلیج، ئەم پێوەندیەش لەسەر بنەمای خۆشەویستی بونیادنراوە و لەسەر ئارەزووی ئەوان ئەلبوومێكی تەواو بەشێوەزاری خەلیجی دەڵێم.
* ئەلبوومی پێشووت هەمەڕەنگی پێوە دیار بوو، بۆچی ئەم جارەش هەمان شتت دووبارە نەكردەوە؟
- چونكە من ویستم لەكاروانی هونەری خۆمدا هەندێك لەمافەكانی گۆرانی خەلیجی بدەم و دڵنیاشم ئەم هەنگاوە ئەرشیفی من دەوڵەمەندتر دەكات و دەمگەیەنێتە ئاستێكی پێشتر.
*پێوەندیت لەگەڵ ئەساڵە نەسری چۆنە؟
-جگە لەوەی ئەساڵە هونەرمەندی خاوەن دەنگ و هەستێكی كەم وێنەیە، ئەوا مرۆڤێكی ئاسایی نییە و زۆر شتی لێوە فێر بووم، پێموایە ئەساڵە هونەرمەندێكە كە زۆرترین كاریگەری هەیە لەسەر هونەرمەندانی سوریا و ئەستێرەی یەكەمی سوریایە، من پێوەندییەكی باشم لەگەڵی هەیە و دووجار میوانداری كردم لەبەرنامەكەی (صولا) و كاتێك لەگەڵیدا گۆرانم وت هەستم بەهێز و بڕوا بەخۆبوونێكی سەیر دەكرد كە سەرچاوەكەی ئەساڵە بوو.
* هەستت بەچیكرد كە ئەساڵە نازناوی (المتحولە)ی لێنای لەبەرنامەكەی بە كەمكردنەوە لەكەسایەتیت تێنەگەشتی؟
-نەخێر و نازانم بۆچی تەنیا ئەم دەستەواژەیە لەمێشكی خەڵكدا ماوەتەوە و كەسیش باسی ئەوەی نەكرد كاتێ پێی وتم بۆ گەورە و پێگەیشتووی.
* باسی ئەوەمان بۆ بكە هەستت چۆن بوو كاتێك لەگەڵ مستەفا قەمەر بەشداری كارێكی هونەریت كرد؟
- زنجیرەی (مونتەهای عیشق) ئەزموونێكی گرنگ بوو بۆ من، ڕاشكاوانە دەڵێم من 100% لێی ڕازی نەبووم، بەڵام یەكەم ئەزموونی من بوو لەنواندن و پێموایە ئەزموونێكی باش بوو و هیوادارم كاری داهاتووم زۆر لەوەی پێشووتر باشتر بێت و بەهەموو شێوەیەك هەوڵ بۆ ئەوە دەدەم كە بتوانم باشترین كار و سیناریۆ هەڵبژێرم و مەشقی زیاتریش بكەم، و لەیەزدانی گەورە داواكارم كە بارودۆخەكەم گونجاو بێت بۆئەوەی كاری باشتر بكەم.
* تائێستا سەردانی هەولێرت كردووە؟
-بەڵێ هەولێرم بینیوە و عاشقی ئەو شارەم، چونكە كوردستان وڵاتی دایك و خاڵەكانمە و هیوادارم بتوانم لەكاتێكی زوودا سەردانی بكەمەوە.
*ئەگەر هونەرمەندێكی كورد داوای كرد دیۆیەكت لەگەڵ بڵێت ئامادەی ئەمە بكەی؟
- بێگومان و زۆریش شانازی پێوە دەكەم و دەبێتە هۆی دەوڵەمەندكردنی كاروانی هونەریم.
*چیت هەیە بیڵێی بۆ جەماوەرەكەت لەكوردستان؟
- پێیان دەڵێم زۆرم خۆشدەوێن و هیوای باشترتان بۆ دەخوازم، چونكە ئێوە گەلێكی حەز لەژیان و خۆشەویستی و ئاشتی و هونەری ڕەسەن دەكەن و هیوادارم كارەكانم مایەی ڕەزامەندی ئێوە بێت.