فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی موسیقای فه‌جر کۆتایی به‌کاره‌کانی هێنا

فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی موسیقای فه‌جر کۆتایی به‌کاره‌کانی هێنا
بیست‌وحه‌وته‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی موسیقای فه‌جر که‌ له‌ رۆژی 13/2/2012ه‌وه‌ له‌ تاران ده‌ستی پێکردبوو، ئێواره‌ی رۆژی 20/2/2012 کۆتایی به‌ کاره‌کانی هێنا.له‌ ئاهه‌نگی کۆتایی فێستیڤاڵدا به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران سه‌رکه‌وتووانی ئه‌و خوله‌ی فێستیڤاڵ خه‌ڵات کران.له‌ رۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی ئه‌مساڵدا چه‌ندین گروپی موسیقا له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌کانی ئێران و 9 گروپی موسیقایی له‌ وڵاتانی سویسرا، سوید، سوریا، ئه‌ڵمانیا، روسیا و ئه‌رمه‌نستان به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان پێشکه‌ش کرد.فێستیڤاڵی موسیقای فه‌جر له‌ چه‌ندین به‌شی جیاوازدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت که‌ بریتین له‌: به‌شی په‌راوێزی که‌ نۆ ئۆرکێسترا و 28 گروپی موسیقا له‌خۆده‌گرێت، که‌ له‌و 28 گروپه‌ 4 گروپیان گروپی موسیقای ژنانن که‌ به‌ پێی یاسای ئێران ته‌نها بینه‌ری به‌رنامه‌کانیان ده‌بێت ژنان بێت و گروپی ژیواریش که‌ گروپێکی موسیقای کوردییه‌، له‌م به‌شه‌دا به‌شداربوون.
به‌شی سۆلیسته‌کان که‌ 10 سۆلیست به‌شداربوون،به‌شی پاپ که‌ 7 گروپی موسیقای پاپی ئێرانی به‌شدارییان کردبوو.
به‌شی کێبڕکێ که‌ خۆی له‌ سێ به‌شی موسیقای کلاسیکی ئێرانی و کلاسیکی جیهانی و ئاوازی کۆڕ به‌ڕێوه‌چوو. له‌ به‌شی موسیقای کلاسیکی ئێرانیدا 10 گروپ و له‌ به‌شی جیهانیشدا 8 گروپ به‌شدارییان کردبوو. له‌ به‌شی ئاوازی کۆڕدا 10 گروپ به‌شدارییان کردبوو.
له‌ ئاهه‌نگی کۆتایی فێستیڤاڵی ئه‌مساڵدا وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی کۆماری ئیسڵامی ئێران خه‌ڵاتی رێزلێنانی به‌خشییه‌ چوار که‌س له‌ ه‌ونه‌رمه‌ندانی به‌ناوبانگی موسیقا که‌ بریتین بوون له‌: جه‌لال زولفۆنون، وارتان ساهاکیان، عه‌لی بیگله‌ری‌پوور و خوالێخۆشبوو سه‌نجه‌ری.دوای ئه‌م به‌شه‌ش خه‌ڵاتی به‌شه‌ جیاوازه‌کانی کێبڕکێی ئه‌مساڵ به‌خشرایه‌ سه‌رکه‌وتووان و چه‌ندین گروپ و هونه‌رمه‌ندی موسیقا له‌ شاره‌کانی تاران و ئیسفه‌هان و مه‌شه‌هد توانیان خه‌ڵاتی ئه‌مساڵ وه‌ربگرن.
Top