محەمەد عەزیز:نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی ئاواز و هۆنراوەدا لاوازن

محەمەد عەزیز:نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی ئاواز و هۆنراوەدا لاوازن
یەكێكە لەهونەرمەندە دەنگخۆش و ناسكەكان كە ساڵانێكی زۆرە لەبواری گۆرانی و موزیك خزمەت بەهونەری كوردی دەكات، ئەگەرچی ماوەیەك وەكو پێویست دەرنەكەوت و تا ڕاددەیەك دووركەوتەوە، بەڵام ئەو دڵ و هەستی هەر لەگەڵ شیعر و ئاوازەكان بووە و هەر بەو ئاوازانەوە دڵێ لێدەدا، بەر لەماوەیەك وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنسێرتێكی گۆرانی بۆ هونەرمەند محەمەد عەزیز ساز كرد و تێیدا چەند گۆرانییەكی كۆنی خۆی بەبیر عاشقان و شەیدایانی هونەرەكەی هێنایەوە، بۆ باسكردن لەو كۆنسێرتە و زانینی هۆكارەكانی دابڕانی كاتیی هونەرمەند محەمەد عەزیز ئەم دیمانەیەمان لەگەڵیدا ئەنجامدا.

* سەرەتا با لەكۆنسێرتەكان دەست پێ بكەین بۆچی دواكەوت؟
-هەندێ كاری فەرمی هەبوو دەبوایە لەوەزارەتی ڕۆشنبیری زوو بكرایە، بەڵام دواكەوت گوناهی ئێمەی تێدانەبوو وەك هونەرمەندانی بەشداربوو، بەڵام بۆ ڕێكخستنی كۆنسێرت خۆتان دەزانن ئامادەباشی زۆری دەوێت.
* هۆی چی بوو ماوەیەك دابڕای لە ئەنجامدانی كاری هونەری؟
-دابڕانم واز هێنان نەبوو، بەڵام كاری تایبەت بەخۆم هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ كاری هونەریم كردووە وەكو ئاواز دانان بۆ چەند هونەرمەندی گەنج.
* ڕات چییە بەرامبەر بەهونەرمەندە گەنجەكان؟
- كاری جوان دەكەن، بەڵام زۆری چاولێكەرییە، بۆ نموونە لاساییكردنەوە بۆتە شتێكی زۆر ئاسایی بەحەزیش دیارە لەناو بەرهەمەكانیان هەواڵ و ئاوازی تازە نادەن پێیان، شەرمە تەكلیف بكەن دواییش گۆرانیەكە سەركەوتوو نابێ هەر ماوەیەكەو ون دەبێ لەبەر چاو.
* بۆچی ئێوە كۆمەڵە هونەرمەندێك بوون لەكۆتایی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكان لە لوتكە بوون، بەڵام دواتر تا ڕاددەیەك ون بوون؟
- ببورە ئێستاش ئێمە دوا نەكەوتووین، بەڵام لەهەندێ كاردا شەرم دەكەین بەتایبەت لەهەموو دەرگایەك نادەین بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانمان.
* بەڵام داواكردنی هاوكاری لە حكومەت لە دەرگا دانە یان داوا كردنی مافی خۆتانە؟
- ئێمە خزمەتی هونەری ئەو وڵاتەی پێ دەكەین، بۆیە وەك ئەركێكە دەبێ ئێمەی هونەرمەندانیش تێیدا كاربكەین و ئەركی حكومەتیشە هاوكاریمان بكات لەهەموو ڕوویەكەوە بەمافی خۆمانی دەزانین.
* پێتوایە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەئەركی خۆی هەستا بێت لە خزمەتكردنی هونەر و هونەرمەندان بەتایبەتی لە بواری گۆرانی و موزیك؟
- تا ئەندازەیەك درێخی ناكەن، بەڵام خاڵێكی گرنگ هەیە ئەویش واستە لەپێش هەموو كارێكە، چونكە خەڵكی زۆر بێ كەڵك و گەندەڵی تێدایە.
* ئێستای هونەری گۆرانی و موزیكی كوردی چۆن دەبینی؟
- وەك محەمەد عەزیز گەشبینم بەهونەری كوردی، چونكە كاری جوان دەكرێ مانای ئەوە نییە كە لەهەندێك گەنجەكان ڕێگایان ون كردووە ئەوە تێكدان و ڕووخانی هونەری كوردی نییە، من هونەری كوردی لەئاستێكی باش دەبینم لەگەشەكردن و سەركەوتندایە.
* بەڵام هەست ناكەی بێ سەرووبەری پێوە دیارە؟
- هەموو كارێك هەر كامڵ نابێ، دەبێ كەموكورتی تێدابێ بۆئەوەی هەوڵ بدرێت تا كاری باشتر و سەركەوتووتر ئەنجام بدرێ.
* تۆ لە نەوەیەكی هونەرمەندانی كە تا ڕاددەیەك لەوەی ئێستا جیاوازە، خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو نەوەیەی ئێستا ئاسانه یان سەختە؟
- نەخێر، چونكە ئێمە وا ڕاهاتووین كەخەڵكی ئەو وڵاتەین ئەزموونیشمان لەوان زیاترە، بۆیە بەئاسایی دەیبینم.
* چ جیاوازییەكی بەرچاو هەیە لەنێوان ئەو دوو نەوەیە؟
- دەنگی خۆشیان كەمەو لەهەڵبژاردنی ئاواز و هۆنراوەدا زۆر لاوازن، سەرەڕای ئەو پێشكەوتنەی لەئامێر و ئەو تەكنۆلۆجیایەی كە ئێستا هەیە لەگەڵ جاران زۆر جیاوازن.
* پێتوایە ئێستا شاعیر و تێكستنووسی گۆرانیمان وەكو پێویستە؟
-بەڵێ شاعیری باشمان هەیە، بەڵام دەتوانم بڵێم وەكو پێویست ئاوازدانەری باشمان نییە.
*‌ زۆر كەس دەڵێن هەندێك لە هونەرمەندان بەحوكمی كارەكەیان بێوەفان تەنانەت بەرامبەر بە یەكتریش، تۆ هیچ هەڵوێستی لەو شێوەیەت ڕووبەڕوو بۆتەوە؟
- بەڵێ هونەرمەندی بێوەفا هەیە، بەڵام من لێیان دەبوورم، بەڵكو بەخۆیان بچنەوە.



Top