كانی هەڵەبجەیی ڕەتی دەكاتەوە كار لەگەڵ ڕۆزبێ بكات

كانی هەڵەبجەیی ڕەتی دەكاتەوە كار لەگەڵ ڕۆزبێ بكات
كانی هەڵەبجەیی جگە لەوەی خاوەن چەندین تێكستی شیعری ناسكە، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆربەی شیعرەكانی لەشێوەی شیعری ئازادن ژمارەیەكی كەمیان كراون بەگۆرانی، هەروەها جگە لەشیعر نووسین لەبواری گۆرانی وتنیشدا خۆی تاقیكردۆتەوە و گۆرانییەكی بۆ شاری هەڵەبجە وتووە و زۆریش تێیدا سەركەوتوو بوو، بۆیە چاوەڕێی پاشەڕۆژێكی پرشنگداری لێدەكرێت لەو بوارەشدا، كانی وەك كچێك پڕۆژە ی هونەری زۆر لەخەیاڵیدا گەڵاڵە بووە لەدیمانەیەكدا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.




* بیستوومانە بەنیازی گۆرانیەك لەگەڵ ڕۆزبی بڵێی ئەمە تاچەند ڕاستە؟
- زۆر کەس وا تێگەشتوون که پرۆژەیەکی لەو جۆره هەبێت له نێوان من و ڕۆزبێ، بەڵام ئەوه تەنیا هەڵە تێگەشتنی مانشێتی دیمانەیەکه که له ماڵپەڕێک لەگەڵم ئەنجام درابوو، پرسیارێکم لێکرابوو که لەگەڵ چ هونە‌رمەندێک حەز ئەکەم دوێت بکەم، له وەڵامدا منیش وتبووم که زۆر حەز به دەنگی ڕۆزبی دەکەم و پێم خۆشه له ئایینده بتوانم لەگەڵی گۆرانی بڵێم، بەڵام هەواڵەکه به جۆرێکی تر بڵاو بۆوه. کەواته نەخێر ئەو هەواڵه ڕاست نییه، بەڵام دیسان دەڵێم خۆشحاڵ دەبم گەر له ئاییندەدا شتێکی وا ئەنجام بدەم.
* ئایا شاعیرانی كورد لەشیعری ئازاد سەركەوتوون؟
- له نێو دنیای شیعری کوردیدا چەند نووسەرێکی زۆر بەتوانامان هەیه بەتایبەتی له نووسینی هۆنراوەی ئازادا، بەڵام له هەمان کاتدا بەداخەوه زۆر له نووسەرەکانمان شیعری ئازاد بەرەو دەقێکی فەلسەفی دەبەن که به هیچ جۆرێک قافیەی نییه که بەڕای من ئەوه دەکەوێته قاڵبی داڕشتن و دوور دەبێت له شیعر، بە شێوەیەکی گشتی شاعیری زۆر بەتوانامان هەیه که ئەوه مایەی خۆشحاڵییه.
* بۆچی تێكستەكانت زۆر بەكەم دەكرێن بەگۆرانی هۆكارەكەی چییە؟
- ئەو هۆنراوانەی بڵاویان دەکەمەوه زیاتر هۆنراوەی ئازادن و له چوارچێوەی کێش و بڕگەدا نەمنوسیون بۆیه ئەستەمه بکرێنه گۆرانی. بەڵام کاتێ هونەرمەندێک داوای تێکستی گۆرانیم لێ دەکات به تایبەت بۆی دەنووسم. پاشان ناتوانم تێکست بۆ هەموو کەسێک بنووسم. دەنگێک نەتوانێ به هەستەوه وشەکانم بگەیەنەته خوێنەر ناتوانم دڵی وشەکانمی بەمێ تا له لێدان بیوەستێنێت. لەگەڵ ئەوەش چەند هونەرمەندێکی بەڕێز چەند تێکستێکی منیان کردۆته گۆرانی و توانیویانه هێندەی دیكە ڕۆح ببەخشنه دێڕەکانم.
* زۆرێك لەخەڵك گلەیی لەتێكستی گۆرانی گۆرانیبێژە تازەكان دەكەن، گوایا تێكستەكان لەقسەی سەرشەقام دەچێت ڕات چیە بەمە، ئایا گەر بكرێت بەرواردێك لەنێوان ئەو هۆنراوە تازانەی كە ئێستا دەكرێن بەگۆرانی لەگەڵ هۆنراوە كۆنەكان كە دەكران بەگۆرانی؟
- به پێچەوانەوه ئەو تێکستانەی له ئێستادا دەکرێنه گۆرانی زۆر به گونجاوتر دەبینم بۆ گۆرانی وەک لەوەی کۆن دەکرا. ڕاسته چەند کەسێک هەن تەنیا وشه ڕیز دەکەن و بێ واتا دەیکەنه گۆرانی، بەڵام ئەوه پێی دەوترێ وشەی گۆرانی نەک تێکستی گۆرانی، له هەمان کاتدا له ئێستادا زۆر تێکستی جوان هەیه که بابەتێکی جوانی لەخۆ گرتووه و ناسکانه نووسراوه و زۆر بۆ گۆرانی دەگونجێت.
* جیاوازی ئازادی ئافرەت لەكوردستان لەگەڵ ئەوروپا چییە؟
- جیاوازی ئازادی ئافرەت و تاک له کوردستان و ئەوروپا ئەوەیه، که له ئەوروپا خەڵکەکه باش له ئازادی تێگەشتوون ئەوجا پەیڕەوی دەکە‌ن. بەڵام لای خۆمان هێشتا تاک ئازادی مرۆڤایەتی تێنەگەشتووه ئیتر ئازادی ئافرەت کوجا مەرحەبا.
* كانی چ ئافرەتێكی لا جوانە؟
- خۆی هەر ئافرەتێک متمانەی بەخۆی بێت و ناخی جوان بێت حەتمەن جوانه و لام ناشرین نییه. بەڵام گەر تەنیا شێوه بڵێین، ئەوا زیاتر مۆدێله جیهانییەکانم لا جوانه، واته ئافرەتێک قەڵەو نەبێت و ماکیاجی زۆر نەکات.
* ئەی ڕقت لەچ پیاوێكە؟
- ڕقم زۆر لەو پیاوانەیه که خۆیان به زیاتر دەزانن له ئافرەت و نازانن مامەڵه لەگەڵ ئافرەت بکەن.
* تاچەند بەجوانیەكەی خۆت دەنازی؟
- من خۆم وا بهجوان نازانم تا پێی بنازم. بەڵام دڵخۆشم بەوەی هەمه.









Top