كەژاڵ ئادەمی: زۆرجار هــونەرمەندانی ئافرەت ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

كەژاڵ ئادەمی: زۆرجار هــونەرمەندانی ئافرەت ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە
خانمە هونەرمەند كەژاڵ ئادەمی لەپێوەندییەكی تەلەفۆنی بۆ گۆڤاری گوڵان، باس لەتوندوتیژی بەرامبەر هونەرمەندانی ئافرەت دەكات و هەروەها دەشڵێ داوای هاوکاریم لەهیچ لایەنێکی حکومی نەکردووه بۆكارە هونەرییەكانم. کەژاڵ ئادەمی ساڵی 1983 لەشاری سەقز لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، هەر لەتەمەنی منداڵییەوە هەستی بۆ شیعر و مۆسیقا هەبووە. لەتەمەنی 8 ساڵیدا دەستی بەخوێندنەوەی شیعری کوردی کرد و خوێندن و نووسینی کوردی لەشیعرەکانی مامۆستا قانع فێر بووە، زۆر جار شیعرەکانی مامۆستا قانعی دەکرد بەگۆرانی و هەستی پاکو ناسکی منداڵانەی خۆی پێ دەردەبڕی، لەساڵی 1998 چۆتە هەندەران لەوڵاتی سوید نیشتەجێبووەو لەتەمەنی 15 ساڵی دەستی بەئامێری ژەنینی (ڤیۆلۆن) کردووە. تاكو ئێستاش خاوەنی چەند بەرهەمی هونەرییە و دەڵێت « وەكو هونەرمەندێكی ئافرەت هەردەم هەوڵ دەدەم که دەنگێکی ژنانه بم و بتوانم زایەڵەی ئەوین و ئازاری ژنانی کۆمەڵگاکەمان بم. كەژاڵ ئەوەشی خستەڕوو ، كە هەندێک لەگۆرانییەکانی كه ‌ژیانی دژواری ژنی كورد ڕەنگدانەوەی هەیه بۆ نموونه گۆرانی «نامه» و «واقیعی پڕ ژەهر». سەبارەت بەوەی تاچەند توندو تیژی هەیە بەرامبەر بەهونەرمەندە ئافرەتەكان، كەژاڵ وتی «چالاکی کردن لەو بوارانەی که زۆرینەی ئەندامەکانیان پیاون و لەسەر یاساکانی پیاو بونیاد نراون، بێگومان ئیشێکی ئاسان نییه بۆ ئافرەتان. یەکێک لەو توندوتیژیانەی که ئافرەتانی هونەرمەند لەگەڵی بەرەنگار دەبنەوه ئەوەیه که زۆرجار به چاویلکەی ڕەخنەوه چاویان لێدەکرێت و هەندێک جار ئەوەندەی تیشک دەخرێته سەر دۆزینەوەی خاڵێک بۆ ڕەخنه، ئەوەنده سەرنج نادرێته سەر پەیام و ناوەڕۆکی بەرهەمی هونەرمەندانی ئافرەت.
Top