گۆرانیبێژ مەحسون قرمزی گول فیلمێک لەسەر هەڵەبجە دێنێتە بەرهەم

گۆرانیبێژ مەحسون قرمزی گول فیلمێک لەسەر هەڵەبجە دێنێتە بەرهەم
مەحسون قرمزی گول گۆرانیبێژی بەناوبانگی تورکیا کە هاوکات کار لە دەرهێنانی فیلمی سینەماییشدا دەکا، ئێستە سەرقاڵی دروستکردنی فیلمێکی سینەمایییە لەبارەی ڕووداوەکانی هەڵەبجە، فیلمەکەش لەلایەن کەرتی تایبەتی تورکییەوە دێتە بەرهەم، لە هەڵەبجە، تورکیا و ئێران دیمەنەکانی وێنە دەگیرێن.


کۆمەڵێک ئەکتەری جیهانی و ئەکتەری ئەماتۆر و هاووڵاتیی هەڵەبجەیی لەم فیلمەدا رۆڵ دەبینن، بۆ ئامادەکاریی فیلمەکەش ماوەیەک لەمەوبەر ئەو دەرهێنەرە سینەمایییە سەردانی شارۆکەی هەڵەبجەی کرد.

گۆران ئەدهەم قایمقامی هەڵەبجە لەبارەی ئەم فیلمە گوتی: چەند مانگێک لەمەوبەر گۆرانیبێژ و دەرهێنەر مەحسون قرمزی گول هاتە هەڵەبجە و لەگەڵ ئێمە دانیشت و باسی بیرۆکەی فیلمەکەی بۆ کردین، ئێمەش وەک قایمقامییەت پشتگیریی خۆمان بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکەی دەربڕی.

لەبارەی شوێنی وێنەگرتن و بابەتی فیلمەکەش ئەدهەم گوتی: ئەو هونەرمەندە گوتی بەشێکی فیلمەکەی لە هەڵەبجە وێنە دەگرێ، بەشێکی لە تورکیا و بەشێکی تریشی لە ئێران دوای کیمیابارانی ئەم شارۆکەیە و ئاوارەبوونیان بۆ ئۆردوگاکانی ئێران، بابەتەکەشی جگە لە رووداوەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر دەستی بەعسییەکان، باس لە ژیانی ئاساییی ئێستەی هاووڵاتییانی ئەم شارۆکەیە دەکا.

ئازاد سەوزە بەڕێوەبەری سینەمای سلێمانی لەبارەی بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە گوتی: ئەم هەواڵەمان تەنیا لە راگەیاندنەکانەوە بیستووە، پێم وایە تا ئێستە ئەو فیلمە نەچووەتە بواری وێنەگرتن، بگرە تەنیا لە قۆناغی نووسین و کۆکردنەوەی ئەکتەر و لایەنی تەکنیکیدایە.

هونەرمەندێکیش لە کەناڵی ئاسمانیی کوردسات گوتی: ماوەیەک لەمەوبەر ئەو هونەرمەندە هاتە هەرێمی کوردستان و چاوی بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خاتوونی یەکەمی عێراق و سەرپەرشتیاری کوردسات کەوت، بەڵێنی ئەوەی پێ داوە هەموو هاوکارییەکی بکا بۆ سەرکەوتن و بەرهەمهێنانی فیلمە سینەمایییەکەی لە هەڵەبجە.
Top