دوللی شاهین:هەموو ئاواتم بە دەستهێنانی رەزامەندی جەماوەرە

دوللی شاهین:هەموو ئاواتم بە دەستهێنانی رەزامەندی جەماوەرە
كچە گۆرانیبێژ و ئەكتەری لوبنانی دوللی شاهین یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە بەردەوام ڕووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە گوایە سنوور و هێڵە سوورەكانی بەزاندووە، ئەو لە دایكێكی بەرازیلییە ئەمەش بە ئاشكرا بەر ووخسار و جوانییەكەیەوە دیارە، تەنانەت زۆر لەو كەسانەی رەخنەشی لێدەگرن پێیانوایە ئەو خۆ رووتكردنەوە و وروژاندنەی كە یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی گۆرانی و فیلمەكانی هۆكارە كەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە رێگای باخۆس عەلوانی هاوسەرییەوە و لە دەرفەتێكی كورتدا بەم شێوەیە بۆ گوڵان دوا.

سەرەتای دوللی دەربارەی ئەو رەخنانەی ئاراستەی دەكرێن گوتی: من خۆم یەكێكم لەو كەسانەی كە لایەنگیری ئەو جۆرە گۆرانی گوتن دەكەم كە تێیدا دەنگ و رەنگ تەواوكەری یەكترن، بەڵام لە سنوورێكی دیاریكراوە واتە مەبەستم ئەوەیە كە پێوستە هونەرمەند گرنگی بە شێوە و چۆنیەتی دەركەوتنیشی بدات، بەڵام نابێ ئەمە لەسەر حیسابی گۆرانی و هونەرەكەی بێت هەر كەسێك كە مەرجەكانی گۆرانی گوتنی و هونەری تێدا بەدی دەكرێت بەتایبەتی ئافرەتە گۆرانیبێژەكان پێویستە گرنگی بە جوانی خۆیشیان بدەن، چونكە هەر مرۆڤێك بە شتێك هەستیارە و كاریگەری تێدا دەكات.

*هەر هونەرمەندێك هیوا وئاواتی خۆی هەیە ئاواتەكان خۆی دوللی چین؟

- ئاواتی سەرەكی من ئەوەیە سەركەوتوو بم لە هونەرەكەی خۆمدا سەركەوتنیش بەوەوە دیار دەبێت كە جەماوەر لێم رازی بێت و ئەوەی پێشكەشی دەكەم چ لە بواری نواندن چ لە بواری گۆرانی گوتن مایەی خۆشحاڵی و رەزامەندی جەماوەر بێت، بۆیە ئاواتی گەورەی من ئەوەیە بچمە نێو دڵی جەماوەرەوە وئەو لێم رازی بێت، چونكە هەر هونەرمەندێك گۆرانی بۆ كەسانێك دەڵێت كە ئامادەن گوێی لێبگرن ئەگەر گوێیان لێی نەگرت كەواتە هیچی نەكرد.

* سەرەتا بە گۆرانی دەستت پێكرد چۆن بوو رووت لە نواندن وسینەما كرد و چ فیلمێك زیاتر بووە مایەی دەركەوتن و ناوبانگ دەركردنت؟

- من لە كلیپێكدا بەشداریم كرد و دەرهێنەری میسری خالید یوسف رۆڵی من زۆر بە دڵ لەو كلیپە بۆیە داوای لێكردم بەشداری لە سینەماشدا بكەم، فیلمی (ویگا) یەكێك بوو لەو فیلمانەی كە بووە مایەی زیاتر دەركەوتن و ناسینم لەلایەن جەماوەرە.

* تاچەند پشتت بە ئیغرا بەستووە بۆ سەركەوتن؟

- ئیغرایەكی زۆر بە هێزم پێشكەش نەكردووە جلوبەرگەكانم زۆر ئاسایین و هەر كچێكی لە تەمەنی من بووبێت ئەو جۆرە جلوبەرگانەی پۆشیوە، بەلام ناشكرێ بە جلوبەرگی ئاساییەوە مەلەوانی بكەم

* هاوسەرەكەت دەرهێنەرە ئەمە چۆن یارمەتیدای بۆ ئەوەی كاری زیاتر بكەی؟

- باخوسی هاوسەرم دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرێكی بە توانایە لە كلیپەكاندا بەردەوام رێنماییم دەكات بۆ ئەوەی شتی نوێ و داهێنانی نوێ بكەم ولێرەوە زۆر سوپاسی دەكەم.

* باخوس پێی راگەیاندین كە حەز دەكات لە كوردستان چەند ئاهەنگ و كۆنسێرتێك ساز بكات، تۆ ئامادەی بێی بۆ كوردستان؟

- بێگومان بە خۆشحاڵییەوە دێم بۆ كوردستان، ئێمە لە دۆستانی خۆمانەوە ئاگاداری بارودۆخی كوردستانین و پێشتریش چەند هونەرمەندێكی ناوداری لوبنانی سەردانی كوردستانیان كردووە و كۆنسێرتیان ساز كردووە، بۆیە لە رێگای ئێوەوە دەڵێم ئەگەر دەرفەت هەبێت و كۆمپانیا هونەرییەكان ئەو دەرفەتەمان بۆ بڕەخسێنن ئەوا بە خۆشحاڵییەو دێین بۆ كوردستان.









Top