نزار سەلامی: بۆ مەبەستی ململانێی هونەری لەگەڵ هاوڕێكانم كار ناكەم
نزار سەلامی بە (مەمی ئالان) ناسرا، دواتریش بەشداری لە چەندین كاری هونەری دیكەدا كرد وەك دراما و فیلم تا بوو بە یەكێك لە ئەكتەرە بەتواناكان، زیاتر لە ساڵێك بەر لە ئێستا بەشداری لە زنجیرە درامایەكدا كرد كە دواتر راگیرا بە بیانووی ئەوەی سووكایەتی بە خانەوادەی ئەنفالكراوەكانی كوردستان دەكات، هەروەها بەر لە ماوەیەكی كورتیش رۆڵی پاڵەوانی بینی لە زنجیرە درامای ( ئاكامی نهێنییەكان) كە دیسان ئەویش بەر ڕەخنە كەوت، لەدیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ گوڵان بەم شێوەیە باسی لە دوایین كارەكانی خۆی و ئەم زنجیرە درامایە كرد:
* دوای درامای (ئاكامی نهێنیەكان) بەچییەوە خەریكیت؟
- خەریكی فیلمێكی سینەماییم ماوەی دە رۆژ دەبێ دەستمان كردووە بە وێنە گرتنی لە بەرهەمی وەزارەتی رۆشنبیری، بەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانییە.
*وەكو پاڵەوانی زنجیرەی ئاكامی نهێنیەكان كە لەم دواییەدا لە كەناڵی كوردسات پێشكەش كرا لەلایەن ئافرەتانەوە رەخنەی زۆری لێگیرا، گوایە سووكایەتی بەپیرۆزی ئەوانەوە كراوە رات چییە بەرامبەر بەوە؟
-من هەندێك بیر كردنەوەم پێ سەیرە لەگەڵ ڕێزم دەتوانم بڵێم ئەوان لە دراماكە جوان تێنەگەیشتوون، چونكە ئەم درامایە كۆكردنەوەی كۆمەڵێك خاڵی جوان بوو، بۆ بەدیهێنانی تەواو بیرخستنەوەی تەواو بۆ جێبەجێكردنی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ئێمە بۆ ئەوە كارمان كردووە كە كەسانێك هەن چ نێرینە چ مێینە وەكو نەبەز خراپن، ئەو چیرۆكە لەراستەقینە سەرچاوەی گرتووە، ئەم توندوتیژیە راستەقینەیە، نەك هەر لە وڵاتی ئێمە بەڵكو لەوڵاتانی دەوروبەریش هەبووە، تەنها كەلتوری خۆمان نییە، چیرۆكێكی راستەقینەیە، داڕێژراوەتەوە بۆ چیرۆكی درامی، بەوێنە پیشان دراون كە ئەم توندوتیژییە لەوڵاتانی دەرەوەش هەیە نەك تەنیا وڵاتی ئێمە، ئەوەمان دەرخستووە كەكۆمەڵە كەسانێك هەن دەبنە قوربانی وەكو «رۆژان» وەكو «شەهێن» یان كۆمەڵێك ئافرەتی تر، ئیتر نازانم چی سووكایەتی بەئافرەت تێدایە، كۆمەڵێك كارەكتەرە بەرجەستە دەكرێت چ لەلایەن ئافرەت بێ یان پیاو كە باسی نەبەز دەكەین، مەرج نییە نەبەز پیاو بێ چەندین ئافرەتیش هەیە لەشێوەی ئەو خیانەت لە مێرد و منداڵی دەكا، دواجار هەر كەسەو سەربەخۆیە ئەو چیرۆكە چۆن لێك دەداتەوە، ئەوە چیرۆكی ڕاستەقینەی ژیانی خۆم نییە، بەڵام كۆمەڵە كەسانێك هەن چ وەكو شەهێن و رۆژان یان نەبەز ئەو ڕووداوانەیان بەسەر هاتووە نەك هەر ئەوان بەڵكو رووداوی كۆمەڵگەشە.
* ئەی(گەرمیان و كوێستان) بۆچی راگیرا ؟
- كە دەستمان كرد بەداڕشتنەوەی چیرۆكی(گەرمیان و كوێستان) بۆ دراما نزیكەی شەش حەوت مانگ پێوەی ماندووبووین بۆ خستنەڕووی كۆمەڵێك خاڵی ناشرین بەرامبەر بەكورد، كێ بڕوا بەوە دەكا كە منیش وەك هەر تاكێكی كورد خەڵكی ئەو وڵاتەم بێم كارێك بكەم لەگەورەیی كورد كەم بكەمەوە، گوایە ئێمە سوكایەتیمان بەكەس و كاری ئەنفال كراوەكان كردووە، مەبەستمان خۆشەویستی بیرخستنەوەی نەبووە، بەڵام بەداخەوە لەدووەمین هەفتەیەوە فشاری خرایە سەری و راگیرا، دڵنیاشم ئەگەر ئەم درامایە تەواو بكرایە ئەو كەسانەی كە بەم شێوەیە بیریان دەكردەوە خۆیان پاشگەز دەبوونەوەو دەست خۆشییان لێ دەكردین، بەوهیوایەم چ من بم یان تۆ یان كۆمەڵە كەسانێكی سادەو ساكار بن چاوەڕێ بكەین تا كۆتایی كارەكان، نەك تفەنگ بنێین بە تاریكییەوە رەنگەكان ببینین، ئینجا یەكیان هەڵبژێرین نەك بەم شێوەی خۆمان پێوانەی بۆ بكەین.
*پێت وایە گەیشتیە ئەو ئاستەی پێت بڵێن ئەستێرە؟
-خۆزگە دەخوازم كاری جوان بكەم، لەدرامایەك نواندنێكی جوان بكەم، خۆزگە دەخوازم لەم كارانەی دەیكەم نزیك ببمەوە خەڵكانێك خودی نزار ببینن حەز دەكەم كاری جوان بكەم، من كار بۆ ئەوە ناكەم كە ركابەرێتییەكی شەرعی هاوڕێكانم بكەم، ئێستا لەو رێگایەم تاكو بتوانم خۆم بكەم بە ئەكتەر .
*ئەگەر ئێستا كارێكی وەكو مەمی ئالان هەبێ ئامادەی بەشداری تیابكەی؟
-بەڵێ، چونكە ئەو دەورەم لەم درامایە منی بەخەڵك ناساند، ئێستا خەریكی كارێكم زۆر دوورە لە مەمی ئالان و لە نەبەز، بۆیە پێمخۆشە بەشێوەیەك لە شێوەكان خزمەت بەهونەری كوردی بكەم جا لەرووی هونەری بێ یان لەرووی بەخشینی زانیاری، یان باس لە چیرۆكی دڵداری بكات، یان توندوتیژی بێ یان لە هەر روویەكی ترەوە، چونكە پێموایە هونەر بەشی زۆری پیشان دانی وڵاتە، بۆیە خۆشحاڵم كە جارێكی دیكەش لەدرامایەكی وەكو مەمی ئالان بەشدار ببمەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك لەشێوەكان مەبەستی من ئەوە نییە سوكایەتی بەچیرۆكی دراماكان بكەم یان بۆ ئەوە بێ بڵێم من باشترم لەوەی تر،دەمەوێ ئەو سوكایەتی و رق و كینەیە نەمێنێ روو لەدنیایەكی پرجوانی و بێگەرد بكەین.
*هیچ رەخنەیەكت لە رۆڵەكەی خۆت لە مەمی ئالان گرت؟
-وەكو رەخنە نەخێر، بەردەوام گوتومە ئەمە یەكەم كاری من بووە، بەڵام ئەگەر ئێستا درامای مەمی ئالان بكرێتەوە، دڵنیام گۆڕانكاری دەبێ هەم لەرووی ئەدا كردنەوە هەم لەرووی جووڵەو جەستەوە، شانازیش بەو دەورەوە دەكەم، شانازی بەتاژدین و موژدینیشەوە دەكەم، چونكە ئەوان منیان ناساند بۆیە بەهەر جۆرێك بێ حەزدەكەم خزمەت بەهونەری كوردی بكەم .