(شه‌هێن تاڵه‌بانی) دوای ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵ ده‌چێته‌ كه‌نه‌دا

(شه‌هێن تاڵه‌بانی) دوای ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵ ده‌چێته‌ كه‌نه‌دا
خانمه‌ گۆرانیبێژی كورد (شه‌هێن تاڵه‌بانی) دوای سازكردنی ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵی نوێ له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ چه‌ند كارێكی هونه‌ری به‌ره‌و كه‌نه‌دا به‌ڕێده‌كه‌وێت.

(تاڵه‌بانی) له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ئاژانس و رادیۆی په‌یامنێر گوتی "به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئێستا له‌ شاری سلێمانیم، بڕیاروایه‌ له‌ 31 كانونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ر 2011، به‌بۆنه‌ی هاتنی سه‌ری ساڵی نوێوه‌، ئاهه‌نگێك له‌ سلێمانی پاڵاس له‌ سلێمانی ساز ده‌كه‌م".

گوتیشی "هه‌ر به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێی زاینییه‌وه‌، له‌ 30 كانونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ر، له‌ ئاهه‌نگێكدا له‌ شارۆچكه‌ی كه‌لار به‌شدار ده‌بم".

خانمه‌ گۆرانیبێژ كه‌ نیشته‌جێی به‌ریتانیایه‌، ساڵانه‌ بۆ كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی چه‌ند جارێك سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

(تاڵه‌بانی) ئه‌وه‌شی خسته‌ روو "به‌م دواییه‌ له‌ شاری هه‌ولێر، سێ گۆرانیم كلیپ كرد كه‌ یه‌كێكێیان بڵاوبۆته‌وه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش له‌ سه‌ری ساڵی نوێ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد "وه‌ك به‌رهه‌می نوێ، چه‌ند گۆرانییه‌كی نوێم هه‌یه‌، ره‌نگه‌ یه‌كێكیان بۆ سه‌ری ساڵی نوێ ئاماده‌ بێت و بڵاوی بكه‌مه‌وه‌، به‌نیازم ئه‌وانی دیكه‌ش بۆ ساڵی نوێ له‌ كوردستان تۆماری بكه‌م".

ئه‌وه‌یشی ئاشكرا كرد "بڕیاروایه‌ له‌ مانگی كانونی (دووه‌م/ یه‌نایه‌ر)ـی داهاتوودا له‌ شاری سلێمانی، به‌شداری له‌ رێوره‌سمی رێزگرتن له‌ هونه‌رمه‌ندی ناودار كه‌ریم كاباندا بكه‌م، دواتر به‌ره‌و كه‌نه‌دا به‌ڕێ ده‌كه‌وم و چه‌ند كارێكی هونه‌ری ئه‌نجام ده‌دام، به‌ڵام ناتوانم ئێستا بیانخه‌مه‌ روو".

(شه‌هێن تاڵه‌بانی) یه‌كێك له‌ گۆرانیبێژه‌ ناسراوه‌كانی كورده‌، له‌ دایكبووی شاری سنه‌ی كوردستانی ئێرانه‌، ئێستا له‌ به‌ریتانیا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می هونه‌رییه‌.
Top