فیلمی سینەمایی كوردی (هێلانە سوتاوەكان)
فیلمی سینەمایی (هێلانە سوتاوەكان) لەسیناریۆء دەرهێنانی دەرهێنەری كورد (شەهرام مەسڵەخی)ء لەنواندنی ئەكتەرانی كورد (شوان عەتوف، ژیان ئیبراهیم خەیات، حەمەعەلی خان، مەسعود یوسفیء پەیام نەسیری، رەزا حاجی خوسرەوی، شەهێن جەمال، هەژان هێرش، نەشمیل عەلی بەرزنجی)ء چەندین ئەكتەری بەتوانای دیكە، هەروەها ئەكتەرە فارسەكانیش (شەهرام حەقیقەتدوست، سەحەر قورەیشی، ئیمان سەفاء حشمەت ئارمیدە)ء چەندینی تریش. ئەم فیلمە لەبەرهەمهێنانی (مەحمود خەرماندار)ەو گێڕانەوەی چیرۆكەكانی بەر لەكیمیاییبارانء دوای كیمیایبارانی هەڵەبجەیە لەرێگەی گێڕانەوەی بەسەرەهاتء روداوەكانی ژیانی عەلی (زمناكۆ) ئەو كوڕەی كە لەكاتی بۆمبارانەكاندا وندەبێتء ئاوارەی ئێران دەبێتء دوای چەند دەهەیەك دەتوانێت خێزانەكەی خۆی بدۆزێتەوەء بگەڕێتەوە كوردستان.
دەرهێنەر دەربارەی ئەم فیلمەی دەڵێت: "ئەم فیلمە دیاری دەبێت بەهەمو خێزانێكی كوردء هەمو بینەرانی كوردستانء جیهان، تاكو چیرۆكی هەڵەبجە لەرێگەی هونەری سینەماوە بگەیەنین پێیان" هەوەرها شەهرام دەڵێت :"لەم فیلمەدا عەلی وەك پەتی تەزیحێكە، كە دەنكەكانی ئەو چیرۆكانەیە كە لەهەڵەبجەو ئێران رویانداوەو عەلی دەبێت بەپەتی پەیوەستكردنەوەی چیرۆكەكان بەیەكتر".
ستافی فیلمەكەش پێكدێن لەبەڕێوەبەری وێنەرگرتن (سالم سەڵەواتی)ء یاریدەدەرانی وێنەگر (سەڵاح كەریمیء محەمەد)، وێنەگری پشت كامێرە (تالب عوسمان)، فۆتۆگرافی (سۆران نەقشبەندیء پەیام نەسیری)، یاریدەدەرانی دەرهێنەر (نیشتمان كەریمیء نەدا قوزاتلو)، مۆنیتەرین (عەسەل خانی)، دەنگهەڵگر (عەلی رەزا كەریم نەژاد)ء میكیاژ (كازم شیرازی)، دیزاینی جلء لۆكەیشنەكان (مەحمود سادقی)، بەڕێوەبەری بەرنامەرێژ (مەهدی موتەلیبی)، پێداویستیەكان (عەلی رەزا تەمەدون)، یاریدەدەری بەرهەمهێن (موحسن دانشوەر)ء رێكحستنی پەیوەندیەكان (سارا خورشید قادر).
بەڕێوەبەری پەیوەندیە گشتیەكانی فیلمەكە (سۆران نەقشبەندی) پێیراگەیاندین "كاری وێنەگرتنء دەنگهەڵگرتنی فیلمەكە تەواو بوەء ئێستا لەقۆناغی مۆنتاژكردنء دانانی مۆزیكدایە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە (سوهراب خوسرەوی) كاری مۆنتاژی بۆ بكات كە زۆرێك لەفیلمەكانی (حاتەمی كیا)ی مۆنتاژكردوەء پێدەچێت كامكارەنایش مۆزیكی بۆ دابنێن".
سۆران وتیشی "ئەم فیلمە بەهاوكاریء هەماهەنگی (بەڕێوەبەرایەتی كاروباری شەهیدانء ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمء كۆمپانیای ئەڵوەندسازان) بەرهەمدەهێنرێت. وا بڕیاریشە لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی هەرێم بەنرخی گونجاو لەسینەماكانء هۆڵەكانی نمایش پێشانبدرێتء رەچاوی كاتء داهاتی هاوڵاتیانیش دەكرێتء لەوبارەیەوە پلانی ورودمان داڕشتوە تاكو گشت ئارەزومەندێك لەهەر توێژێك بێت بتوانێت بیبینێت، هەروەها بەهیواین ئەم فیلمە نوێنەرایەتی سینەمای كوردی ء ئازارەكانی هەڵەبجە بكات لەزۆرێك لەفێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەكانی دونیاء چاوەڕوانی ئاكامی گەورەی لێدەكرێت".
ماوەتەوە بوترێت، ئەم فیلمە كە ماوەكەی 90 خولەكە، بەرهەدو فۆرماتی (HD)ء (35)ملم دەكەوێتە بازاڕەكانی سینەماوەو سیستمی دەنگیەكەشی دۆلبی دەبێت.