گولستان په‌روه‌ر: كه‌لتوور لای ئێمه بووه‌ته دیكۆر و ناوه‌ڕۆكی نییه
ئا:خەلیل بلەیی
* بۆچی ماوه‌یه‌كه له كاری هونه‌ری بێده‌نگی؟
- دوای چه‌ندین ساڵ بێده‌نگی و تۆمار نه‌كردنی به‌رهه‌می هونه‌ری نوێ، لێره‌وه ده‌مه‌وێ به ئێوه و هه‌وادارانی خۆم بڵێم ئێستا خه‌ریكی پرۆژه‌ی ئه‌لبوومێكی نوێم و ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه ده‌ستم پێكردووه، هیوادارم له ساڵی نوێ‌دا كاره‌كانی ته‌واو بكه‌م و بڵاوبكرێته‌وه چه‌ند گۆرانییه‌كی نوێیه، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك گۆرانی كۆن و فۆلكلۆریشی تێدایه له‌وانه هه‌ندێكیان به زاراوه‌ی سۆرانییه، به‌ڵام هێشتا دیاریم نه‌كردووه كه كام له‌م گۆرانیانه دووباره ده‌كه‌مه‌وه.
* له‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا ژیانی گولستان په‌روه‌ر چه‌ندین گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی وكه‌سایه‌تی جیاجیای به‌خۆیه‌وه بینی، ئه‌م گۆڕانكاریانه له‌سه‌ر ژیانی تۆ چ كاریگه‌رێكیان هه‌بوو ؟
- وه‌ك تۆ له پرسیاری پێشووتر باست كرد ئه‌م گۆڕانكاريیانه كاریگه‌ریی زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ر ژیانم، له‌وانه ماوه‌ی 10 ساڵ ده‌بێت ته‌نیا یه‌ك به‌رهه‌می هونه‌ریشم نه‌بوو، بێگومان ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی سلبی هه‌بوو له‌سه‌ر هونه‌ری من، چونكه له‌و ماوه‌یه‌دا من زۆر وڵاتم گۆڕی و ژیانم جێگیر نه‌بوو له شوێنێكی دیاریكراو نه‌بووم، به‌ڵام ئه‌مه ماوه‌ی دوو ساڵ زیاتره من له كوردستان جێگیرم په‌نا به خوا ئیدی له‌مه‌ودوا به گوڕوتینێكی زیاتره‌وه ده‌ست به‌كاری هونه‌ری ده‌كه‌مه‌وه، دوای گه‌ڕانه‌وه‌م هه‌ست ده‌كه‌م بوونم له یاد و بۆنه‌كان و له‌ناو كۆمه‌ڵگادا زۆره، زۆریش دڵخۆشم و له‌لایه‌نی ده‌روونیشه‌وه هه‌ست به حه‌سانه‌وه ده‌كه‌م.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینیم كرد سه‌باره‌ت به هونه‌ری كوردی ئه‌وه‌یه كه هونه‌ری ئێمه پێویستی به خه‌بات و كاری زیاتر هه‌یه و ئۆرگانیزه‌كردن و به موئه‌سه‌ساتی كردن هه‌یه.
* باست له هونه‌ری كوردی كرد هۆكاره‌كان چین كه هونه‌ری كوردی به‌م رۆژه‌ی گه‌یاندووه؟
- چونكه ئێمه خاوه‌نی یه‌ك هه‌ڵوێست ویه‌ك به‌ڕێوه‌بردنی كاری هونه‌ری نین، هه‌ر كه‌سێك ده‌یه‌وێ له‌لای خۆیه‌وه شتێك بكات به‌پێی ویست و ئاره‌زووی خۆی، پێویسته ده‌وڵه‌ت یاسای تایبه‌تی هه‌بێت سه‌باره‌ت به هونه‌ر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد هه‌میشه له‌نێو شه‌ڕ و خه‌باتدا ژیاوه، بۆیه كه‌لتوور لای ئێمه بووه‌ته شتێكی لۆكس واته ته‌نیا دیكۆر، بۆیه پێویسته ناوه‌ڕۆكیشی پڕ بێت له زانست و په‌روه‌رده.
* ئه‌م دڵخۆشییه‌ت ده‌بوایه هانده‌رێك بێت بۆ پێشكه‌شكردنی كاری هونه‌ری باشتر و زیاتر، كه‌چی سه‌یره تۆ له شوێنی خۆت وه‌ستای بۆ؟
-نه‌خێر له كوردستان من نه‌وه‌ستاوم، به‌ڵام له ئه‌وروپا ژیانمان زۆر سه‌خت بوو ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه من ته‌نیا سه‌رقاڵی ژیانی خۆم بم و نه‌توانم كاتێكی ته‌واو و شیاو بۆ هونه‌ر و ئه‌نجامدانی به‌رهه‌مێكی نوێ ته‌رخان بكه‌م.
* چ جیاوازییه‌ك له‌نێوان كاری هونه‌ری له كوردستان و له ده‌ره‌وه هه‌یه؟
- بێگومان له كوردستان كاری هونه‌ری خۆشتره و باشتره، چونكه ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌نێو كه‌سوكار و سروشت و له‌سه‌ر خاكی وڵاتی خۆمانین، ئێمه له‌م خاكه پیرۆزه‌ی كوردستان هاتووینه‌ته وجود و ئه‌و ئاو و هه‌وایه هه‌ڵده‌مژین، وه‌ك ئه‌وه وایه كه دره‌ختێك له كوردستان بڕوێنی و بیبه‌ی بۆ سوید له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێره رواوه ئه‌گه‌ر بیبه‌ی بۆ سوید ده‌مرێت و وشك ده‌بێت، خۆشبه‌ختانه خه‌باتی میلله‌تی ئێمه‌ی نه‌یهێشت ئێمه له ئه‌وروپا وشك ببین ئه‌گینا ده‌مێك بوو له ئه‌وروپا كۆتایی به ژیانمان ده‌هات.
* به‌ڕای تۆ چ كاتێك هونه‌رمه‌ند ده‌گاته ئه‌و خاڵه‌ی بڵێ ئیدێ به‌سه و ده‌ست له كاری هونه‌ری هه‌ڵبگرێت؟
- ئه‌مه‌یان ده‌مێنێته‌وه سه‌ر خودی هونه‌رمه‌نده‌كه، هونه‌رمه‌ند هه‌یه دوای په‌نجا ساڵی ته‌مه‌نی پێیوایه ئیدی واز بێنی و ده‌ڵێ: به‌سه، له هه‌مان كاتدا هونه‌رمه‌ندیش هه‌یه تا ئه‌و كاته‌ی له ژیاندا مابێت به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر پێشكه‌ش كردنی كار و به‌رهه‌می هونه‌ری نوێ.
* گولستان په‌روه‌ر پێیوایه گه‌یشتۆته لوتكه‌ی هونه‌ری؟
- نه‌خێر، چونكه گه‌یشتن به لوتكه كارێكی زۆر زه‌حمه‌ته، هه‌روه‌ها ته‌نانه‌ت من ناتوانم بڵێم ئێستا له چ قۆناغێكی هونه‌ریشدام، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌زانم و هه‌ستی پێده‌كه‌م كه میلله‌ته‌كه‌م حه‌ز له هونه‌ری من ده‌كات ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منیش زۆر حه‌ز له میلله‌ته‌كه‌م ده‌كه‌م و هه‌ستیش به‌و خۆشه‌ویستییه ده‌كه‌م.
*وه‌ك ئافره‌تێك بارودۆخی ئافره‌تی كوردت چۆن بینی له كوردستان؟
- كێشه‌كانی ئافره‌ت له كوردستان زۆرن، بۆیه پێویسته خودی ئافره‌تی كورد سه‌ر له‌نوێ خۆی بونیاد بنێته‌وه ئه‌ویش له رێگای په‌روه‌رده و خوێندنه‌وه، دیاره ئافره‌ت نیوه‌ی كۆمه‌ڵه و هه‌ر كاتێك نیوه‌ی كۆمه‌ڵ په‌كی بكه‌وێت و بێ به‌رهه‌م بێت و بچه‌وسێته‌وه، ئه‌و كات بێ ناسنامه و بێ ده‌سه‌ڵات ده‌بێت و بوونێكی به‌رچاوی نابێت له نێو كۆمه‌ڵگا، ئه‌مه له كاتێكدا كه ئافره‌ت دایكه پیاو و ئافره‌تیش په‌روه‌رده ده‌كات، به گشتی ئافره‌ت پێویسته به دووباره بونیادنانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له دواڕۆژدا ئازادی به‌ده‌ست بهێنێت و نه‌وه‌كانی دوای خۆیشی به ئازادی په‌روه‌رده بكات، ئه‌وه‌ی زیاتر مایه‌ی سه‌رنجه ئافره‌تی كور له‌رووی ئابوورییه‌وه به پیاوه‌وه به ستراوه‌ته‌وه، هیوادارم ئافره‌تی كوردیش ببێته خاوه‌ن كار و پیشه‌ی تایبه‌تی خۆی و ئابووری خۆی به‌ده‌ست خۆی بێت و له‌نێو كۆمه‌ڵگادا پشت به‌خۆی ببه‌ستێت و ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ بنه‌ماكانی دیموكراسی له كوردستان ئاوا بكه‌ین ده‌بێ ئه‌م پرسه چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه دیموكراسی به‌بێ مافه گه‌ردوونییه‌كان ئافره‌ت په‌كی ده‌كه‌وێت و بنه‌ماكانی له‌رزۆك ده‌بن.
*تۆ چۆن به‌رگریت له مافه‌كانی ئافره‌ت كردووه له رێگای هونه‌ره‌كه‌ته‌وه؟
- دوای ته‌واو بوونی ئه‌لبوومه‌كه‌م به نیازی ئاماده كردنی به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیم تایبه‌ت به ئافره‌تان، مه‌رج و پێویست نییه من خۆم به‌رنامه‌كه پێشكه‌ش بكه‌م، له‌وانه‌یه من ته‌نیا ببم به ئاماده‌كاری ئه‌م به‌رنامه‌یه.
*به‌ر له‌ماوه‌یه‌ك گوێبیستی هه‌واڵی تێكچوونی ته‌ندرووستی كاك شڤان بووین گوایه تووشی جه‌ڵته‌ی دڵ هاتووه ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟
- ئه‌م هه‌واڵه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك راست نییه و ته‌ندروستی زۆر زۆر باشه هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش من روونكردنه‌وه‌یه‌كم بڵاوكردۆته‌وه، شڤان گرفتێكی بچووكی له چاوی هه‌بوو، به‌ڵام رۆژنامه‌ی (ئه‌كشام)ی توركی وه‌ك هه‌واڵێكی گرنگ بڵاویكرده‌وه گوایه دڵی شڤان وه‌ستاوه، بۆ زانیاری ئێوه‌ش شڤان ئێستا خه‌ریكی ئاماده كردنی ئه‌لبوومێكی نوێیه له ستۆدیۆی خۆمان له شاری بۆنی ئه‌ڵمانی، هیوادارم دوای ته‌واو بوونی به‌رهه‌مه‌كه‌ی من و ئه‌و بتوانین به‌یه‌كه‌وه به‌رهه‌مێكی نوێ بڵاو بكه‌ینه‌وه.
*بۆچی ئه‌م پڕوپاگه‌ندانه دژی كه‌سێكی وه‌ك شڤان په‌روه‌ر بڵاوده‌كرێنه‌وه؟
- چونكه شڤان په‌روه‌ر كه‌سێكی دیار و خۆشه‌ویسته له‌لای كوردانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان و بووه‌ته سیمبولێك، بۆیه كه‌سانێك هه‌ن ده‌یانه‌وێ ئه‌م سیمبوله له‌ناو ببه‌ن جا به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت.
*به‌ر له‌وه‌ی كه‌ناڵی TRT6 بكرێته‌وه ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌بوو شڤان په‌روه‌ر له كردنه‌وه‌یدا ئاماده ده‌بێت، ئه‌مه چۆن بوو؟
- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شڤان په‌روه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی ناسراوه له‌لایه‌ن كوردانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان و ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌یویست ئه‌و كرانه‌وه‌ی كه گوایه به‌رامبه‌ر به كورد هه‌یه سه‌ره‌تا ئه‌و كرانه‌وه‌یه به شڤانه‌وه ده‌ست پێبكه‌ن، به‌ڵام شڤان ئه‌مه‌ی نه‌كرد، چونكه دژی هه‌ر پێوه‌ندییه‌كه ئه‌گه‌ر بزانێت زیانی ده‌بێت یان كارێكی باش نییه.
* چ یادگارییه‌كتان هه‌یه له‌گه‌ڵ مه‌دام میتران؟
- وه‌ك هه‌موو لایه‌ك ده‌زانین مه‌دام میتران وه‌ك دایكی كوردان وابوو هه‌میشه له كۆڕ و بۆنه‌كاندا به دڵسۆزییه‌وه باسی له كێشه‌ی ره‌وای كورد كردووه و ئێمه وه‌ك كورد قه‌رزاری ئه‌و خانمه‌ین و زۆر سوپاسی ده‌كه‌ین، چونكه له رۆژه سه‌خته‌كاندا دایكایه‌تی خۆی بۆ ئێمه سه‌لماند و هه‌واڵی كۆچی دوایی ئه‌م خانمه به‌ڕێزه له‌ناخه‌وه ئازاری داین و خه‌مباری كردین، له خوا داواكارم جێگای به‌هه‌شت بێت.
* له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به زاراوه‌ی سۆرانی گۆرانی‌یان وتوه حه‌ز له ده‌نگی كامیان ده‌كه‌ی؟
- حه‌سه‌ن زیره‌ك، عه‌لی مه‌ردان، مه‌رزیه، له نوێیه‌كانیش زۆر حه‌ز له ده‌نگی چۆپی ده‌كه‌م.
* بۆچی حه‌ز له ده‌نگێ چۆپی ده‌كه‌ی؟
- چۆپی هونه‌رمه‌ندێكی به توانایه له رووی ده‌نگه‌وه وه‌ك كه‌سیش من زۆر حه‌ز له كه‌سایه‌تی ئه‌و خانمه هونه‌رمه‌نده ده‌كه‌م و له دڵه‌وه هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ ده‌خوازم.