گوڵاله‌: سه‌ته‌لایتی زاگرۆس فێرگه‌ی منه‌

گوڵاله‌: سه‌ته‌لایتی زاگرۆس فێرگه‌ی منه‌
گوڵاله‌ سه‌عید كه‌ یه‌كێك بوو لە بێژه‌ر و پێشكه‌شكاره‌كانی كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس و ئێستاش له‌ ئه‌وروپا له‌ كاری راگه‌یاندن به‌رده‌وامه، له‌ لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان ده‌رباره‌ی جیاوازی كاری راگه‌یاندن له‌ كوردستان و له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ڵێ: كاری راگه‌یاندن له‌ هه‌نده‌ران خۆشتره‌، چونكه‌ ئازادی زیاتره‌ و لێپێچینه‌وه‌ت له‌گه‌ڵ ناكرێ له‌سه‌ر هه‌ر‌ شتێك كه‌ پێوه‌ندی به‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ هه‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا حه‌ز ده‌كات زیاتر چ به‌رنامه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكات، رۆشنبیری وكۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری یان سیاسی، گوڵاله‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌ بێگومان زیاتر حه‌ز له‌ به‌رنامه‌ی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، به‌ڵام توانای ئه‌وه‌م هه‌یه‌ به‌رنامه‌ی سیاسیش پێشكه‌ش بكه‌م هه‌رچه‌نده‌ له‌ كوردستان زۆر كه‌م ئافره‌ت داده‌نرێت بۆ پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی جددی، هۆكاره‌كانیش زۆرن و ره‌نگه‌ كاتێكی دیكه‌ی بوێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌ كوردستان وه‌ك پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ و بێژه‌ر له‌ كه‌ناڵی زاگرۆس كاری كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌م كه‌ناڵه‌ كه‌ پڕبینه‌رترین كه‌ناڵی كوردییه‌، گوڵاله‌ سه‌عید ده‌ڵێت: زاگرۆس تیڤی شوێنی كار كردن و فێرگه‌ی منه‌ وه‌كو راگه‌یاندن بۆیه‌ هه‌موو كات خۆشمده‌وێت و له‌ یادی ناكه‌م.
له‌ كۆتاییشدا گوڵاله‌ سه‌عید ده‌ڵێ: من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم هیچ شوێن و لایه‌نێك ماف بدات به‌ مرۆڤ جا ئافره‌ت بێت یان پیاو، ماف شتێكه‌ كه‌ مرۆڤ خۆی ده‌بێت وه‌ریبگرێت، له‌ هیچ شوێنێكی دنیا ماف دابه‌ش ناكرێت، وه‌رده‌گیرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وه‌ك راگه‌یاندن كاری ئافره‌ت مافیشمان نه‌درابێت ده‌بێ خۆمان وه‌ریبگرین، نه‌ك ته‌نیا له‌ راگه‌یاندندا به‌ڵكو زۆر شوێنی دیكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ بێ رێزی به‌ مافی ئافره‌ت ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ خۆمان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین و من هیچ كاتێك راگه‌یاندن خه‌تابار ناكه‌م، ئه‌مه‌ ده‌بێ بگۆڕێ به‌شێوازێكی دیكه‌.
Top