ئەلین خەلەف بۆ گوڵان: هەموو مرۆڤێك لە شتێك پەشیمان دەبێتەوە
ئا:عومەر هادی بەغدا
* دوای ئەو سەردانە خێراییەت بۆ عێراق چۆن هەستی خۆت دەردەبڕی ؟
-زۆر دڵخۆشم بەسەردانی وڵاتی دووەمم عێراق و بە خەڵكەكەی، پێشتر زۆرم شتم گوێ لێ ببوو دەربارەی عێراق، بەڵام تا لە نزیكەوە نەمدیت ئەو راستییەم بۆ روون نەبۆوە.
*كەشوهەوای ئاهەنگەكانت چۆن بوو؟
- بێگومان بەشێوەیەك بوو كە من چاوەڕێم نەدەكرد، سەرم سووڕما بەتایبەتی لە ئاهەنگی دووەم كە خەڵكێكی زۆر ئامادەی بوون، پێشوازییەكی زۆر گەرم هەبوو بۆ گۆرانییەكانم لەلایەن خەڵكەكەوە بەتایبەت كە گۆرانی (صبابین الشای و دلع الجبایب)مگوت، نەمدەتوانی لە گۆرانی گوتن بوەستم سەرەڕای ئەوەی هەموو كامیرا و وێنەگرانە كە روویان لە من بوو، ئەوەی زۆر دڵخۆشی كردم ئەوە بوو كە دەچوومە سەر تەختەی شانۆ خەڵكەكە زۆر دڵخۆش بوون هەستم بەو خۆشییە دەكرد.
* ئەوە جاری یەكەمتە سەردانی بەغدا بكەی لەم سەردانەدا چی سەرسامی كردی؟
- باشی خەڵكەكەو خۆشەویستیان و پاراستنی فۆلكلۆرو لەوە زیاتر شاری شاعیران و دۆڵی رافیدەینە (دجلەو فورات)، زۆر حەزم دەكرد كە زیاتر لەو وڵاتە بگەڕێم، بەڵام نە بوونی كات و كەم مانەوەم و پابەندبوونم بە ئیشەكانی دیكەم لە بەیروت وای لێكردم زوو بگەڕێمەوە.
* پێش دەستپێكی ئاهەنگەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بەسترا، راگەیاندنكارێكی زۆر تێیدا ئامادەبوو چۆن ئەوانت بینی؟
- رۆژنامەنووسانی عێراق جێی پەنجەیان دیارە لە هەموو بوارەكانی راگەیاندندا، بەتایبەتی لەسەر شاشە، بەڵام كۆنگرەكە نەكرا بۆ هەر لایەكی راگەیاندن كاتێكمان دیاری كرد تاكو بە ئاسانی و بە ئارەزووی خۆیان بتوانن پرسیار بكەن هەرچەندە ماوەی مانەوەشم كەم بوو، بەڵام ویستم مافی هەموویان بدەم.
* رات چییە بەرامبەر بە ئاواز و گۆرانی عێراقی نیازت نییە گۆرانییەك بە ستایلی عێراقی بڵێی؟
- گۆرانی عێراقی كاریگەری و رەواجی خۆی لە هونەردا هەیە، هەندێ گۆرانی هەیە كە لە رادیۆكانەوە گوێم لێ دەبێ، تووشی سەرسامیم دەكەن كە دەزانم ئەو گۆرانی عێراقییە،زۆر گۆرانی عێراق هەبوو بە نیاز بووم بیانڵێم، ئێستا گۆرانی عێراقی بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە گەڕاوەتەوە، هەرچەندە ئێستاش قەیسەر كازم ساهیر بوونی هەیە لە مەیدانی گۆرانیدا، بەڵام كەس نییە لە ئێمە ئێستا گۆرانی (قلب قلب) و چەندین گۆرانی تری نوێی عێراقی گوێ لێنەبووبێ و پێی سەرسام نەبێ، ئێستا خەریكی ئامادەكردنی گۆرانییەكی كەنداویم، بەڵام ئەگەر مۆسیقاو شیعری جوانی عێراقی هەبوو ئەوا گۆرانی عێراقیش دەڵێم، چونكە لەبەر خۆشی هەموو كەس ئارەزوو دەكات بەو شێوەزارە گۆرانی بڵێ .
*بۆ ئەمرۆ لەسەر گۆڕەپانی هونەری جێگات وەك پێشوو دیار نییە ؟
- ئەمڕۆ لە جیهانی عەرەبیدا كۆمپانیای بەرهەم هێنان زۆر كەم بووە، بۆیە دەبێت پشت بەخۆمان ببەستین بۆ بەرهەمهێنان لەبەرئەوەش ماوە ماوە گۆرانییەكی سنگڵ دەهێنمە بازاڕ بۆ ئەوەی بوونی خۆم بسەلمێنم.
* لەسەر ئاستی ئاهەنگەكان ؟
- من بەردەوام چاوپێكەوتن و ئاهەنگم هەیە لە میدیاكان و بەم زووانە سەردانی ئیمارت دەكەم بۆ ئەنجامدانی چەند ئاهەنگێك .
* تا ئێستا لەچی پەشیمانی ؟
- باوەڕ ناكەم كەس هەیە پەشیمان نەبێت زۆر شتی واهەیە وات لێدەكات پەشیمان بی لێی، بەڵام پەندی لێ وەردەگری لەبەر ئەوەی من هونەرمەندم واتە بۆ دواڕۆژ سوودی دەبێت، بەگشتی هەموو مرۆڤێك لە شتێك پەشیمان دەبێتەوە.
* بۆچی لەهەرێمی كوردستانی عێراق ئاهەنگت ساز نەكرد ؟
زۆر لە هاوڕێكانم باسی ئەوە دەكەن كە كوردستان كەشوهەوای خۆشە و ئاسایش و سەقامگیری هەیە، زۆر حەز دەكەم ئاهەنگی لێ بگێڕم تایبەت دوای سەركەوتنی ئەو ئاهەنگانەی هاوڕێكانم لەوێ بەسەركەوتوویی ئەنجامیانداوە زۆر گرنگە بۆ من ئامادەبم لەوێ بۆ بینینی هاندەرانم و لەوێ زۆر كەس هەیە بەتایبەت لە هەولێرو سلێمانی پەیوەندیم پێوە دەكەن بۆ دەربڕینی هەستیان بەرامبەر بەخۆم.
* ئەگەر داوات لێبكەن سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەی؟
- «بە پێكەنینەوە» بێ بیر كردنەوە یەكسەر دەچم، بەڵام پێمخۆشە داواكە رەسمی بێت نەك بە شێوەی زارەكی .