لۆكە بۆ گوڵان: حەز ناكەم لە هیچ كەسێك بچم

لۆكە بۆ گوڵان: حەز ناكەم لە هیچ كەسێك بچم
لۆكە زاهیر لە‌ساڵی 1988 لە‌شاری سلێمانی لە‌دایكبووە، بەڵام ئێستا لە‌گە‌ڵ خانەوادەكەی نیشتە‌جێی وڵاتی سویسرایە‌، لۆكە هە‌ر لە‌منداڵییە‌وە‌ خولیای هونەری گۆرانی وتن و كاری هونەری بووە‌‌‌و ماوە‌ی چە‌ند ساڵێكە خە‌ریكی ئەنجامدانی كاری هونەرییە‌ لە‌ بواری گۆرانی گوتن و تا ئێستا چە‌ند ئەلبووم و ژمارەیە‌ك كلیپی بڵاوكردۆتە‌وە‌، ئەگە‌رچی ڕەخنە لە‌ ستایل و شێوازی دەركەوتنی دەگیرێت، بەڵام لە‌رووی هونەرییە‌وە‌ خاوە‌ن دەنگێكی زۆر خۆش و لە‌ ئەداكردنی گۆرانیشدا سە‌ركەوتوو بووە‌، ئەمە‌ جگە‌ لە‌وە‌ی جوانی رووخساریشی یە‌كێك بووە‌ لە‌ هۆكارە تە‌واوكەرەكانی سە‌ركەوتنی لۆكە كە ئەمە‌ش مافێكی سروشتی هە‌ر هونەرمە‌ندێكە هە‌رچە‌ندە هونەر بە جوانی و رووخسار پێوانە ناكرێت.

ئا: رۆشنە عومەر


لە‌ دیمانەیە‌كدا لۆكە زاهیر باسی لە‌ چە‌ند لایە‌نێكی تایبەت بە ژیانی هونەری خۆی و بەرهە‌می داهاتووی دەكات.
بەردەوام بوونی هونەرمەند لە سەر كاری هونەری بەتایبەتی لە بواری گۆرانی و مۆسیقادا پێویستی بە چەند هۆكارێك هەیە، دەربارەی ئەو هۆكارانە دەڵێ: فاكتەری یەكەم تایبەت بە گۆرانیبێژ بوونی میلۆدی دانەرێكە كە دەنگت بناسێ وخاڵێكی زۆر گرنگە بۆ بەردەوام بوون و پێشكەش كردنی كاری باشتر، دواتر بوونی باكگراوندی ڕۆشنبیری گشتی و هونەری، هەروەها بەردەوام بوون لە پرۆڤەی ڕۆژانە و موتابەعەكردنی ڕۆژانەی كارە هونەرییە ناوخۆیی وجیهانییەكان، دواتریش توانای دەنگی و هەڵبژاردنی تێكستی جوان ڕەزامەند بوونی جەماوەر لەكارەكانتدا.
زۆر كەس دەڵێن هەندێك لە ئافرەتە گۆرانیبێژەكان(لۆكەش یەكێكە لەوان) لەڕووی هونەرییەوە هیچیان پێ نییە، بەڵكو تەنیا پشت بەشێوەو ڕوخسارو خۆ ڕووت كردنەوە دەبەستن، ئەگەر ڕووخساری لۆكە جوان نەبوایە دەبوو بە گۆرانیبێژ؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا لۆكە وتی:
من شانازی بەوە دەكەم كە توانای دەنگم هەیەو جەماوەریش شایەت حاڵی ئەوەن و بەردەوام بوونم لە پێشكەشكردنی كاری نوێ و پێشوازی لەلایەن جەماوەر لەم كارانە بەڵگەیەك بۆ پێچەوانەی پرسیارەكەی بەڕێزتان من بە كاری باش و دواتر داهێنەرێكی وەك كاك هەڵكەوت زاهیر ڕازییە لەسەر دەنگم، دوای دوو ساڵیش توانیم خەڵاتی باشترین لاوی ساڵ وەرگرم و ئەمانە بەشێكن لەسەركەوتنەكانم .
هەر هونەرمەندێك پشت بەچەند هۆكارێك دەبەستێت بۆ سەركەوتنی لۆكە، پێیوایە كە مرۆڤێكی لەسەرخۆیە لەژیانیدا، هەر گرفت و ئاستەنگێك رووبەڕووی ببێتەوە دەتوانێت بەرەنگاری ببێتەوەو هەوڵی چارەسەر كردنی دەدات، بەتایبەتی لە بواری هونەریدا، لۆكە هەروها دەڵێت: سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆم، لای من هونەر لە پێش هەموو شتێكە لە ژیاندا تەنانەت دایكایەتیش.
ناوبانگ دەركردن یەكێكە لە ئاواتەكانی هونەرمەندان، لۆكە لەم بارەیەوە دەڵێت: جگە لە ناوبانگ ئاواتی من خزمەت كردنە بە كەلتوور و هونەری میللەتەكەم ئەمە تەنیا ئاواتمەو هیچی تر.
بەم دواییە لۆكە لە چەند وێنەیەكدا بە جلوبەرگی كوردی دەركەوت دەربارەی ئەم دەركەوتنە تازەیەی لۆكە دەڵێ: من پێم خۆشە هەموو شتێكی جوانی خۆمان بەكار بهێنم، جلو بەرگی كوردی سیمایەكی جوانی هەیەو هەمیشە لەكارە هونەرییەكانم بەكارم هێناوە.
هونەرمەندە لاوەكان و ئەوانەی لە سەرەتای كاروانی هونەریدان، ڕەنگە پێویستیان بەدانانی بەرنامەیەكی تایبەت بەخۆیان بێت بۆ ئەوەی پەرە بەهونەری خۆیان بدەن، سەبارەت بەم خاڵەش لۆكە پێیوایە ئەو كەسانەی لە سەرەتای كاروانی هونەریدان پێویستیان بەكاری باش و نوێخوازی هەیە لەموزیك و گۆرانی دوور لە خۆ بەستنەوە بە هیچ شێوەیەك،پێویستە بەرەو ڕووی هەموو جۆرە ستایلەكانی موزیك، كرانەوەیەك هەبێت
دەربارەی بوونی جۆرێك لە ركابەرێتی لەنێو هونەرمەندان و ئایا لۆكە ركابەرێتی كەس دەكات لە وەڵامدا وتی: من ركابەرایەتی لەگەڵ كەس ناكەم تەنیا خەریكی كاری خۆمم و بەو شتانەوە سەرقاڵ نیم كە باسیان دەكەیت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە ئایا دەیەوێت لە چ هونەرمەندێك بچێت دەڵێ: من لۆكەم حەز ناكەم لە هیچ كەسێك بچم، بەڵام من سەرسامم بە هونەرمەندی گەورە (ئەسمەهان) كە بەلوتكەی هونەری دنیای دادەنێم
سەبارەت بە بەرهەمی داهاتوویشی لۆكە زاهیر بە گوڵانی راگەیاند كەوا ئێستا سەرقاڵی كاركردنە لەدوو ئەلبوومدا، یەكێكیان بەزاراوەی كرمانجی و ئەوی تریان زاراوەی سۆرانی، سەرجەم كارەكانیشی لەگەڵ مامۆستا هەڵكەوت زاهیر ئەنجامداوە.







Top