هەڵسەنگاندنی گوڵان بۆ هونەرمەند یاسین قادر بەرزنجی

هەڵسەنگاندنی گوڵان بۆ هونەرمەند یاسین قادر بەرزنجی
یاسین قادر بەرزنجی وەك ئەكتەر و نووسەرێكی قەڵەم رەنگین كە توانیویەتی دەگمەن بوونی خۆی بەشێوەیەكی بەرچاو بسەلمێنێت و لە بواری نواندندا ئەو رۆڵانەی بەرجەستەیان دەكات شوێن پەنجەی دیارە و كەس ناتوانێت نكۆڵی لێبكات و شیاوی دەستخۆشین، لە بواری نووسینیشدا وتار و كتێیەكانی گەواهیدەری دەستڕەنگینییەتی، بۆ ئەم ژمارەیە بە پێویستمان زانی ڕا و بۆچوونی چەند كەسێكی شارەزا لە بواری نواندن و نووسیندا بخەینە روو.
وه‌کو مرۆڤێكی خزمه‌تگوزاری هونه‌ریی و فه‌رهه‌نگی جێگای دیاره‌
سه‌ره‌تا مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی مه‌زهه‌ر خالقی ده‌رباره‌ی ناسین و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند یاسین قادر به‌رزنجی ده‌ڵێت:
یه‌که‌مجار ساڵی 2003 بوو که‌ (کاک یاسین قادر به‌رزنجی)م بینی وه‌کو هۆگرێک بە ده‌نگم و که‌سایه‌تییه‌کی شاری سلێمانی له‌ بواری میدیا و هونه‌ریدا سه‌ردانی کردم، له‌و کاته‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام ئاگام له‌کار و تێکۆشانی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ریی کاك یاسین هه‌یه‌و وه‌کو که‌سایه‌تییه‌کی پڕکارو دڵسۆز له‌ بواری نووسین و وه‌رگێڕان و میدیا، ئاگادارم وه‌کو مرۆڤێكی خزمه‌تگوزاری هونه‌ریی و فه‌رهه‌نگی شاری سلێمانی جێگای دیاره‌. ئه‌وه‌ی که‌ بۆ ئه‌مڕۆی وڵات پێویسته‌، ڕۆحی هاوکاری و ته‌بایییه‌ له‌ کاره‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کاندا، که‌ له‌ وجودی کاك یاسین دا هه‌یه‌ و بووه‌ته‌ هۆی سه‌رکه‌وتنی له‌ هه‌ر پرۆژه‌ و به‌رهه‌مێکیدا.
هه‌روه‌ها وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار له‌ ڕابردوو و ئه‌مڕۆی شاری سلێمانی ده‌یناسم که‌ خودی ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌ پێویستییه‌ گرنگه‌کان بۆ ئه‌م جیله‌ و جیله‌کانی داهاتوو .. هه‌ڵدانه‌وه‌ی نموونه‌ی کاره‌کانی پێویست ناکات، به‌ڵام سوودمه‌ندی ڕۆژنامه‌ی (ئاسۆی کتێبخانه‌) شاهیدێکی زیندووه‌ بۆ خه‌باتی فه‌رهه‌نگیی ئه‌م ڕۆژانه‌ی کاك یاسین (سه‌رنووسه‌ری ئاسۆی کتێبخانه‌)یە، بۆ شاری سلێمانی و کتێبخانه‌کانی کوردستان.
سەركەوتووی هەردوو بواری نواندن و نووسین
خانمە هونەرمەند بەدیعە دارتاش بەو شێوەیە باسی هونەرمەند و نووسەر یاسین بەرزنجی دەكات: بۆ یەكەمجار بوو لەساڵی 1975، لە شاری سلێمانی بەشداریی میهرەجانی سەرانسەری عێراق بكات لە بەغدا بۆ ئۆپەرێت، مامۆستا هونەرمەندە دڵسۆزو نیشتمانپەروەرەكانی چالاكیی قوتابخانەكانی ئەو كاتە كەوتنە گەڕان بەدوای خوێندكاری لێهاتوو و بەتوانا لە بواری نواندندا، بە رەچاوكردنی توانای جەستەیی و دەنگییەوە، لەئەنجامدا كۆمەڵێك گەنجی بەهرەمەند لە كوڕان و كیژان دەستنیشانكران.
منیش وەك دەرهێنەر ئۆپەرێتی (كۆتایی زۆردار)ی مامۆستا (گۆران)م هەڵبژارد بوو، زۆر پێویستم بەچەند كوڕێكی بەهرەمەندو لێهاتوو بەتوانا هەبوو بۆ بەرجەستەكردنی كەسێتییەكانی ئۆپەرێتەكە.
خۆشبەختانە چاوم كەوتە سەر كوڕێكی روخسار گەشی لێهاتوو و بەشێوەو قەڵافەت و دەنگ سازو زوڵاڵ و لەبارو گونجاو، كە ئەویش كاكە یاسین قادر بەرزنجی بوو، توانی زۆر بەسەركەوتوویی رۆڵی خۆی ببینێ، لەو بارودۆخە سەختەی ئەو كاتدا، بەهەوڵی دڵسۆزان توانرا سلێمانی ببێتە خاوەنی خەڵاتی یەكەم لەنێوان (17) پارێزگای عێراقدا.
ئیدی لەو كاتەوە خۆشەویستی ئەو هونەرمەندو نووسەرە بەڕێزەم چووە دڵەوەو بە ئومێدی ئەوەبووم، رۆژێ لە رۆژان وەك دایكێكی دڵسۆز لە بەرهەمێكدا یەكبگرینەوە، ئەم هونەرمەندە بەڕێزە هەر لەسەرەتای ژیانییەوە لەپاڵ نواندندا ئاڵودەی نووسین و خوێندنەوە بوو، جێدەستی دیاربوو لە نووسیندا، هەرچەندە كەزۆربەی زۆری نووسینەكانی لە خزمەتی هونەری شانۆدا بووە، كە ئەوەش سەركەوتنێكی دی دەبەخشێ بە هونەرەكەی و لە هەردوو بوارەكەدا نووسین و نواندن توانیویەتی سەرنجی بینەران رابكێشێ بەلای خۆیدا. لەدوا وتەمدا هیوای تەمەن درێژی و تەندروستی باشی بۆ دەخوازم و بەخواو سەركەوتنی هەمیشەیی دەسپێرم.
توانی، بەحەق، هونەرمەندێتی خۆی بسەلمێنێ
مامۆستای شانۆكار ئەحمەد سالار كە شارەزاییەكی زۆری لە بواری هونەری نواندن هەیە و هەموو تەمەنی خۆی لەم بوارەدا بەسەر بردووە دەربارەی هونەرمەند یاسین بەرزنجی بەم شێوەیە بیروڕا و سەرنجی خۆی دەردەبڕێت:
هونەرمەند یاسین قادر بەرزنجی لە بەرەبەیانی بەهرەو تەمەندا بوو، كەوتە خولیای كاری شانۆییەوەو بەپەرۆشی و جۆشێكی ئاشقانەی سەرگەرمەوە كەوتە چەقی كۆڕو كۆمەڵی هونەر نوێیانەوە. لەیەكێ لەو كارانەدا، لەشانۆیی(مۆڵەت)ی (محێدین زەنگەنە) كە كاكە(شێركۆ بێكەس) كردبووی بەكوردی و منیش دەرهێنەری بووم كارەكتەری سەرەكی دەبینی، كەسایەتی(بەختیار)و بەرامبەر ژمارەیەك ئەكتەری دیاری ئەو سەردەمەو، توانی بەحەق هونەرمەندێتی خۆی بسەلمێنێ و بۆ هەمووان بنوێنێ، ئەو رووداوە هونەرییە، جوانترین رەنگدانەوەی لەناخما دروست كرد. لە زۆربەی كارەكانماندا، چ لە تیپی پێشڕەو چ لەشانۆی زانكۆو هەتا هەنووكەش لە بەرهەمەكانی شانۆی سالاردا بوونی پرشنگداری هەبووە. لەگشت بوارەكاندا، دراماو رادیۆو، سینەماو تەلەفزیۆن و شانۆو، لەهەر كارێكیشدا بەجوانترین شێواز، هەقی تەواوەتی بەكەسایەتییەكانی داوە، كەس هەیە، نكووڵی لە نواندنی كەسایەتی(فایەق) لە زنجیرە درامای(ئارەزوو)دا بكات، یان لەهەر نواندنێ كە نواندبێتی...؟ بەڵام «درێغ كوا قەدرزانی»!؟ لایەنێكی دیكەی: ئەم هونەرمەندە، لایەنی قەڵەمداریەتی و، لەوەش گرنگتر، ئەو بابەت و بوارانەیە كە تیایدا دەنووسێ.
یەكێ لەو ڕووە گەشانەی نووسینەكانی، بواری ئەرشیف و مێژووی شانۆی كوردە، كە بەرهەمەكانی بایەخێكی بەرزیان لەئاستی لێكۆڵینەوە زانستیەكاندا هەیەو زۆربەیان بوونەتە چاوگی باوەڕپێكراوی چەندین ماستەرنامەو دكتۆرانامە.
جگە لەوە چەندین شانۆیی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، بەهەمان شێوەی توێژینەوە شانۆیی و هونەرییەكانی.
بوارێكی تری دەستڕەنگینی ئەم هونەرمەندە توانا بۆشناغە، رۆژنامەوانییەو، بەتایبەت، رۆژنامەوانی هونەرو ساڵەهایەكیش سەرنووسەری گۆڤارە تاقانەكەی هونەرەجوانەكان(شاكار)ی هونەرمەندان بووە. هەر لەبواری رۆژنامەگەریدا خاوەنی ستایلی تایبەتی بووە، ئەوەش پتر لە چیرۆكە رۆژنامەییەكانیدا دەردەكەوێ و گەواهی راستگۆیانەی بۆ دەدەن.
بەخۆیی و زەردەخەنەكانییەوە دەچێتە
ناو دڵی من و ویژدانی جیهانەوە
«جەبار جەمال غەریب»ی رۆماننووس و چیرۆكنووس بەم شێوەیە دەربارەی یاسین بەرزنجی هاتە ئاخافتن:
یاسین قادر بەرزنجی: بەڕاستی ئەو ناوە بۆ ئەو پیاوە شیرینەی من دەیناسم زۆر قورسە. من ئەوم لەگەڵ تەلەفزیۆن ناسی، ئەوم بە ناوی (بەخە) بەختیارەوە ناسی. بەخۆیی و رۆحێكی غەریب و دەموچاوێكی منداڵانە و پێكەنینێكی ئەوپەڕی سادەوە. هەر لە سەرەتایەوە ئەو پێكەنینە سادە و بێباك و دڵسافەی هێزێكی گەورەی دامێ بەرگەی دیوە راستەقینەكەی ژیانی پێبگرم كە سیخناخ بوو بە فێڵ و درۆ و ریا. بەراستی ئەو پێكەنینە لەسەر نەخشەی تەمەنی من و نەخشەی ژیان جێگای خۆی كردەوە. ئەو پێكەنینەی كاك یاسین قوڵترین گریان بوو تا ئەو كاتە بەرەو رووی دنیای پڕ كارەساتی مرۆڤی كورد كرابێتەوە. ئەوەی جێگای دڵخۆشییە ئەو پێكەنینە تەوساویەی تائێستا رووخساری كاكی بەرزنجی جێنەهێشتووە. تا ئەمڕۆ ئەو پیاوە شیرینە بەخۆو زەردەخەنەكانییەوە دەچێتە ناو دڵی من و ویژدانی جیهانەوە.
هەمیشە خاكەڕاوسادەیەو لەگەڵ
گەورەو بچووكدا هاوەڵانە مامەڵە دەكات هونەرمەندی شانۆكار ئەرسەلان دەروێش كە یەكێكە لە هاوڕێكانی هونەرمەند یاسین قادر بەرزنجی دەڵێ:لەبەرئەوەی ئەم دەرفەتە جێی ئەوەی تیانابێتەوە باس لەبەخششەبەهادارو فرەلایەنەكانی هاوڕێ و برای خۆشەویستم كاك (یاسین قادر بەرزنجی) هونەرمەند و نووسەرو رۆژنامەنووسی تیادابكەم، كە لەماوەی چوار دەیەی تەمەنیدا شارەزایەكی پڕلە بەرەكەتی رەنج وتەقەلای ماندوونەناسانەی تیا كۆكردۆتەوە،بەگرنگی دەزانم باس لە دووخەسڵەتی جوان و بەرزی ئەم مرۆڤە هونەرمەندە بكەم كە مخابن ئێستا لەناوەندە هونەرییەكەماندا زۆر كەم بوونەتەوە،ئەو دووخەسڵەتە جوانەش بریتین لە (خاكەڕایی) و (ئەمەكداریی).
كاك (یاسین) وێڕای ئەوەی كوڕی خانەوادەیەكی ناسراوو نیشتمانپەروەرە و تەمەن وئەزموونێكی هونەریی پڕبایەخ و شایستەی هەیەو پیاوێكی ئەكادیمی وفرەبەهرەی ئەدەبی وهونەرییە،بەڵام لەسەرەتای یەكتر ناسینمانەوەوبەدرێژایی ئەم(سی) ساڵی رابردووە ئەوئاكارە گەورەیەم تیاون نەكردووە كە هەمیشە خاكەڕاوسادەیەولەگەڵ گەورەو بچوكدا هاوەڵانە مامەڵەدەكات و هەرگیز درێخی نەكردووە لەبەخشینی زانیارییەك یاخود توانایەكی خۆی كەبەبێ بەرانبەر پێشەكەشی بەوانی دی بكات. هەروەها ئەوەی لەنزیكەوە ئاشنای ئەم مرۆڤە بێت ئاستێكی درەوشاوەی ئەمكداریی ودڵسۆزی تیابەدی دەكات. كاك(یاسین بەرزنجی)نەك بەتەنها لەگەڵ ئەندامانی خانەوادەو كەسوكاروهاوڕێ نزیكەكانیدا ئەمەكدارە، بەڵكو ئەمەكدارییەكەی سەبارەت بە پێشەنگەكانی هونەرو رۆشنبیریی كوردی و رۆژگارە دێرینەكانی ئەم ناوەندەش هەیە، بە روونی ئەم ئەمكدارییە لەنێو نووسین وكتێبەكانیدا بەدیاركەوتووە. دیارە ئەم چەند دێرە ناتوانن لەئاست كەسێتی هەڵكەوتووی ئەم هونەرمەندە بەتواناو بەهرەمەمەندە بێت، بەڵام بۆیە ئەودووخەسڵەتەم هەڵبژارد كە قسەیان لەسەربكەم چونكە خەسڵەتی پیاوی گەورەن كاكە( یاسین بەرزنجی)ش پیاوێكی گەورەیە.
بڕوام نییە رق و کینە هەرگیز
لە دڵیدا جێگای بێتەوە
هونەرمەند عەدنان كەریم كە یەكێكە لە دۆست و هاوڕێ نزیكەكانی یاسین بەرزنجی تەنانەت لە دانانی ناوی ئەلبوومەكانیشی راوێژی پێدەكات بەر لەوەی ناویان بۆ دانێت، دەربارەی یاسین بەرزنجی دەڵێت:
یاسین بەرزنجی یەکێکە لە هاوڕێ خۆشەویستەکانم مرۆڤێکی دڵپاک و مرۆڤدۆستە، بڕوام نییە ڕق و کینە هەرگیز لە دڵیدا جێگای بێتەوە، بەر لەهونەرمەندییەکەی مرۆڤێکی جوان و سەر ڕاستە . خوێندەوار و زمانێکی جوانی کوردی هەیە لە نووسیندا. ئەکتەرێکی شایستەیە بە هونەری کوردی جوان دەتوانێ بچێتە ناو چەندین و جۆرەها کەسایەتییەوە، هیوای سەرکەوتن و لەش ساغی بۆ دەخوازم.
تەنیا بەئەكتەر و نواندنكار ناخوێنرێتەوە، ئەوەندەی وەك ڕۆشنبیرێكی ئەو بوارە تەماشا دەكرێت
نووسەر و رۆژنامەنووس وشیار ئەحمەد ئەسوەد بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خۆی خستە روو:
بۆ من ئاسان نییە قسە لەسەر هونەرەكەی یاسین بەرزنجی وەك شانۆكار یان نواندنكارێك بكەم، لانیكەم پسپۆڕی ئەو بوارە نیم، بەڵام بەهۆی سەروكارم لەناو كاری ڕۆژنامەوانیی هونەریدا، هاوكات لەڕووی تەمەنیشەوە دەكەومە بەر نەوەی مامۆستا بەرزنجی، بۆیە ڕەنگە لە نەوەی ئێستا پتر بەداهێنانەكانی ئاشنا بم. من زۆر جار لە كۆڕی ڕۆشنبیراندا دوو نموونەم لە داهێنانەكانی یەكەمین كاری هونەرمەنداندا هێناوەتەوە، یەكیان (كاروان عوسمان)ی گۆرانیبێژ بوو كە ناتوانین جگە لە یەكەمین بەرهەمی هەڵسەنگاندنی تری بۆ بكەین لەبەرئەوەی زوو جێی هێشتین، بەڵام توانی بەبەرهەمێك خۆی بەتەواوی هەوادارانی هونەرەكەی بناسێنێ. ئەوی تریان مامۆستا (یاسین قادر بەرزنجی)یە كە دەكرێ وەك نموونەیەكی باڵا لە داهێنانە بەراییەكانی لە هونەرەكەیدا وەریبگرین، چونكە پێشتریش گوتوومە، ئەو لە بەرهەمی «مۆڵەت»دا بەكارەكتەری «بەخە شێت» خۆی پێ ناساندین و بەداهێنانەكەی ئاشنای كردین، بەڵام ئەگەر سەرنجتان دابێ، ویستەكانی ئەو بۆ پێشڤەچوون ئەوەندە ڕژد بووە، لە تەواوی بەرهەمەكانی دواتریدا بەهەمان گەشاوەیی خۆی پێشان دەداینەوە. من دەڵێم جوانییەكانی ئەو هونەرمەندە لە پراكتیزەكردندا، پتر بۆ باكگراوندە ڕۆشنبیرییەكەی لەو بوارەدا دەگەڕێتەوە، ئەو چونكە خۆی نووسەرە، بۆیە ئاسان هاوشانی هەر كارەكتەرێكی ئاسایی ناوەستێ، یان چووبێتە ناخی هەر ڕۆڵێكەوە، توانیویەتی بەرجەستەبوونێك دروست بكات شیاو بەمێژووە هونەرییەكەی خۆی بێ. بۆیە بەلای منەوە مامۆستا بەرزنجی تەنیا بەئەكتەر و نواندنكار ناخوێنرێتەوە، ئەوەندەی وەك ڕۆشنبیرێكی ئەو بوارە تەماشا دەكرێت.
رۆڵی پردێك دەبینێت لە نێوان دوو نەوە
شانۆكاری لاو كارۆخ ئیبراهیم حەكیم دیدو بۆچوونی تایبەتی خۆی لە بارەی هونەرمەند یاسین بەرزنجی و لەم بارەیەوە دەڵێت:
یاسین قادر بەرزنجی لە كوردستان ناوێكی دیار و پڕ لە جموجۆڵی نێو رەوتی هونەری بە گشتی بواری دراما و شانۆ بەتایبەتی، جگە لەوەی هەوڵی تەواوی داوە بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوپیشەكانی خۆی لە سەردەم و قۆناغی خۆی كار بكات لەگەڵ ئەوەش خاڵی بەردەوام و گونجان لەگەڵ نەوەی دوای خۆی دروست بكات، كەواتە خۆی رۆڵی پردێك دەبینێت لە نێوان دوو نەوەو سەردەمی جیا ئەویش بە كار كردن و هەوڵی بەردەوامی، جیا لەوەش هەمیشە قەڵەم و بەرهەمی عەقڵی خۆی كردۆتە فاكتەرێكی گرنگ لە نووسین و بابەتی شانۆیی و پرسی شانۆیی لە بڵاوكراوەكان، یاسین قادر بەرزنجی بە مانای رۆڵی بەرچاو و بەردەوامی لە گەیاندن و هزر و بیركردنەوەو پەیامی راستەقینەی خۆی دێت، تەمەن درێژی و سەرفرازی بۆ دەخوازم.
لە كۆتاییشدا گوڵستان سەعید (لێپرسراوی بەشی منداڵان لە كتێبخانەی گشتیی سلێمانی) دەربارەی یاسین بەرزنجی دەڵێ: لە ماوەی كاركردنم لە كتێبخانە، لە سەرەتای ساڵی 1989 تا ئێستا، ئەوەی لای من نەخشێنراوەو لەیادەوەری مندا هەردەم دەمێنێ، دڵسۆزی و خەمخۆریی كاك یاسین بووە بۆ كتێبخانە لە دابینكردنی كتێب و سەرچاوە لای ئەم دەزگا و ئەو نووسەرە، ئەو كتێبخانەو ئەو دۆستی كتێب و، مشورخواردنی بوو بۆ دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەی گشتیی سلێمانی و پاراستنی كتێبخانەكە بوو لەدەستی ئەنفالی بەعس كەپاش كۆتایی پرۆسەی ئەنفالی دێهات و گوندنشینەكان، بەعس كەوتە ئەنفالی كەلتور و رۆشنبیری كوردی و هەرشتێك لەسەر مێژوو جوگرافیاو مێژووی كورد نووسرابوایە ئەنفال دەكرا، كاك یاسین یەكێك بوو لەدڵسۆزانی كتێبخانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پرۆسەیەو پاراستنی سامانی كەلتوری و مێژوویی كورد و پاراستنی كتێبخانەكە بەشێك بوو لە ئەركەكانی، جگە لەم دڵسۆزییەی، كاك یاسین لەخۆبردووانەو ماندوونەناسانە فەردە كتێبی ئەدا بەكۆڵدا و لەهەر جێیەكەوە بووایە دەیهێنایەوە بۆ ماڵە رەنگینەكەی كتێبخانە، لە ناوەڕاستی نەوەدەكاندا كاك یاسین یەكەم داهێنانی لە كتێبخانەی گشتییدا كرد كە بریتی بوو لە تێكەڵكردنی هۆڵەكانی خوێندنەوەی كچان و كوڕان،ئێستاش وەك شارەزاو كەسێكی خاوەن ئەزموون، داهێنانێكی نوێی تری لە كتێبخانەی كوردیدا، هەوڵدان و ماندووبوونی ئەم بەڕێزەیە لەبواری رۆژنامەوانیی تایبەتمەندی كتێبخانەدا كە كورد لەم ڕووەوە گەلێك هەژارە، ئەویش دەركردنی بڵاوكراوەی»ئاسۆی كتێبخانە»یەو بەچاپگەیاندنی چەندان كتێب لەبواری زانستی كتێبخانەو زانیارییەكاندا، ئەمانە بێجگە لەمشورخواردنی كتێبخانەكەو چارەسەری گرفتەكانی لەرابردوو و ئێستادا.
Top