هۆزان: لەبەر ئەوەی پاسپۆرتەكەم جۆری ئێسە، زۆر كارم لە دەستچووە

هۆزان: لەبەر ئەوەی پاسپۆرتەكەم جۆری ئێسە،  زۆر كارم لە دەستچووە
هۆزان دەروێش لە ساڵی 1982 لە شاری كۆبانی رۆژئاوای كوردستان لە دایكبووەو هەر لە تەمەنی 9 ساڵییەوە چۆتە ناو بواری هونەری و سەرەتا بە سروودی سیاسی دەستیپێكرد، دواتریش بەردەوام بوو و ئێستا خاوەنی 5 ئەلبوومی گۆرانی و چەندین ڤیدیۆ كلیپە.
لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان كە بە درێژیی لە ژمارەكانی داهاتوودا بڵاودەكرێتەوە، باس لە هۆكارەكانی ئەنجام نەدانی كۆنسێرت لە دەرەوەی وڵات دەكات و دەڵێت: من ساڵانە چەندینجار لە دەرەوەی كوردستان بانگهێشت دەكرێم بۆ سازدانی ئاهەنگ و كۆنسێرت بەتایبەتی لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز بۆ ئەوەی لەگەڵ كوردانی دەرەوەی وڵات ئاهەنگ بگێڕم، بەڵام لەبەر ئەوەی كێشەی پاسپۆرتم هەیە، ناتوانم سەفەر بكەم، هۆزان هەروەها دەڵێ: پاسپۆرتەكەم لە جۆری ئێسە ئەم جۆرەش ئێستا لە زۆربەی وڵاتان كاری پێناكرێت، بۆیە نەمتوانیوە سەفەر بكەم و بە بینینی جەماوەرەكەم شاد بم، لێرەوە لە ڕێگای گۆڤاری گوڵانەوە داوا لە فەرمانگەی پاسپۆرت و لایەنی پێوەندار دەكەم كە چارەسەری ئەم گرفتەی من بكەن و لەم مافەم بێبەش نەكەن، من چەندین جار سەردانم كردون بەڵام لەبەر ئەوەی لەسەر ناسنامەكەم نووسراوە (لەدایكبووی سوریا)یە پێم دەڵێن ناكرێت تۆ جارێكی دیكە داوای پاسپۆرت بكەیت هیوادارم چارەسەرێكی ئەم گرفتەم بكەن.
Top