دەنگە نەبینراوەكانی فەرزین كەریم!

دەنگە نەبینراوەكانی فەرزین كەریم!
كورتە فیلمی دەنگە نەبینراوەكان((UNSEEN VOICE لە سیناریۆ و دەرهێنانی نووسەر و سینەماكار فەرزین كەریم و، نواندنی هەر یەك لە هونەرمەندان رۆژان حەمە جەزا و سەربەست گەرمیانی و، بەرهەمهێنانی خودی دەرهێنەر، بریارە لە كاتژمێر 4ی رۆژی 4-11-2011 بە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بەشداری لە بەشی پێشبڕكێی نۆزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەلتەرناتیڤ لە وڵاتی رۆمانیا بكات كە بڕیارە لە دوو تا شەشی مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و، ئەگەری زۆریش هەیە دەرهێنەری فیلمەكەش بەشداری رێورەسمی فیستیڤاڵەكە بكات.
هەروەها بڕیارە دیسان بە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە خولی ئەمساڵی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی پارامۆنتی تەكساس لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشدار بێت.
شایانی باسە ئەم فیلمە ماوەكەی چواردە خولەك و نیوەو، لە كۆتاییەكانی پارساڵ لە گوندەكانی بلێ و سەفتێ و دەلاش وێنەی گیراوە. لە نیوەی ئەمساڵیشدا قۆناغەكانی مۆنتاژ و دەنگدانانی تەواو بووە.
لەم چەند حەفتەی دواییشدا؛ ئەركی بڵاو كردنەوەی لە سەر ئاستی جیهاندا لە لایەن كۆمپانیای ستاك فیلمی سنە لە وڵاتی ئێران ئەنجام دەدرێت. تا ئێستاش توانیویەتی بەشداری لە بۆنە سینەماییەكانی دەرەوە هەرێمی كوردستان بكات، لە وانەش لە رێورەسمی رۆژانی نمایشی كورتە فیلمی دیاربەكر لە وڵاتی توركیادا، ئەم فیلمە بە هۆی ستایل و فۆرمی جیاوازییەوە تاكە كورتە فیلم بوو كە كۆڕی رەخنە و هەڵسەنگاندی بە ئامادە بوونی دەرهێنەری فیلمەكە بۆ داندرا.
شایانی باسە وێڕای نمایشی ئەم فیلمە لە دەرەوە، بەڵأم بە داخەوە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا نمایش نەكراوە و نە دەنگ و نە ڕەنگی نابینرێت!.
Top