خەلیل خەمگین بۆگوڵان: بەرهەمهێنانی گۆرانییەكی رەسەن ئەوەندەش ئاسان نییە

خەلیل خەمگین بۆگوڵان: بەرهەمهێنانی گۆرانییەكی رەسەن ئەوەندەش ئاسان نییە
هونەرمەند خەلیل خەمیگین، كە ساڵانێكی دوورودرێژە خزمەتی هونەری رەسەن ودۆزی گەلەكەی دەكات بۆ ماوەی 25ساڵە لە وڵاتی غوربەتدا ژیان بەسەر دەبات، ئەمەش وایكردووە ناوبراو لەهونەری رەسەن و خزمەتكردنی هونەری كورد دانەبڕێت، خەلیل خەمگین جیا لەكۆما بەرخودان 5بەرهەمی هەیە، ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كەوا لە ئێستادا دروستكردنی گۆرانییەكی رەسەنی كورد بەربەستی دێتە بەردەم، بۆ زیاتر ئاشنابوون بە كارە هونەریەكانی وچەند پرسێكی دیكە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

ئا:هەژار زەنگەنە


*زۆریك لە هونەرمەندە گەورەكانی كورد پشتگوێ خراون، هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
-نە تەنیا زۆر گۆرانیبێژی گەورەو گرنگی كوردی پشتگوی خراون، بەڵكو لە ئێستادا دروست كردن وبەرهەمهێنانی گۆرانییەكی رەسەنی كوردی زۆر كێشەو ئاستەنگی دێتە بەردەم. چونكە بزاڤی رۆشنبیری كوردی هۆی نەبوونی دەزگایەكی جددی بۆكاركردن لەپێناو ژیاندنەوە و بەرز كردنەوەی بەهای نەتەوەیی لاوازی پێوەدیارە، ئەمەش وایكردووە نەتەنیا هونەرمەندە مەزنەكانی كورد گرنگیان پێنەدرێ، بەڵكو هونەری رەسەنی كوردیش بەرەوكزی بچێت.
* بەڕێزت هاوكاری گەلێك لە هونەرمەندانت كردووە، ئەوان لە بەرامبەردا هەستیان چۆن بووە؟
- بەڵێ هاوكاری گەلێكیانم كردووە، لە نێو ئەوانەدا مرۆڤی زۆر باش و بە ئەمەك و وەفایان تێدا بووە، لەهەمان كاتیشدا كەسانی هەلپەرست و بەرژەوەندی خوازییشیان هەبووە.
*هەندێك هونەرمەند هەن دەڵێن هونەر نابێت بۆ سیاسەت بەكاربهێنرێت؟
-ئەو بیركردنەوەیە بیركردنەوەیەكی كۆنە، هونەرمەندان كە وا دەڵێن خۆیان هەڵخەڵەتێنن، چونكە ئەگەر هونەرمەندێك بەراستی هونەرمەند بێت و لە خزمەتی دۆزی گەل و كۆمەلگەو نەتەوەیی خۆی بێت، نابێت ئیزنی ئەو بیركردنەوەیە بەخۆی بدات، لەبەرئەوەی كوردستان چواربەشەو نزیكەی 50ملیۆن گەلی كورد ژێردەستە،
*دوای كردنەوەی كەنالیtrt6هەندێ كەناڵی دیكەش كرانەوە لەتوركیا، ئەمە چۆن دەبینیت؟
-چ دەزگایەك بۆ ئازادیی وخزمەتكردنی دۆزی گەلی كورد بێتە ئاواكردن پیرۆزە، بەڵام پێویستە ئیمە ئەوەندە دڵ ساف وبێ خەم نەبین، حكومەتی توركیا تەنیا بەمەبەستی بەرژەوەندی سیاسی خۆی كەناڵی (TRT6) كردەوە،چونكە بە ئاشكرا لە پرۆگرامەكاندا هەست پێدەكرێ، هەر كام بە شێوازێك نیازیانە خەباتی گەلی كورد بە لاڕێدا بەرن، یەكێك لە رێگای هەستی ئاینییەوە، یەكێك بە رێگایەكی دیكەوە، بەڵام پێویستە ئەو راستییە بڵێم هەر كەنالأ ورۆژنامەو گۆڤارێك لەخزمەتی نەتەوەیی كوردی دا بێت، ئەوە پیرۆزە. تەنانەت ئەو كەناڵە ئەگەر نەیارەكەشت كردبیتیەوە.
*ئایا حكومەتی توركیا لەروویی هونەرەوە كاریگەری لەسەر پارچەكانی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین هەبووە؟
- بەڵێ، لەو بڕوایەدام ئەمڕۆ شێوازی پێشكەوتنی هونەری كوردی، تەنانەت نەك تەنیا لە بەشەكانی كوردستان، كاریگەری عوسمانییەكانی پێوەدیارە، بەڵكو دەیانەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوین دووبارە سیناریۆی عوسمانییەكان زیندوو بكەنەوە..
*رات چوونە لەسەر كلیپەكانی ئێستا؟
-بەبڕوای من ئەو شتانەی بەناوی كلیپ لە تیڤییەكانی ئێمەدا پەخش دەكرێت، دەتوانم بە راشكاوی بڵێم زۆریان ناكرێ پێیان بڵێم كلیپ. خۆم كلیپم كەمە، هیوادارم رۆژێك لە رۆژان دەرفەتم هەبێ، بۆئەوەی بتوانم چەند كلیپێكی وەكو كلیپ دروست بكەم
* بە بۆچوونی بەڕێزتان، كەناڵە كوردییەكان جیاوازی لەنێوان هونەرمەندان ناكەن؟
- بەڵێ، جیاوازی هەیە لەنێوان هونەرمەندان لەلایەن كەناڵە كوردییەكانەوە، بەڵام بە بڕوای من، هێزی هونەر وهونەرمەندی رەسەن، لە هەر كەناڵ و دەزگایەك گرنگترە، چونكە ئەگەر هونەر بۆ رەسەنایەتی گەل بێت، هەروەها هونەری گەل بۆ گەل بێت، هیچ هێزێك ناتوانێت ئەو هونەرە لاواز بكات.

Top