كاروان رزگار دوای (5) ساڵ بێده‌نگی گۆرانییه‌كی تازه‌ تۆمار و كلیپ ده‌كات

كاروان رزگار دوای (5) ساڵ بێده‌نگی گۆرانییه‌كی تازه‌ تۆمار و كلیپ ده‌كات
گۆرانیبێژ (كاروان رزگار) دوای نزیكه‌ی (5) ساڵ له‌ نه‌بوونی به‌رهه‌می تازىی گۆرانی له‌ ئێستادا گۆرانییه‌كی تازه‌ی تۆمار كردووه‌

له‌ لێدوانێكی دا گۆرانیبێژ (كاروان رزگار) گوتی : له‌وه‌ته‌ی سه‌فه‌ری هه‌نده‌رانم ئه‌نجامداوه‌، له‌ ساڵی (2006)ـه‌وه‌ به‌رهه‌می تازه‌ی گۆرانییم نه‌بووه‌، هۆكاره‌كه‌شی ته‌نیا ئه‌نجامدانی ئه‌و سه‌فه‌ره‌و گیرسانه‌وه‌م بووه‌ له‌ وڵاتی سوید.

گوتیشی : له‌ ئێستادا گۆرانییه‌كی تازه‌م ئاماده‌ كردووه‌ له‌ ژێر ناوی (له‌سه‌ر تۆ بوو له‌ به‌ر تۆ بوو) تێكستی ئه‌م گۆرانییه‌ له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ند (زیاد ئه‌سعه‌د)ـه‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌ سوپاسی ده‌كه‌م، ئاوازی گۆرانییه‌كه‌ش له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند (عارف شه‌كوری) ئاماده‌كراوه‌، به‌ شێوازێكی زۆر تازه‌ كاری تۆماركردنی له‌وڵاتی سوید به‌ ئه‌نجامم گه‌یاندووه‌.

(كاروان) له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌ی دا ئاماژه‌ی بۆ كلیپ كردنی ئه‌و گۆرانییه‌ تازه‌یه‌ی كرد و گوتی : ئه‌و گۆرانییه‌ تازه‌یه‌ ئێستاكه‌ كاری تۆمار كردن و ماسترینگی ته‌واو بووه‌، له‌ ئێستادا خه‌ریكی ئاماده‌كارییم كاری كلیپی بۆ به‌ ئه‌نجام بگه‌ینم، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك كه‌ له‌بواری كلیپسازی كار ده‌كه‌ن گفتوگۆم كردووه‌، به‌نیازم له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا كاری كلیپ كردنی به‌ ئه‌نجام بگه‌ینم.

ئه‌و گۆرانیبێژه‌ كه‌ ئێستاكه‌ له‌وڵاتی سوید ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و لێدوانه‌ی دا ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ش كرد : له‌ ئێستادا كاری هونه‌ری له‌ هه‌نده‌ران به‌ شێوه‌یه‌كی زه‌حمه‌ت دێته‌ به‌رهه‌م، چونكه‌ زۆربه‌ی هونه‌رمه‌نده‌كان گه‌رِاونه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان، ستۆدیۆ كورده‌كان ژماره‌یان زۆر كه‌م بۆته‌وه‌، جگه‌ له‌وانه‌ش كۆكردنه‌وه‌ی موزیكژه‌ن بۆ تۆمار كردنی گۆرانییه‌ك، بووه‌ به‌ كارێكی زه‌حمه‌ت و به‌ شێوه‌یه‌كی باش كاره‌كان بۆ گۆرانیبێژێك ناێته‌ بوون، بۆیه‌ منیش له‌ ئێستادا كه‌ ژیان له‌ هه‌نده‌ران به‌سه‌ر ده‌به‌م ناتوانم كار بۆ ئه‌لبومێكی گۆرانی بكه‌م، ته‌نیا ویستم دوای ئه‌و دابرِانه‌ كاری تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییه‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌ینم.
Top