فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لە سنە نمایش دەكرێت
بەپێی راگەیاندنی گشتی فیلمی "سرتە لەگەڵ با"، فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" Whisper With the Wind لە دەرهێنانی سینەماكاری سنەیی شەهرام عەلیدی كە بەرهەمی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە رۆژانی پێنجشەمە و هەینی 29 و 30ی ئەیلوول / سەپتەمبەری 2011 لە دوو چانسی كاتژمێر 5 و 7ی ئێوارە، لە هۆڵی فەروەردین لە كۆمەڵگەی فەرهەنگی و هونەری فەجری شاری سنە نمایش دەكرێت.
فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" بە ئامادەبوونی شەهرام عەلیدی و لە لایەن دایرەی گشتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای كوردستان و بە هاوكاری ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی ئێران نووسینگەی سنە دەچێتە سەر پەردەی سینەما.
فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لە یەكەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا سێ خەڵاتی سەرەكی لە بەشی پێشبڕكێی بەشی هەفتەی رەخنەگرانی شەست و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی كانی 2009 لە وڵاتی فەرەنسا بەدەستهێنا و لە درێژەدا بە بەشداری لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری فیلم لە سەرتاسەری جیهان، كۆمەڵێك خەڵاتی گرینگی بۆ هەرێمی كوردستان بەدەستهێنا.
فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لە دوایین نمایشی خۆیدا بە هاوكاری ئەنجوومەنی زانستی سینەمای زانكۆی تاران، رۆژی سێشەمە 31ی ئایار/ مەی 2011 لە هۆڵی ئاوینی لە پەردیسی كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی تاران نمایشكرا.