هەڵبەست سەڵاح: بەهۆی نەبوونی ستۆدیۆی پرۆفیشناڵەوە زۆربەی كاری هونەرمەندان بوونەتە قوربانی
دیمانە/ڤینۆس كوردی
*گۆرانیبێژان دەڵێن مافمان دەخورێ، بۆچی كەس باس لە میوزیك ژەنان ناكات؟
- بە داخەوە میوزیك لە وڵاتی ئێمە، هەم لای هونەردۆستان و خەڵكیش بایەخی ئەوتۆی پێ نەدراوە ژەنان، بەراستی میوزیك پێوەندییەكی راستەوخۆی لەگەڵ ژیانی مرۆڤ هەیە، میوزیك ژەنانیش لەو بوارەدا كاری جددیان نەكردووە، بەڵام هەوڵی تاك تاكە هەبووە، شتی زۆریش پێشكەش كراوە لە گشت شارەكانی دیكەی كوردستان، بەڵام بە داخەوە تاوەكو ئێستا میوزیك نەبووەتە بەشێكی گرنگ لە هونەردا بۆیە هیوادارین لە داهاتوودا هەم میوزیك ژەنان خۆیان هەم لەرێگای سەندیكای رۆژنامەنووسان و وەزارەتی رۆشنبیری بایەخێكی تایبەت بە بواری میوزیك بدرێ.
*زۆر لە میوزیك ژەنان روویان لە گۆرانی گوتن كردووە، تۆش بیرت لەو رێگەیە نەكردوەتەوە؟
-لە راستیدا هەر وەك دەبینین ئەمە بووەتە نەریتێك، بەڵام بە پسپوری لە بوارەكەی خۆم دەتوانم سەركەوتنێكی باش بەدەست بێنم و مەرج نییە ئەوەی كاری میوزیكی كرد ببێتە گۆرانیبێژیش، زۆرێك لەو هونەرمەندانەی كە ئێستا لە مەیدان دان، پێشتر میوزیك ژەن بون زۆریش باش بوون، بەڵام لە گۆرانیدا ئەو سەركەوتنەیان بەدەست نەهێنا بەبڕوای من تەنها ئەو لایەنە دەگرێتەوە كە ئەو میوزیك ژەنە حەزی لەوەبێ كە زیاتر دەركەوێ لە رێگەی گۆرانی وتنەوە، من بۆخۆم زۆر ئاواتم بووە زۆربەی هونەرمەندان كاری ئامادە كردن و میوزیكم بۆیان كردووە لەرووی دەنگیشەوە رەنگە بتوانم بڵێم سەركەوتنیش بە دەست بێنم من وەك میوزیك ژەن میوزیكم زۆر خۆش دەوێ گۆرانیش بەشێكە لە میوزیك، بەڵام پێموایە بە میوزیك زیاتر دەتوانم خزمەتی كارە هونەرییەكان بكەم ئەگەر هەموو میوزیك ژەنان گۆرانی بڵێن ئەی كێ میوزیك بۆ گۆرانیبێژان بژەنن، بۆیە هیوادارم ئەوانەی میوزیك ژەنن و باشن دەتوانن كارەكانیان بەباشی دیاركەوێ گرنگ نییە كە بێتە ناو بواری گۆرانی وتنەوە.
*وەكو میوزیك ژەنێك رات چییە بەرامبەر بەو هونەرمەندانەی دەچن لە توركیا میوزیك تۆمار دەكەن؟
-رەنگە ئەوە دوو را هەبێ، ئێمە ناتوانین بە شێوەیەكی رەها وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە و بڵێین هەموو ئەو گۆرانیبێژانەی لە توركیا یان لە دەرەوەی وڵات كاری هونەری دەكەن كاری خراپە یان نەشیاوە، رەنگە بەشێك لەو هونەرمەندانە بۆ ئەو هۆكارەی بگەڕێننەوە كە تا ئێستا بەداخەوە كوالیتی زۆر باش، ستۆدیۆیەكی پرۆفیشناڵیمان نییە، زۆربەی كاری گۆرانی بێژانیش لێرە بووەتە قوربانی ئەو هۆكارە، بەراستی ئەمەش كە ئەركی وەزارەتی رۆشەنبیری و سەندیكای هونەرمەندان و حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە زۆر بەداخەوە بە بایەخەوە ناڕواننە ئەو كارە، ئەگینا زۆر بەشێوەیەكی سادەو ساكار لەو ساڵانەی دوایی دەتوانرا ستۆدیۆییەكی پرۆفیشنال لە وڵاتی ئێمەشدا بكرێتەوە چونكە زۆربەی هونەرمەندانی هاوڕێم و گۆرانیبێژان به هۆكاری سەرەكی پێشڤەنەچوونی دادەنێن، ئەگینا وەك كاری میوزیكژەن بەراستی میوزیك ژەنی زۆر سەركەوتوومان هەیە و ئەو كارانەی كە لە وڵاتانی دەرەوە كراون ئێمە دەتوانین وەك ئەوان زۆر بە جوانی بیكەین بۆ نموونە من لەگەڵ هونەرمەندی ناسراو و بەناوبانگی ئێرانی موعین ئەسفەهانی وەكو میوزیك ژەن كارم كرد و تووشی سەر سوڕمان بوو و چاوەڕێی نەدەكرد كە میوزیك ژەن هەبێ بتوانێ كارەكانی ئەو بەو شێوە جوانە پێشكەش بكات ئەوەش بووە مایەی خۆشحاڵی من و میوزیك ژەنانی تریش، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەمە هۆكاری سەرەكی ئەم باسەیە.
*هەڵبەست چ كاریگەریەكی هەبوو لەسەر دەركەوتنی هەردی؟
- ئێمە هەموومان لە ماڵەوە چ من چ هەردی چ هەرێم و هێمن هەموومان كاریگەری باوكی ئازیزم لەسەرمان هەبووە كە هەمیشە كەشێكی وای لە ماڵەوە دروستكردووە كە بەرەو جیهانی هونەر پاڵمان پێوەنێ، بۆیە لەناخەوە هەستمان بە هونەر كردووە، من لە هەموو براو خوشكەكانم گەورەترم هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە شەیداو خولیای میوزیك بووم وهەر لە قۆناغی ناوەندیەوە چوومە ناو ئەو بوارەوە، پاشان لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان وەرگیرام هەر پێنج ساڵەكە بە پلەی یەكەم دەرچووم پاشانیش لە هەمان پەیمانگا بوومە مامۆستا، دواتریش كۆلێژی هونەرە جوانەكانم لە بەشی میوزیك، تەواو كرد بێگومان هەم من و هەم هەردی و براكانی تریشم كاریگەریمان لەسەر یەكتر هەبووە بەراستی من زۆر شت لە هەردییەوە فێر بووم ئەویش لە منەوە فێر بوو و هاوكاری یەكتر بووین.